هەولێر بووەتە تورکیایەکی بچووک!

لە تورکیا ئەندام پەرلەمان پارێزبەندیی لێدەسەندرێتەوە، بە هەمان شێوە لە هەولێریش. لە تورکیا چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سیاسی زیندانی دەکرێن، لە ئێستادا دەیان چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی لە بەندیخانەکانی هەولێردان...

دەوڵەتی تورکیا لە بنەمای خۆیدا لەسەر دەوڵەت نەتەوەی تورک و قڕکردنی کوردان بنیاتنراوە، لە مێژووی سەد ساڵەی بنیاتنانی کۆماردا هەمیشە ئەو دەوڵەتە ئەسپی خۆی بەرەو فاشیزم و دیکتاتۆری تاوداوە، کە ئێستا نزیک دەبینەوە لە یادی بنیاتنانی سەد ساڵەی کۆماری تورکیا، ئەو دەوڵەتەش لە فاشیزم و قڕکردنی کورداندا گەیشتووەتە ترۆپکی فاشیزم.

لە ئێستادا تەنها ڕەخنەگرتن یاخود قەبوڵنەکردنی سیاسەتی ئەردۆغان، یاخود لایککردنی قسەیەکی دژ بە ئەردۆغان لە پۆستێکی سۆشیال میدیا بەسە بۆ ئەوەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هاووڵاتییان ڕاپێچی زیندانەکان بکرێن، بۆ دەیان ساڵ مەحکوم بە گۆشەگیری و ئەشکەنجە بکرێن، لە ئێستادا بە دەیان هەزار زیندانی سیاسی کورد لە تورکیا  بونیان هەیە لە بەر ئەوەی ئینکاری کوردبوونی خۆیان نەکردوە. بە هەزاران گیراوی تری ئازادیخواز هەیە، چونکە سیاسەتی فاشیستانەی ئەردۆغان قەبووڵناکەن، تورکیا لە دونیا یەکەم وڵاتە کە زۆرترین ڕۆژنامەنوسی زیندانی کردووە... هتد. هەموو ئەوانە وایکردووە دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتی ڕەخنەی توندی لێبگیرێت و وەک وڵاتێکی نا ئارام بۆ ژیان و ئازادییەکان بەناو بکرێت، لە ئاستی نێودەوڵەتیش تورکیا تووشی ئیحراجیەکی گەورە بێت.

سەرەڕای ئەوەی باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێم هاووڵاتییەکانی قوربانیی گەورەی سیاسەتەکان دەوڵەتی تورکیان و ڕۆژانە گوندەکانی کوردستان بۆڕدوومان دەکات و هاووڵاتییان دەبنە قوربانی، ئەو دەوڵەتە هیچ ڕێزێک بۆ سەروەریی هەرێمی کوردستانی عێراق دانانێت، تەنها لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو زیاتر لە ١٠ هاوڵاتیی باشوری کوردستان شەهیدبوونە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوونە، زەرەر و زیانێکی زۆری مادیش بەر هاووڵاتییان کەوتوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان تاوانەکانی تورکیا پەردە پۆش دەکات و زیاتر لە تورکیا نزیک دەبێتەوە و لە شێوازی بەرێوەبردنی هەرێمەکەدا تەقلیدی سیاسەتی فاشیزمی تورکیا دەکاتەوە.

