ئەو كەسەی یەكەم چاپخانەی هێنایە كەركوك و كتێبی كوردی چاپ و بڵاوكردەوە

محمد ئەمین عەسری ئەو کوردەی بۆ یەكەمجار لەمێژووی شاری كەركوكدا چاپخانە و كتێبخانەیەكی كوردی دامەزراند و یەكەم کەس بوو چاپخانەی ڕەنگاو ڕەنگی هێناوەتە كوردستان.

 

كوردێك حەفتا ساڵ پێش ئێستا هێندە شەیدا بوو بۆ ڕۆشنبیریی و كتێب تا وای لێهات واز لەژیانی مامۆستایی بهێنێت و بۆ پەیداكردنی كتێب كەوتە گەڕان لەشارەكانی ئەستەمبوڵ و تاران و قاهیرە. بۆ یەكەمجار لەمێژووی شاری كەركوكدا چاپخانە و كتێبخانەیەكی كوردی دامەزراند و یەكەم یەكەم كورد بووە چاپخانەی ڕەنگاو ڕەنگی هێناوەتە كوردستان. دەیان كتێبی كوردی لەسەر ئەركی خۆی لەو چاپخانەیەدا چاپ و بڵاو كردووەتەوە. بانگەوازێكی بۆ "قەومی نەجیبی" و نوسەران و رۆشنبیرانی كورد بڵاوكردەوە و ئامادەیی خۆی دەبڕی بۆ چاپكردنی نوسین و بەرهەمەكانیان. لەولاشەوە شاعیرانی گەورەی ئەو سەردەمەی كوردی ڕاسپاردو،داستانەكانی عەشق و پاڵەوانانی دێرینی كورد و ڕۆژهەڵات بكەنە كوردی.

ئەم كەسەش  محمد ئەمین عەسری یە، روناكبیر و رۆشنبیری كورد، ئەو پیاوەی خولیای گەڕان بەدوای كتێبی كۆن كوبووە كەلـلەیەوە و دەچووە تاران، قاهیرە، ئەستەمبوڵ.. لەوێوە ژمارەیەكی زۆر كتێبی كۆنی دەكڕی و دەیهێنایەوە، بەتایبەت ئەو كتێبە توركیانەی كە بەپیتی عەرەبی نوسرابوون و لەوێ نەدەخوێنران.

كتێبەكانی چاپخانەی تەرەقی و محەمەدەمین عەسری زۆر بە فراوانی لە باشووری و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا بڵاو بوونەتەوە، زۆرترین خوێنەریان بە دەوری خۆیاندا كۆ كردووەتەوە.

لە هەولێر گیوی موكریانی بە زیندوو كردنەوەی كولتووری ئەدەبیاتی نووسراوی كورد، لە سلێمانی پیرەمێرد بە ژین و ژیان، لە كەركوك محەمەدەمین عەسری بە چاپخانەی تەرەقی و چاپەمەنییەكانی، بەردی بناغەی ڕۆشنبیری كوردیان لە باشووری كوردستان دانا.

لەسەر داوای عەسری، نوسەر و ئەدیبان دەیانكردە كوردی، چەندین كتێبی لە كەركوك ساغ كردەوە و خزمەتێكی بەرچاوی بە ڕۆشنبیری شارەكە كرد.

محمد ئەمین عەسری ، یەكێكە لەو كەسایەتیانەی گەورەترین خزمەتی بزاڤی چاپەمەنی و بڵاوكردنەوەی كوردیی لە كەركوكدا كردووە.

 

محەمەد ئەمین عەسری كێ یە؟

محەمەد ئەمین عەسری(۱۹٠٠- ١٩٧٤)، كوڕی خانەوادەیەی كوردی كەركوكە. هەندێك نوسەر و لێكۆڵەر لەبارەی ڕەچەڵەكی دەبەنەوە سەر عەشیرەتی زەنگنە. بەڵام نوسەر و لێكۆڵەر هاشم عاصی كاكەیی بۆچونێكی جیاوازتری هەیە و دەڵێ محەمەد ئەمین عەسری لە كوردانی كاكەیی یە، بۆ ئەمەش پشتی بەستوە بە ڕەەچەڵەك و تۆماری بنەماڵەیەكی كاكەیی كە ناوی عەسرییشی تیایە. بە خانەوادەی (  خوبیلەزادەی كاكەیی ) بەناوبانگن.

