رۆژەکانی مانەوە لە رۆما و چوونەدەرەوە بە ناچاری – ٩ -

گەلی کورد لە ماوەی ٦٦ رۆژی پلانگێریەکەدا، لە بەشی رۆمادا بە دەوری ئۆجالاندا بوو بە بازنەیەک و بە دروشمی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن' چەندین شەهیدیدا.

گەلی کورد لە ماوەی ٦٦ رۆژی پلانگێریەکەدا، لە بەشی رۆمادا بە دەوری ئۆجالاندا بوو بە بازنەیەک و بە دروشمی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن' چەندین شەهیدیدا. ئۆجالان تیشکی دەخستە سەر ئەوەی، " من پاسپۆرتم نیە. چونکە من لەناو نەچووم، لەناونەچوونی من وەکو تاوان تەماشا دەکرێت."

ئەو کاتەی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئیتالیا بوو، رووی هەموو کوردێک لەو وڵاتە بوو. لە ئەوروپاوە کورد و دۆستانیان دەچوون بۆ ئیتالیا و بۆ ئەوەی بە تەنیا نەمێنێتەوە، دەچوون بۆ نەخۆشخانەیەک لە گۆڕەپانی جەلیۆ کە ئەوی لێبوو. بڕیار بوو ناوی ئەو گۆڕەپانە بگۆڕێت بۆ ‘Piazza Kurdistan’. گەل، بەیانی هەموو رۆژێک دەچووە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیە و دەیانوت 'رۆژ باش سەرۆکێ من'.

ئەو پلانگێریە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردبوو، تووڕەییەکی گەورەی لە دڵی شۆڕشگێران و وڵاتپارێزاندا دروست کردبوو، بە تایبەت لە ناو بەندیخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان و چەندین ناوەندی تر لە سەرتاسەری جیهان، گەلی کورد دەیوت 'ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن' و ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردەدا. یەکەم کەس کە لە ٩ی تشریندا وەکو بازنەیەک بە دەوری ئۆجالاندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، م.هالیت ئۆرال بوو لە بەندیخانەی مەرەش. ئەو شۆڕشگێرە کوردە کە لە ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی مەحسەرتێی مێردین لە دایک بوو و تەمەنی منداڵی لە چوکورجە بەڕێکرد، لە تەمەنی لاویدا کاتێک خۆی ئامادە کردبوو بەشداری ریزەکانی گەریلادا بکات، لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە دیل گیرابوو.

م.هالیت ئۆرال نامەیەکی بۆ ئۆجالان نووسیبوو. لە نامەکەیدا وتبووی، "بێگومان ئەم چالاکیەی من نابێتە هۆی وەستانی دەوڵەتی تورک، بەڵام ئەوان لەوە بە باشی تێدەگەن کە ئەگەر شتێکتان بەسەر بێت، گەلی کورد ئەم جیهانەیان لێدەکات بە زیندان. چونکە ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهان باسی ئیمە دەکریت، ئەوا لە سایەی رەنج و هەوڵە گەورەکانی ئێوەدایە."

موردا کایا لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا لە بەندیخانەی بارتن و محمد گوڵیش لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دا لە بەندیخانەی ئاماسیا چالاکی خۆسووتاندنیان ئەنجامدا. ئەو کاتەی ئۆجالان لە رۆما بوو، نەک تەنها کادیرانی پەکەکە، بەڵکو گەنج و پیر و وڵاتپارێزانی کوردیش چالاکی خۆسووتاندنیان ئەنجام دەدا.

