خوێندنی كوردی لە کەرکوک بە كێشە و گرفتەکانی ساڵانی پێشووە پێدەنێتە ساڵێكی نوێوە

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن هێشتا گرفت و کێشەکانی چەندین ساڵەی بەردەم خوێندنی كوردی لە کەرکوک بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە.

بەرپرسانی  پەروەردەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئاماژە بەوە دەكەن لە ئیستاوە بوونی كێشە و گرفت و كەمیی بینای قوتابخانە و کەمیی مامۆستا ئاستەنگی بۆ خوێندنی كوردی دروستكردووە.

مامۆستا شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەربارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: ''ئامادەکاریمان کردووە بۆ دانانی وانە بێژ بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەی هەیە لە قوتابخانەکاندا، لە رووی دابینکردنی کتێبەوە کتێب گەیشتوەتە کۆگاکان و ئامادەیە بۆ دابەشکردن. لە ١٢ی ئە مانگەوە مامۆستاکان دەستیان بە دەوام کردن کردووە و لە ١٥ی ئەم مانگەوە دەست دەکەین بە پاککردنەوەی قوتابخانەکان، لیژنەمان پێکهێناوە لەگەڵ بەڕێوبەری قوتابخانەکان بۆ ئەوەی بە گوڵ و شیرنی و جوکلێت پێشوازی بکەین لە قوتابیانی پۆلی یەکەمی خوێندن."

سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان مامۆستا شێرزاد رەشید ڕاشیگەیاند: "بۆ دابینکردنی تەختەی نووسین (وایت بۆرد) و مێز (رەحلە)ی دانیشتن بۆ قوتابیان و دابینکردنی ئامێری ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە بۆ قوتابیان نووسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزیری پەروەردە و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ ئەوەی ئەو پێداویستیانەمان بۆ دابین بکات."

دەربارەی ئەو گرفتانەی دێتە بەردەم خوێندنی کوردی ئەوەشی ڕاگەیاند: "یەکێک لەو گرفتانەی کە دێتە بەردەممان کێشەی مامۆستایانی گرێبەستە، کە داوای دامەزراندن دەکەن. کێشەیەکی دیکە کێشەی بینای قوتابخانەکانە، کە قوتابخانەمان هەیە تەنها دوو پۆڵی هەیە لە کاتێکدا ساڵ لە داوی ساڵ ژمارەی قوتابیەکانمان زیاد دەکات. کێشەیەکی دیکە کێشەی لۆجستییە بۆ نموونە بەشێکی زۆری تەختەی نووسین (وایت بۆرد) و مێز (رەحلە)ی دانیشتنی قوتابیان شکاون و بە کەڵکی دانیشتن نایەن."

خۆێندنی کوردی لە شاری کەرکوک تا قۆناغی ئامادەییە، بەڵام بۆ قۆناغەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان زمانی کوردی بەکار نایات ئەمەش گرفتی بۆ قوتابیانی خوێندنی کوردی دروست کردووە لە زانکۆ و پەیمانگاکان، کە بووەتە هۆی تێنەگەیشتنی قوتابیان لە بابەتەکانی خوێندن.

هیمداد نەجات قوتابییەکی پەیمانگای پەرستیارییە، کە قۆناغەکانی پێش پەیمانگای بە کوردی خوێندووە، بەڵام ئیستا بەهۆی نەبوونی زمانی کوردی لە قۆناغی پەیمانگاکان تووشی گرفت بووە.

دەربارەی ئەم گرفتە هیمداد نەجات وتی: "من وەکو خوێندکارێکی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک ١٢ ساڵ خوێندم بە کوردی خوێندووە، کاتێک کە دەگەینە قۆناغەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان کێشە و گرفتێکی زۆرمان بۆ دروست دەبێت."

هەروەها هیمداد نەجات وتیشی: "کاتێک دەگەینە قۆناغی زانکۆ دەبینین ئەوانەی بە عەرەبی و زمانی دیکە دەخوێنن گرنگیی زیاتریان پێدراوە و کەمتەرخەمییەکی زۆر کراوە بەرامبەر ئێمەی خوێندکارانی خوێندنی کوردی، بەهۆی تێنەگەیشتنمان کێشە و ئاستەنگێکی زۆر دێتە بەردەممان لە قۆناغەکانی دوای ئامادەیی، کە دەبێت جارێکی دیکە لە سەرەتاوە دەست پێبکەینەوە."

مامۆستا محەمەد جەلیل کارگێڕی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان – لقی کەرکوک دەربارەی ئەو کێشە و گرفتانەی دێنە بەردەم خوێندنگەی کوردی لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "گەورەترین کێشەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئەوەیە، کە نە حکومەتی هەریم نە حکومەتی عێراق بە تەواوەتی خاوەنداری لە خوێندنی کوردی ناکەن. یەکێکی دیکە لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئەوەیە سیستمی خوێندن و مووچەی مامۆستایان سەر بە هەرێمی کوردستانە، بەڵام سیستمی تاقیکردنەوە و پشوودانی خوێندنگەکان لەسەر سیستمی حکومەتی عێراقە. ئەم دوو سیستمە گرفتی زۆر بۆ قوتابیەکان دروست دەکات."

هەروەها مامۆستا محەمەد جەلیل دەربارەی مافی مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکوک ڕاشیگەیاند: "مافی مامۆستا یەکێکی دیکەیە لە کێشەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، چونکە لە هەرێمی کوردستان هەندیک هاوکاری و ماف هەیە بۆ مامۆستایان وەکو پارەدانی پێشەکی بۆ هاوسەرگیری و دروستکردنی خانوو (سولفەی عەقار) و هاوکاریکردنی مامۆستا بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و کەفالەت کردن و چەندین مافی دیکە، بەڵام مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک لەو مافانە بێبەشکراون و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق."

مامۆستا محەمەد جەلیل وتیشی: "بەڕێوبردنی خوێندنگەکان لەلایەن حزبەوە کێشەیەکی دیکەی بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکوک خوڵقاندووە. بە بەردەوامی حیزبەکان شەڕی دەسەڵات دەکەن لەسەر بەڕێوەبردنی خوێندنگەکان، حیزبەکانی شاری کەرکوک تەنانەت لەسەر رەنگی بۆیاغی دیوار و دەرگاکانی خوێندنگەکان شەڕییانە، کە رەنگی زەرد بێت یان سەوز. بەم عەقلیەتە حیزبەکان خوێندنگەکان بەرێوە دەبەن."

لە کۆتایدا مامۆستا محەمەد جەلیل وتی: "ئێمە وەکو مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک رۆژانە بە دەستی ئەو کێشە و گرفتانە دەناڵێنین چونکە خوێندنی کوردی لە شارەکە بە کۆمەلێک قەیراندا تێپەر دەبێت."

ژ.ت