شەیدابوونی عەسری بۆ ڕۆشنبیریی و كتێب وای لێدەكات واز لەژیانی مامۆستایی بهێنێت و بۆ پەیداكردنی كتێب كەوتە گەڕان لەشارەكانی ئەستەمبوڵ و تاران و قاهیرە و ژمارەیەكی زۆر كتێبی كڕی و ڕەوانەی كەركوكی كردن.

لەكۆتایی سییەكانی سەدەی ڕابردوودا عەسری دووئامێری چاپی فەڕەنسی لەجۆری (مارینۆ) و (جۆن مۆنۆپۆڵ) هێنایە كەركوك كە بەدەست كاریان دەكرد.

 ئەم زاتە لە سەرەتای سییەكانی سەدەی رابردو گەنج بووەو یەكەم كەس بووە كتێبخانەو چاپخانەی (تەرەقی) لە ناو بازاڕی گەورە لە كەركوك دامەزراندوەو جۆرەها كتێبی (شیرین و فەرهاد، یوسف و زولێخا، لەیلاو مەجنون، حەیدەرنامە، میعراجنامە، روستەم و زۆراب وحكایەتی دزو قازی و مەلای مەزبورەو ئەمیر ارسلان. چاپكردووە.

ئەمین عەصری دۆستایەتی تەواوی لەگەل روناكبیرو شاعیرانی كوردا هەبووە بەتایبەتی مامۆستا جەمیلی رۆژبەیانی.

 بۆ یەكەمجار لەمێژووی كەركوكدا چاپخانە و كتێبخانەیەكی كوردی دامەزراند

بۆ یەكەمجار لەمێژووی شاری كەركوكدا چاپخانەیەكی بەردین و كتێبخانەیەكی كوردی لەساڵی 1935 دامەزراند. زۆر كتێبی دەگمەن و دانسقەی لا دەست دەكەوت كە لەسەفەرەكانیەوە دەیهێنایەوە بۆ كەركوك..

لەساڵی 1953 چاپخانەی (تەرەقی) دامەزراند، لەڕێگای ئەم چاپخانەیەوە دەیان كتێبی هەمەجۆری كوردی چاپ و بڵاوكردۆتەوە:

( ئەحمەدی، حیكایەتی دزو قازی، خورشیدو خاوەر، شیرین و فەرهاد، ڕۆستەم و زۆراب، یوسف و زولەیخا، لەیلا و مەجنون، گوڵستانی شێخی سەعدی، حیكایەتی مەلای مەشهور، شیرین و خەسرەو، ئەمیر ئەرسەلان، حیكایەتی چل تووتی، دەزگیرانی عائیشەخان، ڕۆستەم و جیهانگیر، گرنگی هەتاو، حەیدەرنامە، ئیسماعیل نامەو ناگەهان، وەفات نامەی ڕەسوڵی نازدار، میعراج نامە، فەتحی قەڵای خەیبەر،.. ).

 

ساڵی 1935 بووە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە كەلار و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێ، دوایی خولیای كتێب و ئەدەبیات دەكەوێتە سەر و واز لە مامۆستاییەكەی دەهێنێت و كتێبخانەیەك بەناوی (تەرەقی و تقدم) دەكاتەوە.

