خوێندنگە و خانەقاکانى تەوێڵە و بیارە لە بەڵگەنامەکانى عوسمانی و ڕۆڵیان لە خوێندەواری و ڕۆشنبیری کوردی دا

تا دوا ساڵەکانى دەوڵەتى عوسمانى خانەقا و خوێندنگەکانى تەوێڵە و بیارە موچەی دەوڵەتى عوسمانی-یان نەبووە. شێخانى نەقشبەندى گرنگى زۆریان بە پرۆسەى خویندن داوە، ئەوەش خاڵى بەهێزى تەریقەتەکەیان بوە و زانا و شاعیر و خوێندەوارى گەورەیان پێگەیاندوون.

د.ئاراس محەمەد ساڵح/ئاوێنە

لەگەڵ دەرکەوتن و بڵاوبونەوەى تەریقەتى نەقشبەندى کوردستاندا لەسەر دەستى مەولانا خالیدى نەقشبەندى (١٧٧٣-١٨٢٧)، دواى ئەوەى مەولانا لەگەڵ ناوەندە دینیە تەقلیدیەکى کوردستان تووشى ململانێ بووە، لە کۆتاییدا ناچار بووە لە نیشتمان کۆچ بکات و بڕوات بۆ وڵاتى شام، لەدواى کۆچى مەولانا خالید، شێخ عوسمان سیراجەدینى (١٧٨١- ١٨٦٧ز) یەکەمى تەوێڵە بووەتە شوێنگرەوەو شێخى تەریقەتى نەقشبەندى، هەرچەندە لەدواى کۆچى مەولانا شێخ عوسمان چوەتە سلێمانى و ماوەیەک لە خانەقاى مەولانا خالید بەردەوام بووە لەسەر ئیرشاد و تەدریس، بەڵام پێدەچێت بارودۆخى دینى ئەوکاتەى سلێمانى لەبار نەبووبێت و دژایەتى کرابێت، هەربۆیە زۆر نەماوەتەوەو گەڕاوەتەوە تەوێڵەو خوێندنگەو خانەقاى کردووەتەوە.

لەدواى گەڕانەوەى شێخ عوسمان بۆ هەورامان، وەک شێخى یەکەمى تەریقەتى نەقشبەندى بەردەوام بووە لەسەر خزمەتکردن بە زانست و تەسەوف (شەریعەت و تەریقەت)، لەوکاتەوە هەورامان بووەتە ناوەندێکى گەورەى خوێندن و ئەدەب و تەریقەتى نەقشبەندى، لەدواى پێگەیشتنى کوڕەکانى شێخى سیراجەدین، بەپێى پلانى تایبەتى خۆیان هەر یەکەو چوونەتە چەند شوێنێکى جیاواز، لە (بیارە)و (باخەکۆن) و (ئەحمەدئاوا) و (گوڵعەنبەر) خوێندنگەو خانەقایان کردوەتەوە، پاشان بەردەوام بوون لە کردنەوەى لقى تەریقەتەکەیان لە شوێنانى تریش، لە زۆر ناوچەى وەک پێنجوێن و هەڵەبجەو کفرى و زۆر جێگەى تر خوێندنگەو خانەقایان کردوەتەوە.

لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەدا لەگەڵ تێکچوونى بارودۆخى کوردستان و نەمانى میرایەتیە کوردیەکان، دەوڵەتى عوسمانى ڕاستەوخۆ حوکمى کوردستانى کردووە، بۆ ئەوەى بتوانێت دەست بەسەر بارودۆخەکەدا بگرێت، هەوڵیداوە لە ڕێگەى ناوەندە دینى و کۆمەڵایەتییە بەهێزەکانەوە، وەک زانایانى ئاینى و سەرۆکى هۆزەکان و  شێخانى تەریقەتەوە وەلائى کۆمەڵى کوردستان بۆ خۆى دەستبەر بکات، بۆ ئەم مەبەستەیش موچەو نیشانەى ڕێزگرتن و زەوى و دێهاتى کوردستانى لەسەر تاپۆ کردوون، یاساى تاپۆکردن لە ساڵى (١٨٦٩ز) لەلایەن مەدحەت پاشاوە دەرکراوە، کە هەتا ئێستاش لە ناو کوردا بە تاپۆى ڕەشى عوسمانى ناسراوە، زیاتر بۆ ئەم مەبەستەو چەند مەبەستێکى تر بووە.

