خۆناسی و ئایین ناسی لە دەفتەری (سەرەنجام)ی یارساندا

لە ئاینی یارسان دا کە (كاكەیی و ئەهلی هەق)یش پێدەگوترێت و تێکستەکانی بە زمانی هەورامین، بەتایبەتی لە دەفتەری پیرۆزی (سەرەنجام) دا، چۆن باس لە خۆناسی و ئایین ناسی کراوە و تا چەندە دروستە ئایین بۆ بەرژەوەندی بەکارببرێت؟

ئاینی یارسان یان كاكەیی و ئەهلی هەق یشی پێدەگوترێت یەكێكە لە ئاینە كەوناراكانی كورد  لەهەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووەتەوەو گەشەی كردووە،یەیڕەوانی ئەم ئایینە لە ئێراندا لەناوچەكانی( كرماشان، هەمەدان،تەورێز، ئازەربایجان، تاران، زنجان و باكوری ئێران) ن، لەعێراقدا لەناوچەكانی( هەڵەبجە، خانەقین، كەركووك، موسڵ، بەغدا، هەولێر) ن، لەتوركیاش لە( دەرسیم، سیواس، سەمسور) ن، لەروسیاش یارسان لە(قارس) ی ناوچەی(ئەلیزابت پول سەر) هەن و بەناوی (كوردی رەسەن) ناسراون.
لە هیندستان و پاكستان و ئەفغانستان پەیڕەوكاری یارسان هەن و خۆیان بە ( بنەماڵەی یادگاری) یەوە دەبەستن و پییان دەڵێن( زكری)و لەشارەكانی ( مەزار شەریف، توربەت، موشكی، گریشە، دوشی، پول خومر) ن و چیای(موراد) لە (توربەت) بەشوێنی پیرۆزی خۆیان دەزانن.
ئەم ئایینە لەناوخۆدا كەمترین ئاوڕی لێدراوەتەوە و جۆرێك لەتەموومژی لەسەرە، زۆرێك لەو كەسانەی كەلەسەر ئەم ئایینەیان نووسیوە پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ پەیڕەوانی ئەم كۆمیۆنیتە ئایینییە داناوە وەك(عەلەوی و ئەهلی هەق و یارسان و كاكەیی و عەلی ئیلاهی، لەهەندێك ناوچەدا بەتایبەت لەناو فارس و ئازەرییەكاندا بە (كورد بەچە و خروس كوش ناو دەبرێن.
یارسان لە دوو وشەی لێكدراوی(یار) و (سان) هاتووە كە یەكەمیان بە مانای هاوەڵ و شوێنكەوتوو و لەشێوازی سۆفیانەشدا بەمانای( مەحبووب و مەقسوددێت و دووەمیان بەمانای پێشەواو رابەر دێت كە ئاماژەیە بە 
( سوڵتان ئیسحاقی بەرزنجەیی) و بە سوڵتان لە هەوراماندا دەگوترێت (سان) و كۆی وشەكە مانای یاران و شوێنكەوتوانی سوڵتان ئیسحاق دێت.
لەنێو یارسانەكاندا وشەی (یار)، (سوڵتان) مانای (ئافرێنەر) و(خاوەندكار) یش دەدات كە هەردوكیان ئاماژەن بۆ ناوی خوداوەند، دیارە خوداش بەپێی ئاڵوگۆڕی ئایینەكان ناوەكەی دەگۆڕدرێت ،
سوڵتان خودایوەن زاتش یەگانە
كاوەی حوجاجان جە هەورامانە
هەر ئایینەو بەجۆرێك لەم ناوە دواوەو وێنای كردوە بەڵام كرۆكی مەسەلەكە هەر یەك شتە، وەك ئەوەی شێخ بەهایی دەڵێت:
هركس بە زبانی سخن از وصف تو گوید
بلبل بە غزلخوانی و قمری بە ترانە
ئایینی یارسان ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئایینەكانی رۆژهەڵات و زۆرتر لە بونیادی باوەڕیدا لەبنەماكانی ئایینی (میترائیسم) نزیكەو پاش ئەویش ئاینی زەردەشتی، دیارە ئاینی زەردەشتیش زۆر لە بنەماكانی ئایینی میترائیسمی لەخۆیدا كۆكردوەتەوە.
یارسانەكان باوەڕیان وایە  دیرۆكی ئایینەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەزەڵ و حەقیقەت لەگەڵ ئافراندندا و ئەم ئایینە ئاینی  خاوەندكارە.

لەدەفتەری سەرەنجامدا و لەزوربەی دەورەکاندا ئامۆژگاری یاران کراوە پابەندی ئایینەکەیان بن و ئایین بۆ بەرژەوەندی بەکار نەهێنن، لە بنەما پرەنسیبەکانی ئایینەکە لانەدەن و لێی شارەزا بن.
شێخ ئەمیر لەبارەی بنەماکانی ئەم ئایینەە دەڵێت:

یاری چوار چێوەن باوەریش وەجا
راستی و پاکی نیستی و ردا

بەپێی بنەمای ئایینی یارسان مرۆڤ دەبێت سەرەتا لەگەڵ خۆی و ئایینەکەی راست بێت جا دەتوانێت لەگەڵ خەڵکیدا چاکەو فیداکاری بکات.
بەبڕوای شێخ ئەمیر کەسی یارسانی دەبێت لەدڵەوە باوەڕی خۆی هەبێت و ئەگەر گومانی لە ئایینەکەی هەبێت ئەوا نەزان و بێخەبەرە.

هەرکەس دەس و دڵ چەنەش یار نییەن
نەدوکانی یار خەوەردار نییەن

بناغەی ئەم ئایینە خۆناسی  مرۆڤخوازییە، کەوابێت دەبێت تاکی یارسانی سەرەتا خۆی بناسێت و گەوهەری خۆی و ئایینەکەی بناسێت، کە ئەم کارەی کرد ئەوکات ناکەوێتە هەڵەوە، ئەوەتا بەڕونی لە کەلامی شێخ ئەمیردا دەیبینین:

دەس و دڵی وێت بکەرە شەرە
هەر کارێ بەدا ئانە مەکەرە

کەسی یارسانی نابێت لەژێر هیچ کاریگەرییەکدا بیروباوەڕی نارەواو بێ بنەما وەربگرێت، نابێت هەرگیز گومانی لەباوەڕی خۆی هەبێت، کاتێک ئەم گومانەی لەدڵدا نەما بێگومان کارێک ناکات پێچەوانەی حەقیقەتی یارسان بێت، لە دەورەی (باباناوس) بەندی (٥٧) دا، باوە شەمش مەرەمۆ:

یارانت ئەو هەم ناچان توهمەتە
زاڵم نەوانی نەڕای زیللەتە

ئەگەر وانەبو بێگومان رێگەی حەقیقەت ون دەکات و بەرەو زیللەت و سەرلێشێوان هەنگاو دەنێت، لە بەندی (٦٣) ی دەورەی بارگەبارگەدا، پیر نەجمەدینی پارسی مەرەمۆ:

جەوزشان وەدەستەن سەرچشمەی نێڵێ
یاری نەکەران وەفەندو فیڵێ

نامق هەورامی