بانگەوازی ئەوەی "خۆتان نەسووتێنن"

ئەو کاتەی رێبەری گەلی کورد لە رۆما لە ژێر چاودێریدا بوو، هەر یەک لە شۆڕشگێرانی پەکەکەیی، رەمزی ئاککوژ (ژێهات) و ئەحمەد یلدرم (تایهان) لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دا لە مۆسکۆی پایتەخی روسیا لە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە کەشێکی سارددا، بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' ئاگریان لە جەستەیان بەردا و خۆیان سووتاند. چالاکیەکانی خۆسووتاندن رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندا بوون، بەڵام ئۆجالان دەستی لەو چالاکیانە وەردا. ئۆجالان لە ١٩ی تشرینی دووهەمدا لێدوانێکی بڵاو کردەوەو وتی:"ئەو وابەستەبوون و پشتیوانیە مەزنەی بۆ ئێمە خراوەتەروو، بێگومان تا ئاشکرابوونی بارودۆخەکە بەردەوام دەبێت. چونکە کێشەکە لە کەسایەتی ئێمەدا نیە، بەڵکو دواڕۆژی ئازاد و قەدەری نەتەوەکەمانە. تێکۆشانمان بە بێوەستان بەردەوام دەبێت و وەکو گەلێک کە رووبەرووی تیرۆر بووەتەوە، لە دژی تیرۆر تێدەکۆشین. لە خۆڕاگریەکانماندا ناکەوینە ناو ئەو چالاکیانەی کە ئاستەنگمان دەکات.

لەم رۆژانەدا چالاکیەکانی خۆسووتاندن بەردەوامن، دوایین جاریش لە بەندیخانەکان ٨ کەس، لە روسیا ٢ کەس، لە ئەلمانیا کەسێک و لە رۆماش هەڤاڵێکی هێژامان خۆی سووتاند. بە بۆنەی ئەم چالاکیانەوە، من جارێکی تر جەخت دەکەمەوە کە دەبێت چالاکیەکانی خۆسووتاندن کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان، کۆتاییان پێبێت.

من ئەم وابەستەبوون و قارەمانێتیە بەرز دەنرخێنم، بەڵام دەبیت ئەو کەسانەی وابەستەی ئێمەن، بە هیچ شێوەیەک چالاکی خۆسووتاندن ئەنجام نەدەن، داواکارم کۆتاییهاتنی ئەم چالاکیانە وەکو فەرمانێت ببینرێت. من لە زۆر رووەوە باشیش بم، بەڵام بڕیارداریی ئێوە جۆشێکی ترم پێدەبەخشێت و مزگێنیی نزیکبوونەوەی ئازادیمان دەداتێ. لەسەر ئەم بنەمایە هیوادارم کۆتایی بە چالاکی کۆتاییهێنان بە ژیان بێت و سڵاو و خۆشەویستیم بۆ هەمووتان دەنێرم."

چاوەڕوانی کۆنفڕانسی نەتەوەیی یان دادگاییکردن

لەگەڵ ئەم بانگەوازیەی ئۆجالان، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا چالاکیی خۆسووتاندن لە ژێر دروشمی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن' بەردەوام دەبوون. کورد بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گیانی رێبەرەکەیان و بۆ ئەوەی لە ئیتاڵیا قبوڵ بکرێت لە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان بوون. لە رۆما تا لەندەن، لە ئەمستردام تا ئەسینا، لە بەرلین تا ستوکهولم، لە سلێمانی تا تاران لە چەندین شار و پایتەخت خۆپێشاندان و چالاکی مانگرتن لە خواردن بەڕێوە دەچوون.

قسەکانی رۆما

رێبەری گەلی کورد کاتێک چووە ئیتاڵیا، لە یەکەمین لێدوانیدا وتی، "دەمانەوێت دەربازی قۆناغی ئاشتی ببین و چارەسەریەکی سیاسی بۆ ئەم پرسە زۆر پێویستە." ئۆجالان لە ١٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨ و رۆژانی دوایی، بۆ چارەسەری دۆزی کورد، بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازیە مێژوویەکانی چەندین لێدوانی بڵاو کردەوە. ئەم قسانەی دواتر لە ژێر ناوی 'قسەکانی رۆما' بوون بە پەرتووک. ئەم قسانەی ئۆجالان نەک تەنها لە تەلەفیزیۆنی مەد و رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکادا جێیان گرت، بەڵکو لە چەندین ناوەندی میدیایی جیهانیشدا وەکو هەواڵ و راپۆرت بڵاو کرانەوە. هەر قسە و راپۆرتیکی ئۆجالان دەبووە گەرمترین بابەتی رۆژ لە ئەوروپا.

لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ١٩٩٨دا ئاژانسی رویتەرز ریپۆرتاژێکی تایبەتی رێبەری گەلی کوردی بڵاو کردەوە. لە ریپۆرتاژەکەدا دەیوت، "من ئامادەم لە وڵاتێکی دادمەند و بێلایەن دادگایی بکرێم. لە نەمساوە بگرە تا دەگاتە وڵاتانی ئەوروپا. هەندێک دەڵێن هۆلەندا، هەندێک دەڵێن ئیسپانیا. ئەمانە بۆ من لە پلانی دووهەمدان."

لەو سەروبەندەدا بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەڕ لە کوردستان و کردنەوەی دەرگای چارەسەری بۆ دۆزی کورد و یەکلاییکردنەوەی بارودۆخی ئۆجالان، لە پایتەختی وڵاتانی ئەوروپا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس یان دادگاییەکی نیودەوڵەتی دەکرا. دەسەڵاتی ئەمریکاش بۆ ئەوەی 'سیمایەک' ببەخشێت بە پلانگێڕیە، دیسان هاتەوە و کەوتەوە جووڵە.

سەرۆکی ئەمریکاش کەوتە جووڵە

مادلین ئالبرایت وەزیر دەرەوەی ئەمریکا لە بەرواری ٢١ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨دا بۆ ئەوەی رێبەری گەلی کورد لە هیچ وڵاتێک قبوڵ نەکرێت و رێگە بە دادگایی ئەو نەدرێت، کەسێکی بە ناوی ستروب تالبۆت وەکو نوێنەری تایبەتی خۆی نارد بۆ رۆما. دەسەڵاتی رۆما بە هۆی فشارەکانی ئەمریکا هەوڵیدا ئۆجالان بنێرێت بۆ لیبیا. لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ئەو ساڵەدا سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئەلمانیا وتبووی، "ئێمە ئۆجالانمان ناوێت."

دیئالەما سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئیتالیا ساڵی ٢٠٠٣ لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، کۆشکی سپی کەوتبووە جموجوڵ و دەیوت، "تورکیاش بەردەوام فشاری بۆ دەهێناین، ئێمەش بە دوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕاین. بیل کلینتون سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکاش کەوتووە جووڵە. تەلەفۆنی بۆ من کرد. وتی،"ئۆجالان تیرۆرستە، بینێرنەوە بۆ تورکیا'. منیش پێم راگەیاند کە ئەمە مەحاڵە، پێشووتریش کەسێک هەبوو کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، ئەمریکا داوای رادەستکردنەوەی کردبوو، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەکرد."

'من لەناویش بچم، ئێوە سەرکەوتن'

رێبەری گەلی کورد ئەوەی دەبینی کە فشاری زلهێزەکان بۆ سەر حکومەتەکەی دیئالەما سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا زیادی کردووە و ئەو رووداوانەش کە روویاندەدا وەکو کۆتایی ٩ی تشرینی یەکەم دەیبینی. ئۆجالان لە ٢٥ی کانونی یەکەمی ١٩٩٨ لە لێدوانێکدا وتی:"لە پلانگێریەکەی ٩ی کانونی یەکەمدا تەلەفیزیونی مەد سڕایەوە. ئەو رۆژە من هێشتا لە فڕۆکەدا بووم کە سڕایەوە. ئەم سڕینەوەیە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەم کارە تا چی ئاستێک پلان بۆداڕێژراوە. لە ٩ی کانونی یەکەمدا ئینتەرپول بڕیاری گەڕانیدا بە دوای مندا. لە یەک رۆژدا ئەو ئاگاداریەیان بۆ هەموو جیهان نارد، ئەمەش دووڕووی جیهان بەرامبەر بە ئێمە ئاشکرا دەکات. بۆ تێگەیشتن لەمە، ئەم بەڵگانە بەسن."