بەڵام ئەوەى تێبینى دەکرێت بەپێى بەڵگەنامەکانى عوسمانى هەتا دوا ساڵەکانى دەوڵەتى عوسمانى خانەقاو خوێندنگەکانى تەوێڵە و بیارەو پێنجوێن، واتە شێخان و خانەقاو خوێندنگەى تەریقەتى نەقشبەندى، لەلایەن دەوڵەتى عوسمانیەوە موچەو هاوکاریان بۆ دابین نەکراوە، هەتا ئێستا لەناو ئەو بەڵگەنامانەدا نەهاتووە فڵان گوندو ناوچەى کوردستان لەسەر فڵان شێخى نەقشبەندى تاپۆ کرابێت، لە هەمان کاتدا شێخانى تەوێڵەو بیارە هاتوچۆى ئەستەمبوڵیان نەکردووەو ساڵانە وەلائیان خۆیان بۆ دەوڵەت تازە نەکردوەتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە لێرەدا هەوڵدەدەین چەند بەڵگەنامەیەک ئاماژە پێبکەین:

بەڵگەنامەى یەکەم: لە بەڵگەنامەیەکى عوسمانیدا هاتووە، کە لە مێژووى (٥ زیلقعیدە ١٣١١ک-١٠/٥/ ١٨٩٤ز) دەرچووە:

