لە گرتووخانەی حەسەکە چی روودەدات؟

زیندانیانی داعش کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چەندین ساڵە تیشک دەخاتە سەریان و لەو بارەیەوە هۆشداری دەدات، لە گرتووخانەی حەسەکە ئاژاوەیان نایەوە و راپەڕین.

بەرپرسێکی گرتووخانەی حەسەکە وتی، ئەوان لە گرتووخانەکە باری نائاساییان راگەیاندووە و لە ئامادەباشیدان.

ئاژاوە و راپەڕینی چەتە گیراوەکانی داعش رۆژی یەکشەممە لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ دەستی پێکرد. چەتەکان کە بە شێوەیەکی رێکخراوەیی کەوتنە جموجوڵ، بارودۆخی گرتووخانەکەیان کردە بەهانە و هەوڵیاندا پاسەوانانی گرتووخانەکە بەدیل بگرن. درەنگانی شەو بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بوو.

پانکارتیان بەرز کردەوە و دەرگاکانیان شکاند و دیوارەکانیان رووخاند

روبار حەسەن کە بەرپرسی پەیوەندیەکانی گرتووخانەی حەسەکەیە لە گەڵ هێزە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و رایگەیاند، چەتەکانی داعش لە گرتووخانەکە لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ ئاژاوەیان نایەوە و راپەڕین.

حەسەن وتی، بە کەرەستەکانی پاککەرەوە نووسراوی "ئێمە داوای هاوکاری مرۆیی دەکەین" لەسەر بەتانیەکان نووسیبویان و بانگەوازیان ئاڕاستەی هێزە نێودەوڵەتیەکان و خاچی سوور کرد.

حەسەن وتیشی:" دوای ئەوەی ئەو نووسراوەیان بەرز کردەوە، دەرگاکان و دواتر کامێراکانیان شکاند. دواتریش بە پارچەی دەرگا شکاوەکان، دیوارەکانیان رووخاند."

ئەو بەرپرسەی گرتووخانەکە وتیشی:"چەند بەشێکی گرتووخانەکە کەوتوونەوە دەستی چەتەکان. هەندێکیان دەرگاکانیان شکاندووە و چوونەتە دەرەوە و لە ئێستادا لە حەوشەی گرتووخانەکەدان. هێزەکانمان لە گرتووخانەکە بە تەواوەتی لە ئامادەباشیدان و بارودۆخی نائاسایی راگەیێندراوە."

ناوبراو هاوکات رایگەیاند، بە هۆی ئەوەی ژمارەی چەتەکان زۆرە، بۆ دەستوەردان، ئەوان چاوەڕوانی بەیانی دەکەن.

هەندێکیان هەڵهاتن و بەشێکی زیندانەکەیان سووتاند

بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە دەستی ئاژانسەکەمان، ژمارەیەک زیندانی هەڵهاتوون. تا ئیستاش زیندانەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە. هێزەکانی قەسەدە لە دەرەوەی زیندانەکە ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر. هەموو رێگاکانی زیندانەکە کۆنتڕۆڵکراون.

فرۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر ئاسمانی حەسەکە دەگەڕێن.

بە پێی زانیاریەکان چەتەکان کاتژمێر ٠٠:٣٥ بە پێی کاتی هەرێمەکە لە زیندانەکەدا ئاگریان کردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەریەک بدۆزێتەوە

چەتەکانی داعش کە لە زیندانەکانی فیدراسیۆنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادان، نیگەرانی زۆریان دروست کردووە. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر زۆر جار بانگەوازی ئاراستەی دەوڵەتانی جیهان کردووە کە بۆ ئەو داعشانەی کە خەڵکی ئەو وڵاتانەن چارەسەریەک بدۆزنەوە. لە پرسی دادگاییکردندا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و بە خەمساردی دەجوولێنەوە. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری پێشنیازی ئەوەی کردبوو لە هەرێمەکە دادگایەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت و دیلەکان دادگاییبکرێن.

دوایین جار بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ٢٣ی ئازار لە یەکەمین ساڵیادی تێکشکاندنی داعشدا ڕاگەیەنراویکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بە هەزاران چەتەی داعش لە زیندانەکاندان و لەگەڵ خانەوادەکانیان هەوڵ دەدەن هەڵبێن. هەڵهاتنیان بۆ جیهان مەترسیدار دەبێت. داعش هەوڵ دەدات ئەو ئەندامانەیان کە لە زیندان هەڵدێن جارێکیتر رێکیان بخاتەوە. چەتەکان وەک بۆمبێک بۆ تەقیەنەوە ئامادەن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری داوا دەکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەرێک بدۆزێتەوە.

دۆخی زیندانی حەسەکە

لە زیندانی حەسەدە زیاتر ئەو چەتانەی داعش زیندانیکراون کە لە باغۆز دەستگیرکران. پێداویستی خواردن و خواردنەوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریەوە دابیندەکرێت و ئاسایشەکەی لە لایەن قەسەدەوە دەپارێزرێت.

بالەخانەی زیندانەکەش کۆنە. لەبەرئەوەی زیندانەکانی تریش پڕن، بەشێک لە زانکۆی حەسەکە کراوەتە زیندان و ژمارەیەک چەتەی داعشیش لەو زانکۆیەدا زیندانیکراون.

ز.ش –  ف.ق