لەقاهیرەوە چاپخانەی كەركوك

ساڵی 1945 لە قاهیرەی پایتەختی میصر، پێشانگایەكی گەورە بۆ ئامێری چاپخانە دەكرێتەوە و محمد ئەمین عەسریش چوو بۆ پێشنگاكە، لەوێ چاوی دەكەوێت بەدوو ئامێری چاپی فەرەنسی لەجۆرەكانی (مارینۆ) و (جۆن مۆنۆپۆڵ) و دەچێتە دڵیەوە، دوای گەڕانەوەی لە میسر بە ماوەیەك دەچێت بۆ فەڕەنسا و ئەو ئامێرە دەكڕێت.

ساڵی 1953 لەفەڕەنساوە ئامێرێكی چاپكردنی كتێب دەكڕێ و چاپخانەی تەرەقی دادەمەزرێنێت

 

محەمەد ئەمین عەسری بانگەوازێكی بۆ گەلی كورد بڵاوكردەوە

عەسری كەسێكی دڵسۆزو خەمخۆری كورد بوو، رای وابوو گەلی كورد تەنها لەرێگەی عیلم ومەعریفەتەوە پێش دەكەوێت. بۆیە لەگەڵ چاپ وبڵاوكردنی یەكەم كتێبیدا بەناوی (ئەحمەدی) لە بەرگی پشتەوەی كتێبەكەیدا، پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە بۆ خوێنەران ورۆشنبیران ودڵسۆزانی كورد و مژدەی هێنانی دوو چاپخانەیان دەداتێ ونووسیویەتی ودەڵێ:

" بۆ قەومی نەجیبی خۆم: لە پاش زۆر زەحمەت كێشان وماندوبوون ئەمجار دوو مەتبەعەی گەورەو تازەمان جەلب كرد، بەڵام جارێ ئیجازەی چاپ كردن وەر نەگیراوە بە ئیزنی خودای تەعالا بەم زووانە لەپاش ئیجازە وەرگررتن هەموو نەوعێ كتێب ، كارت ، ئیعلانات ، رۆژنامەی دیوار، رۆژنامەی باخەڵی ، ئەشعارو گۆرانی لە چاپخانەمان چاپ ئەدرێ.

وە هەرچی تالیفاتێكی موفیدتان هەبێ حازری بكەن با هیچ نەفەوتێ هەتاكو لە پاش ئێوەش هەر بخوێندرێ وخەڵك نەفعی لێ ببینێ. ئێمە بۆچاپ لێدان وبەنرخێكی زۆر هەرزان حازرین مەقسودمان بۆ علم ومەعارف خزمەتێكمان بێ . رجامان وایە ئێوەش لەم خزمەتی علومە تەشریكی مەساعی بكەن وهەرچی تالیفاتی بەنەفع ومەقبولتان بێ زو بۆمان رەوانەی بكەن ،ئیتر مۆفەقی لە خوایە".

چاپخانەی ڕەنگاو ڕەنگی هێناوەتە كوردستان

پەنجا كتێبی لەسەر ئەركی خۆی چاپكردووە

محمد ئەمین عەسری، یەكەم كورد بووە چاپخانەی ڕەنگاو ڕەنگی هێناوەتە كوردستان، بەشێك لە كتێبەكانی (خورشیدو خاوەر، ڕۆستەم و زۆراب، ئەمیر ئەرسەلان، حیكایەتی مەلای مەشهور) كە بەرگەكانیان ڕەنگاو ڕەنگ بوو لەكۆتایی پەنجاكان بڵاوكرایەوە.

 چو بۆ ئێران و توركیا وكۆمەڵێ كتێبی هێنا وزۆربەی لە فۆلكلۆری كوردیەوە وەرگیردرابونە سەر زمانی توركی وفارسی وبەپیتی عەرەبی نووسرابوون، و هەندێكیانی دا بە (عەبدولسەلام حەیدەری ومەلا جەمیل رۆژبەیانی وعەلی باپیر ئاغا و مەلا رەوف سەلیم حەوێزی) وەریان گێڕایەوە سەر زمانی كوردی ،ئینجا چاپ وبڵاویانی كرد.

زۆر خولیای لە وەرگێڕانی چیرۆك و حیكایەت و ئەفسانە میللیەكان دەكرد و ئەمەش لەكتێبە چاپكراوەكانی چاپخانەی تەرەقی ڕەنگی داوەتەوە.