بۆ نەزارەتى دارایی جەلیلە:
لە قەزاى گوڵعەنبەرى سنجاقى سلێمانى، ناوچەکانى سەرسنورى ئێران، لە (تەوێڵەو بیارەو پێنجوێن) خۆیان تەرخان کردووە بۆ تەریقەتى نەقشبەندى، هەروەها ئەم ناوچەیە بەردەوام شوێنى چەندین تەریقەت بووە، خانەقایەکى دوو دەرگایی لەگەڵ مەدرەسەیەکى دوو دەرگایى هەیە، بۆ یەک ڕۆژیش ئەمانە دەرماڵەیان نەبووە، شێخ و مودەڕیسەکانیان بەهۆى خزمەتە شایستەکانیان، پێویستە وەکو خۆراکى خانەقاو مەدرەسەکە موچەیەکى گونجاویان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە ویلایەتى موسڵى جەلیلە نوسراو لە مێژووى (١٥ ڕەمەزانى ١٣١١ک) هاتووە، بۆ دەوڵەت نێردراوە، بە تێڕوانین لە بابەتەکە جێبەجێ بکرێت و هیمەت بکرێت لە ڕاگەیاندنى. 
ئەوەى لەم بەڵگەنامە وەردەگیرێت:
یەکەم/ لەلایەن کاربەدەستانى عوسمانى لە قەزاى گوڵعەنبەر، نوسراو بەرز کراوەتەوە بۆ (وەزارەتى دارایی بەڕێز) لە موصڵ. بۆ ئەوەى ڕەزامەندی بدەن لەسەر خەرجکردنى دەرماڵە بۆ خویندنگەو خانەقاکانى تەوێڵەو بیارەو پێنجوێن، وە جەخت دەکاتەوە هەتا مێژووى (١٨٩٤ز) هیچ موچەو دەرماڵەیەکیان نەبووە.
 دووەم/ هەتا ساڵى (١٨٩٤ز) گوڵعەنبەر قەزا بووە، سەر سنجاقى سلێمانى ویلایەتى موصڵ بووە، هەروەها (تەوێڵەو بیارەو پێنجوێن) سەر بە قەزاى گوڵعەنبەر بوون.
سێیەم/ لە تەوێڵەو بیارەو پێنجوێن خانەقاو خوێندنگەى نەقشبەندى هەبووە، وەکو ئەڵێت: (دوو خانەقاو دوو مەدرەسە) مەبەست لە خانەقاى تەوێڵەو بیارەیە، (دوو دەرگا) ئاماژەیە لەو کاتەدا گەورەو فراوان بوون.
چوارەم/ ئاماژە کردنى بەڵگەنامەکە بە (شێخەکانیان و مودەڕێسەکانیان) بەڵگەیە ژمارەیەک شێخ و مامۆستاى تایبەتى تێدا بووە، ئەوەى گرنگە هەموو کات لە پاڵ خانەقاى نەقشبەندیەکاندا، یان لەناو خانەقاکانیاندا مەدرەسە هەبووە، نەقشبەندیەکان تەریقەتێکى خوێندەوار بوون زۆر گرنگیان بەلایەنى خوێندەوارى داوە، هەر ئەمەیش نهێنى هەڵکەوتنى دەیان زاناو شاعیرى گەورەیە لە خوێندنگەو خانەقاى شێخانى نەقشبەندیدا.
هەر چەندە ئەو ڕەخنە دەگیرێت لە تەریقەتە تەسەوفیەکان کە خەڵکیان فێرى نەخوێندەوارى و تەمەڵى کردووە، ئەم ڕەخنەیە بۆ شێخانى تەوێڵەو بیارەو تەریقەى نەقشبەندى هەڵەیە، چونکە لەدواى جێگیربوونى تەریقەتى نەقشبەندى لە ناوچەى هەوراماندا، بزوتنەوەیەکى زانستى و ئەدەبی و فەرهەنگى لەو ناوچەیە دا دەرکەوتووە.
ئەوەى گرنگە لە بەڵگەنامەکەدا باس لەوە ناکات ناوچەو گوند لەسەر ئەو خانەقاو شێخانە تاپۆ بکرێت، بەڵکو داواى دابینکردنى دەرماڵە دەکات بۆ مامۆستاو شێخەکان، بەهۆى خزمەتە شایستەکانیان لەسەر ئەرکى وەزارەتى دارایی عوسمانى.
 هەرچەندە لە دواى ڕوخانى میرایەتى بابان لە ساڵى (١٨٥١ز) دەوڵەتى عوسمانى هەوڵى زۆریداوە لەڕێگەى شێخانى تەریقەت و سەرۆک هۆزەکانەوە وەلائى خەڵکى کوردستان بۆ خۆى دەستەبەر بکات، لەبەرامبەردا موچەو پۆست و پارەى پێداون، هەروەها لە ساڵى (١٨٦٩ز) یاساى تاپۆى دەرکردووە، بەڵام هەتا ساڵى (١٨٩٤ز) شێخانى تەوێڵەو بیارە هیچ موچەو هاوکاریەکیان نەبووە، لە دواى ئەم میژووە دەوڵەتى عوسمانى تەواو لاواز بووەو بەرەو نەمان چووە، هەربۆیە ئەگەرى ئەوە بەهێزە شێخانى نەقشبەندى هیچ جۆرە هاوکاریەکیان لەدەوڵەتى عوسمانى وەرنەگرتبێت هەتا ڕوخاوە.
هەتا ڕۆژگارى دەوڵەتى عێراق خوێندنگەو خانەقاکانى تەوێڵەو بیارە بە هاوکارى و یارمەتى و زەکاتى خەڵکى بەڕێوەچوون، هەروەکو ئێستاش  پێویستى و تێچووى زۆرێک لە خوێندنگە ئاینیەکان و مزگەوتەکان لەلایەن خەڵکى خێرخوازەو دابین دەکرێت.
 یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى تەریقەتى نەقشبەندى، ئەوەیە کە ماڵ و موڵک لە حکومەتەکان و خەڵکى وەرنەگرن، هەروەکو لە نامەیەکى مەولانا خالیدا هاتووە، مەولانا زۆر بەتوندى داوا لە شوێنکەوتوانى دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە دەسەڵاتى گەندەڵ و بازرگانى یاخى و سۆفى توندڕەو.