ئەو بارودۆخەی پریماکۆف تێیکەوت، هەروەها هەڵوێستەکەی سیمیتیس، ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەم کارە لە ناوەندێکەوە بەڕێوە دەبرێت. لەوانەیە دیئالەما بە هۆی کەسایەتە دیمۆکراتەکەیەوە ویستوویەتی چەند هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت، بەڵام ئاشکرا بوو کە دەیەوێت بێدەنگ بکرێت. ئەوەی کە دەکرێت لەگەڵ هەڵوێستی من، پەیوەندیەکی گرنگی هەیە. ئەمە سەرنجی زۆرێک لە رۆژنامەنووسانی بە لای خۆیاندا راکێشاوە. بۆچی رێگای بۆ دەنگدانەوەیەکی وەها کردەوە؟ دەڵێن تۆ وەکو بۆمبێکی ئاشتی دەبارێی. ئەم رووداوە لە بارەی تیرۆری پشت ئەوەوەیە.

لە لایەکی تریشەوە ئەو مووشەک و بومبانە، دەبارێن و بەردەوامیش دەبن. ئەم هەنگاوەمان بۆ ئاشتی، هەنگاوێکی گونجاو بوو. لانی کەم گرنگیەکەی ئەوەیە کە ئەم مەبەستەمان بۆ ئەوروپا دەخەینەروو. ئەلمانیا دەڵێت، 'دوای سەری ساڵ چارەسەری دەکەم' مووشەک بەسەر مرۆڤەکاندا دەبارێنێت، ئەمە چی پەیوەندیەکی بە سەری ساڵەوە هەیە؟ دەبێت ئەمە بە بڕیارێکی سەربەرزانەوە ئەنجام بدرێت. دەبێت مرۆڤ هاوسەنگیەکە تا ئەو ئاستە تێک نەدات. ئەگەر من بمێنم لەوانەیە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی ببم بە هاوکارێک. بۆیە دەمویست لە ئەوروپا بمێنم، هەندێک لە دۆستەکانیشمان ئەمەیان دەویست.

من سوورم لەسەر بەدیهاتنی ئاشتی. ئاشتی واتادارە. ئەمە لای هەموو کەسێک بوونی هەیە کە ئاشتی واتادارە و هەوڵێکیش هەیە بۆ بەدیهاتنی. لە تورکیا رەگەزپەرەستی پەرەی سەندووە، فەلسەفەی یامیامتی کەوتووەتە فەرمیەتەوە. هۆکاری ئەمەش ترسی کەسانی شەڕخوازە. لە تورکیا لە ئاستێکی بەرزدا رەگەزپەرەستی زەق دەکرێتەوە. هۆکاری ئەمەش ترسی جەهەنەمی ناو تورکیایە. هەندێک کەس دەیانەوێت لە تاریکیدا کارەکانیان ئەنجام بدەن. تورکیا چەتەی شەڕە، ئەمە بە ئاشکرا دەیکات و هیچ کارێکی تریان نیە بیکەن. دەبێت تورکیا ئەمە باش بزانێت. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت بە گەلی کورد بڵێم: ئەگەر من لەناویش بچم، ئێوە سەرکەوتن. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم سەرکەوتنە بگەیێننە واقع، دەبێت تۆزێک عاقل بن، دەبێت بتوانن بە دروستی کار بکەن."

رێگای بۆ سەرەتایەکی نوێ دەکردەوە

 لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەی ئۆجالان، هێزە گلۆبالەکان کە پلانگێڕیەکەیان ئامادە کردبووە، نەیاندەویست واز لە ئامانجەکەیان بهێنن. لەو سەروبەندەدا ئۆجالان لە ماڵی کەسێکی بێلایەن بە ناوی 'ڤیلەتا کۆلور ئۆکرو' دەمایەوە. خانووەکە لە کۆڵانی ' Vîa Del Male' لە نێوان 'Ostîa' و 'Casaltalocco' ٢٠ کیلۆمەتر لە شار رۆما دوور بوو. ئەو کەسانەی سەردانی ماڵەکەیان دەکرد یان دەهاتنە دەرەوە بە هۆشیارانە کۆنتڕۆڵ دەکران و هێزەکانی پۆلیسیش دەوری ئەو کۆڵانەیان گرتبوو کە خاووەکەی لێیە، هەروەها لەسەر خانووەکانی دەوروبەری نیشانشکێن جێگیر کرابوون. ئۆجالان لە ناو ماڵیش ئێلەگی گولەنەبڕی لەبەر دەکرد. چونکە ماوەیەک ئیتاڵیا ناوەندی گلادیۆ بوو.