گرنگترینیان كتێبی (فەلەك ناز)ە كۆمەڵێ چیرۆك وبەسەر هاتی فۆلكلۆری كۆنی كوردەواریە و(مەلا رەوف سەلیم حەوێزی) لەفارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.

خۆشەویست بوو لەناو خەڵكیدا و زۆر ڕێزیان لێدەگرت لەهەموو شوێنێك، لەدوای ساڵی 1971 ئەو توانا و گوڕوتین و هێزەی جارانی نەمابوو بۆ ئیشكردن لەچاپكردنی كتێبەكاندا بۆیە هەردوو كوڕەكەی سەرپەرشتی چاپخانەكەیان دەكرد. وشەی "عەسری" ناوی ئەو بازاڕەیە كە كتێبخانەكەی لێ بووە.

" توركی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بەباشی دەزانی"

محمد ئەمین عەسری، جگە لە زمانی دایك (كوردی)، توركی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بەباشی دەزانی. دۆستایەتی نزیكی هەبو لەگەڵ ئەدیب و نووسەران و شاعیرانی وەك مەلا عەبدولكەریمی مودەریس، قانیع و پیرەمێردی شاعیر و حوسێن حوزنی موكریانی و مێژوونووس مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی.

لەبواری ڕۆژنامەوانیشدا، عەسری لەساڵانی چلەكانی سەدەی ڕابردوودا ماوەیەك لە ڕۆژنامەی كەركوك كاری كردووە. كە ئەم ڕۆژنامەیە لەلایەن شارەوانی كەركوكەوە بڵاوكراوەتەوە.

نوسەران و روناكبیرانی كورد چۆن باسیان كردووە؟

لەتیف هەڵمەت: "ئێمە لە رێگەی ئەو كتێبانەی مامۆستا (محمد ئەمین عەسری خۆمان فێری كوردی كرد"

فەرهاد پیرباڵ: " یەكەم كتێب لەژیانمدا كە خوێندمەوە " یوسف و زولەیخا" بوو كە لە چاپخانەی تەرەقی لەكەركوك چاپ كرابوو"

زۆرێك لە خوێنەران و رۆشنبیرانی كوردستان لە ناوەڕاستی ساڵانی سەدەی رابردوو سوودو چێژیان لەو چاپكراوانە وەرگرتووە، شاعیر ونووسەر لەتیف هەڵمەت سەرجەم دیوانە شیعرەكەی پێشكەش كردووەو نووسیویەتی: "پێشكەشە بەگیانی پاكی مەلا محەمەد ئەمین كە تەمەنی خۆی لە كەركووكدا بۆ چاپكردنی كتێب ونامیلكەی كوردی تەرخان كرد، خۆزگە لەنزیك دووكانەكەی ئەوسای خۆی پەیكەرێكی بۆ دەكرا".

ئەو كەسانەی هاوچەرخی بوونە ئەو شایەتیەی بۆ دەدەن ئەوەتا شاعیری بەناوبانگی كورد لەتیف هەڵمەت دەڵێت: "من خۆدی خۆم قەرزاری پیاوی گەورەی كوردناس و پیاوی گەورەی دڵسۆزی كورد (محمد ئەمین عەسری)م كە كتێبی (خورشید و خاوەر و رۆستەم و زۆراب و وەفاتنامەی رەسوڵی نازدارو مەولودنامە) و گەلێك كتێبی دیكەشی چاپكردن، ئێمەش لە رێگەی ئەو كتێبانەی مامۆستا (محمد ئەمین عەسری) كە لە چاپخانەی تەرەقی چاپی ئەكردن بەو كتێبانە خۆمان فێری كوردی كرد".