 

 بەڵگەنامەى دووەم: (٢٨ موحەڕەمى ١٣١٢ک- ١/٨/١٨٩٤ز)، لەم بەڵگەنامەدا هاتووە:

بۆ نەزارەتى دارایی جەلیلە:
لە ناو قەزاى گوڵعەنبەرى سەر بە سنجاقى سلێمانى، لەسەر سنورى ئێران، لە تەوێڵەو بیارەو پێنجوێن، کە تایبەتن بە تەریقەتى نەقشبەندى، دوو خانەقاو دوو مەدرەسە هەیە، بۆ خۆراکى ئەمانە داوا دەکەین بڕێک موچە دابین بکرێت، لەسەر ئاماژەى موسڵى جەلیلە، دواى گفتوگۆ، لە وەڵامدا نوسراو لە (٧ حوزەیرانى ١٣١٠ بە ژمارە(٤٥٠)) هاتووە، ناوە ناوە لە موچەى هەژاران موچە بی خاوەن دەبێت، بە فەرمانى پاشاى پەیوەندیدارى خەلافەتیش ئەم موچەیە بەش ناکات، هەروەها دابین کردنى موچە بەبێ شوێنگرەوە قەدەغەیە، هەربۆیە ئاماژەى پێکراوە کە نابێت جیبەجی بکرێت.
 لە وەڵامدا ئاگادارى دراوەتە ویلایەتى موسڵ، کە لە تەوێڵە خانەقاى شێخ عەلى ئەفەندى (شێخ حسامەدین) سەر بە تەریقەتى نەقشبەندى، بەردەوام خۆراک دەدرێتە هەژاران، دەرس بە فێرخوازان دەوترێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕۆژێکیش بێت داهات بۆ ئەم خانەقاو خوێندنگەیە دابین نەکراوە، هەروەها لەبەر خزمەت و کار خێرخوازیەکانى شێخ عەلى، ئەمجارە بۆ دوپاتکردنەوە نوسراو لەگەڵ نوسراوەکانى (١٨ حوزەیرانى ١٣١٠ژمارە ١٠) پێکەوە بۆ لایەنى پایەبەبەرز نێرراوە، بە تێڕوانین لە وێنەى ئاماژە پێکردنەکە دەرکەوتووە دابینکردنى خۆراک لە پێویستیە گرنگەکانە، لە موچەى هەژاران موچەیەکى بێ خاوەن بدۆزرێتەوەو هیمەت بکرێت لە جێبەجێکردنى.
بە ئاماژەى/ ڕاوێژکار.
ئەوەى لەم بەڵگەنامەوە وەردەگیرێت:
یەکەم/ ئەو بڕگانەى لە بەڵگەنامەکانى پێشوو ئاماژەمان پێکردوە دووبارەیەوە ناکەینەوە:
دووەم/ لە ساڵى (١٨٩٤ز) ناوچەى هەورامان بەتایبەتى تەوێڵەو بیارە لە هەورامان، هەروەها پێنجوێن لەسەر تەریقەتى نەقشبەندى بوون.
سێیەم/ لە مێژووى ساڵى (١٨٩٤ز) شێخ عەلى حسامەدین لە تەوێڵەدا خانەقاو مەدرەسەى هەبووە. 
چوارەم/ وەکو لە بەڵگەنامەکەوە دەردەکەوێت، هەتا ساڵى (١٨٩٤ز) خانەقاو خوێندنگەکانى تەوێڵەو بیارەو پێنجوێن کە سەر بە تەریقەتى نەقشبەندى بوون، هیچ موچەو هاوکاریەکى دەوڵەتى عوسمانیان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک لەلایەن کاربەدەستانى دەوڵەوتەوە لە ناوچەکەدا داوا بەرز کراوەتەوە بۆ ویلایەت، بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبووە.
پێنجەم/ لەگەڵ ئەوەشدا شێخى حوسامەدین و شێخانى نەقشبەندى پێگەیەکى گرنگیان هەبووە لە ناوچەکەدا، بەڵام داوا کراوە لە موچەى ئەو هەژارانەى مردوون، ئەو موچە بێ خاوەنانە دابین بکرێت بۆ ئەو ناوەندە گرنگە زانستى و تەسەوفیانە، کە ئەمەش کەمترین هاوکاری بووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەت ڕێگەى بەوەش نەداوە.
شەشەم/ لە خانەقاى تەوێڵە بەردەوام خواردن دراوە بە هەژاران، پرۆسەى خویندن و دەرس بەردەوام بووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەت هاوکارى نەکردوون، هەموو ئەوانەیش لەسەر شانى خەڵکى خێرخواز و هاوکارى و زەکاتى دانیشتوانەکە دابین کراوە.