بە هۆی تەنگەتاوبوونی حکومەتەکەی دیئالەما (سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا) کە وڵاتانی ئەوروپا ئەویان بەتەنیا هێشتبووەوە و ئەو فشارە دەروونیانەش کە لە رۆژەکانی سەرەتای ساڵی نوێدا بەرجەستە ببوون، سەرەتایەکی نوێی بەسەر ئۆجالاندا دەسەپاند. عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دواتر بەم شێوەیە باسی لە هەڵوێستەکەی حکومەتی رۆما دەکرد، "هەڵوێستی ماسیمو دیئالەما سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئیتاڵیا، هەڵوێستێکی راست بوو، بەڵام تێرکەر نەبوو. گەرەنتی سیاسی بە تەواوەتی نەدابوو. بارودۆخی ئێمەی رەوانەی لایەنەکانی دادگا کرد. بۆیە من زۆر تووڕە بووم. بڕیارم دابوو کە لە یەکەم دەرفەتدا ئیتاڵیا بەجێبێڵم. دیئالەما لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندبوو، تا کەی بمەوێت دەتوانم لە ئیتاڵیا بمێنمەوە، بەڵام ئەمە بۆ من وەکو هەڵوێستێکی بەزۆرە مڵێ دەهاتە بەرچاو."

بۆ هەڵبژاردنی وڵاتێکی تر، هەم هەوڵە دیپلۆماسیەکانی کورد و هەم هەوڵەکانی ئیتاڵیاش بێئەنجام دەمانەوە. فەرەنسا، فیلەندا، نەمسا، یونان، کۆماری چیک، ئەفریقای باشوور و نەرویج یەکە بە یەکە رایاندەگەیاند کە ئەوان ئۆجالانیان ناوێت. بەرپرسانی فیلەندا وتبوویان، "ئەگەر ئەلمانیا و فەرەنسا قبوڵیان بێت، ئۆجالان دەتوانێت بێت بۆ وڵاتی ئێمە". دوای ئەوەی رێبەری گەلی کورد نامەیەکی بۆ نەلسون ماندێلا و دیسمون توتو نارد، ئەفریقای باشور دەرگای وڵاتەکەی بە کراوەیی هێشتەوە.

ئۆجالان دوای ئەوەی بینی کە سنوورەکان و هێڵە ئاسمانیەکان یەک بە یەک بە روویدا دادەخرێن و وڵامی داواکاری مانەوەی نادرێتەوە، لە ٧ی کانونی یەکەمی ١٩٩٨ لە رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا لە چوارچێوەی ریپۆرتاژێکدا لەسەر ئەو بارودۆخە وتی:"تێکۆشانی دیمۆکراتیک و نەتەوەیی من بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایە. مافی دانیشتن دەدرێت بەو کوردانەی دێن بۆ ئەوروپا، بەڵام کاتێک دێتە سەر من، گومانی سیاسی دێتە ئاراوە. ئەوەی رێگا بۆ ئەم گەشەسەندنانە دەکاتەوە و دەبێتە هۆکاری ئەوەی پێگەیەکی سیاسی وەربگرێت، ئەوا منم. لێرەدا پارادوکسێکی سەرنجڕاکێش دێتە ئاراوە. سەرۆکە کوردەکانی تر خاوەنی پاسپۆرتن، بەڵام من پاسپۆرتم نیە. چونکە من لەناو نەچووم، لەناونەچوونی من وەکو تاوان تەماشا دەکرێت. هیوادارم مافی مرۆڤ ئەمە ببینێت و دوای ماوەیەکی کوت لەم هەڵومەرجەدا بڕیاری خۆی بدات. روانگەی، با سەر بڕوات و لاشەکەی لە ناو خۆماندا دابەشی دەکەین، روانگەیەکی دڕندانەیە. ئیتالیا ناچێتە یاریی لەناوبردن بە بێ دادگاییکردن، دەبێت نەچێتە ناو ئەو یاریەوە."

سبەینێ: فڕۆکەی گلادیۆ

ز.ش