 

نوسەر و روناكبیر د.فەرهاد پیرباڵ دەربارەی كاریگەری یەكەم كتێب لەژیانیدا دەڵێ : " یەكەم كتێب لەژیانمدا كە خوێندمەوە كتێبی " یوسف و زولەیخا" بوو كە لە چاپخانەی تەرەقی لەكەركوك چاپ كرابوو، بۆ خوشكەكەم خوێندەوە گریا".

 

" سەدان كەس لەخوێندەوارانی بەلای كتێبی كوردیدا راكێشا بوو"

رەوانشاد مستەفا نەریمان لە كتێبی بیرەوەرییەكانی ژیانم دا دەڵێ: "محەمەد ئەمین عەسری ئەم پیاوە خولیای گەڕان بەدوی كتێبی كۆن كەوتبووە كەللەیەوە ئەچوە (تاران ، قاهیرە ، ئەستەمبوڵ) لەوێوە بەژمارەبێ یان بەبار وتەغار كتێبی كۆنی ئەكڕی و رەوانەی ئەكردەوە بەتایبەتی ئەو كتێبە توركی یانەی كە بە حەرفی عەرەبی توسرابوون لەوێ نە ئەخوێندران هەزاران كتێبی وەهای هێناو ساغی كردنەوە".

لە شوێنێكی تری هەمان كتێبدا نەریمان دەڵێ: "ئەمزاتە كەلێنێكی دەربارەی كتێبی كوردی پڕ كردبووە وسەدان كەس لەنیمچە خوێندەوارانی بەلای كتێبی كوردیدا راكێشا بوو".

زاهیر رۆژبەیانی نووسەر لەچاوپێكەوتنێكدا دەڵێ :" لەرێگای كتێبەكانی محەمەد ئەمین عەسری یەوە ، بەباشی فێری زمانی كوردی بووم".

"یەكەم كەس بوو لە ڕێی بڵاوكردنەوەی كتێبی كوردییەوە لەكەركوك داكۆكی لە كوردستانی بوونی كەركوك كرد"

لەبارەی دامەزراندنی چاپخانەیەكی كوردی لەسیەكانی سەدەی رابردوو زاهیر شكور نوسەر و ڕووناكبیر دەڵێ: " لەسەرەتای سییەكانی سەدەی رابردوو كێ هەیە لە محەمەد ئەمین عەسری زیاتر بیر لە دامەزراندن وچاپكردن وبڵاوكردنەوەی كتێبی كوردی بكاتەوە، لە كوێش.؟ لە كەركوك! ئەو كەركوكەی دەوڵەتە زلهێزەكانی ئەو زەمانە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ململانێیان لەسەر نەوتەكەی دەكرد،" سیاسەتی فرق .تسد- پەرتكە و زاڵبە "یان بۆ كێشە وئاژاوە لە نێوان نەتەوەكانی كەركوكدا پەیڕەو دەكرد، ،بانگەواز وداكۆكی پیاوێكی دڵسۆز ونیشتمان پەروەری وەك محەمەد ئەمین عەسری، بانگەوازێك بوو بۆ كوردستانیبوونی كەركوك، كە تازە بە پێی بڕیاری عوسبەتوئومەم خرابووە سەر عێراق، لێرەوە دەكرێت بڵێن "محەمەد ئەمین عەسری پێش دامەزراندنی حیزبە كوردییەكان یەكەم كەس بووە لە ڕێی بڵاوكردنەوەی كتێبی كوردییەوە لەكەركوك داكۆكی لە كوردستانی بوونی كەركوك كردووە".

سەرچاوە:

1- ڕۆڵی محمد ئەمین عەسری لەهێنانی چاپخانە بۆ كەركوك: هەڵۆ كاكەوەیس

2- بیرەوەریەكانم: مستەفا نەریمان

3- جارانی كەركوك: زاهیر شكور

4- وتەی فەرهاد پیرباڵ لەبەرنامەی (باخی كتێب) لە كەناڵی كوردسات

5- محەمەد حەمە ئەمین خوبیلەزادەی كاكەیی 1887-1974(محەمەد ئەمین عەصری)/ هاشم كاكەیی

 

ڕ،ح