بەڵگەنامەى سێیەم: ئەم بەڵگەنامەیە لە مێژووى (٢٩ سەفەر ١٣١٢ک-١/٩/١٨٩٤ز) دەرچووە، لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە:

بۆ ویلایەتى موسڵى جەلیلە:
لە نوسراوەکان ئاماژەى پێکراوە بۆ خانەقاى شێخ عەلى ئەفەندى (شێخ حسامەدین)، لە سنجاقى سلێمانى لە (تەوێڵە) ئەم خانەقایە لەسەر تەریقەتى نەقشبەندین، بەردەوام خواردن ئەدەن بە هەژاران، بۆ ئەوەى موچەیەک بۆ خانەقاى ناوبراو دابین بکرێت، بەردەوام لە گفتوگۆداین لەگەڵ نەزارەتى دارایی، لە موچەى هەژاران، موچەیەکى بێ خاوەن بدۆورێتەوە بۆ ئەوەى بۆى دابین بکرێت، بۆ جیبەجێکردنى کارەکە وەڵام بۆ نەزارەتى ناوبراو کراوە، بە ڕاگەیاندنى نوسراو بکرێت.
ئەوەى لەم بەڵگەنامەوە وەردەگیرێت:
یەکەم/ ئاماژەکانى پێشوو دووبارە ناکەینەوە.
دووەم/ لە ساڵى (١٨٩٤) شێخ حسامەدینى نەقشبەندى (١٨٦١ز- تەوێڵە – ١٩٣٩ز- باخەکۆن) لە تەوێڵەدا خانەقاى هەبووە.
دووەم/ بەردەوام لەم خانەقایەدا خواردن دراوە بە هەژار و داماو ڕێبوار.
سێیەم/ خانەقاکە نەک هەژارانى نەڕوتاندوەتەوە، بەڵکو بووەتە نوایەک بۆ هەژار و داماو.
چوارەم/ هەتا ئەو ڕۆژگارە خانەقاى تەوێڵەو شێخى حسامەدین، هیچ بودجەو موچەیەکى لەلایەن دەوڵەتى عوسمانیەوە نەبووە.
پێنجەم/ لە هیچ یەکێک لەو بەڵگەنامانەدا نەهاتووە، کە شێخانى نەقشبەندى خۆیان داواکاریان بەرز کردبێتەوە بۆ دەوڵەت هاوکاریان بکات، بەڵکو کاربەدەستانى دەوڵەوت خۆیان داوایان کردووە هاوکاریان بۆ دابین بکرێت.

ئەوەى لەم بەڵگەنامانەوە وەردەگیرێت، هەتا ساڵى (١٨٩٤ز) شێخان و خویندنگەو خانەقاکانى تەوێڵەو بیارەو پێنجوێن لەلایەن دەوڵەتى عوسمانیەوە هیچ هاوکاریەکى دارایی نەکراون، هەروەها شێخەکانیش داواکاریان بۆ دەوڵەت بەرز نەکردوەتەوە هاوکاریان بکات، بۆ ئەوەى گوند و ناوچەى کوردستانیان لەسەر تاپۆ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەى خوێندن لە خویندنگەکانیان بەردەوام بووە، هەموو کات لەپاڵ خانەقادا مەدرەسەى خویندن هەبووە، شێخانى نەقشەندى گرنگى زۆریان بە پرۆسەى خویندن داوە، هەر ئەوەیش خاڵى بەهێزى تەریقەتى نەقشبەندى بوەو دەرکەوتنى زاناو شاعیر و خوێندەوارى گەورەیە لە خوێندنگەو خانەقاکانیاندا.

سەرچاوەكان:
١ــ ئاشتى ڕەحمان، سلێمانى لە بەڵگەنامەکانى عوسمانیدا، ئامادەکردنى: د.نەوزاد یەحیا باجگر، چاپی یەکەم ٢٠١٩، لە بڵاوکراوەکانى زانکۆى جیهان هەولێر. بەرگى هەشتەم و نۆیەم.
٢ــ مەلا عەبدولکەریمى مودەڕیس، یادى مەردان، چاپی یەکەم ١٩٨٣ز، بەغداد، بەرگى یەکەم و دووەم.