لە تورکیادا ئەندام پەرلەمان پارێزبەندی لێدەسەندرێتەوە، بە هەمان شێوە لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی زۆرینەی پەرلەمانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزبەندی لە پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی وەرگرتەوە. لە تورکیا چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سیاسی زیندانی دەکرێن، بە هەمان شێوە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی تورکیا دەیان چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی زیندانی کردووە. لە تورکیا ڕۆژنامەنوسان ڕاپێچی دادگا دەکرێن، لە هەرێمی کوردستانیش ڕۆژنامەوان زیندانی دەکرێن و ڕاپێچی زیندان دەکرێن. لە تورکیا یاسای قەدغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکرێت، بە هەمان شێوە لە دوای تورکیا پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیەکی هاوشێوەی بردە پەرلەمان. لە تورکیا ئازادییەکان سنووردار دەکرێن و ڕێگە نادرێت ڕەخنە لە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان بگیرێت، لە باشووری کوردستانیش ڕەخنەکردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی دووچاری دەیان هەڕەشە و هەتا زیندانیش ببیتەوە. کەواتا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە تورکیا مامەڵە دەکات و لە بەڕێوەبردندا تەقلیدی تورکیا دەکاتەوە.

لە بادینان مامۆستا بەدەل بەرواری ماوەی ٤٢ ڕۆژە لە زیندان دایە بە هۆی ئەوەی داوای مافەکانی مامۆستایانی کردبوو، ژمارەیەکی زۆری کادیر و لایەنگری تەڤگەری ئازادی لە زینداندان بە هۆی ئەوەی بیروڕای جیاوازییان هەیە و دژی داگیرکاریی تورکیان بۆ سەر باشووری کوردستان. پێشێلکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک، کە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (Human Rights Watch)بە ڕاپۆرتێک باسی پێشێلکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات دەرهەق بە هاووڵاتییان.

دەربارەی هەمان پرس، حوسێن کەرکوکی بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکانی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: "لە تورکیا و باکوری کوردستان هەدەپە نوێنەرایەتی ئازادیی تێکۆشانی گەلان دەکات دژی سیاسەتی دیکتاتۆری ئەردۆغان ئاکەپە، بەڵام ڕوو بەرووی گرتن و قڕکردنی سیاسی و گرتنی ئەندامەکانی دەبێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش تەڤگەری ئازادی و چالاکوانی سیاسی هاوشێوەی هەدەپە تێکۆشانێكی ئازادیخوازانە بەڕێوە دەبەن لە دژی سیاسەتی بنەماڵەیی و گەندەڵی، داوای فراوانکردنی ئازادی مافە سەرەتایەکانی گەل دەکەن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی هاوشێوەی دەسەڵاتەکەی ئاکەپە و ئەردۆغان ئەندامی تەڤگەری ئازادی و چالاکوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان ڕاپێچی زیندانەکان دەکەن".

ئەو بەرپرسەی تەڤگەری ئازادی وتیشی هۆکاری تەقلیدکردنەوەی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان وا تێگەیشتوە کە تورکیا توانیویەتی بەو سیاسەتە فاشیستانەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بێدەنگ بکات، وا بیر دەکەنەوە کە ئەوانیش هاوشێوەی تورکیا دەتوانن لێرە دەنگی ئازادیخوازان بێدەنگ بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا هەم لە تورکیا و باکوری کوردستان تێکۆشان بەردەوامە، هەم لە باشوری کوردستانیش تێکۆشان بە گرتنی ئازدیخوازان ئەندامانی تەڤگەری ئازادی کۆتایی نایەت بەڵکو فراوانتر دەبێت."

هەروەها لەو بارەیەوە یوسرا ڕەجەب ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ( ANF)ی ڕاگەیاند: "ئاشکرایە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و مامۆستایانی ناڕازی بێسەروشوێن کراون، ئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە، مەترسییەکانی نەک بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراقیش ئەو تاوانانە بووەتە هۆکاری شەرمەزاری لە ئاستی نێودەوڵەتی و کاریگەریی خراپی هەیە."

هەروەها ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێڕاق وتیشی: "ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە گیراون لە هەرێمی کوردستان بە فەرمانی دادوەر نەبووە، ئەوەش جارێکیتر پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسایی و دەستووری عێراق و بنەماکانی مافی مرۆڤە".

لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە چاکسازی لە کاروباری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام هەموو نیشانەکان پێمان دەڵێن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک چاکسازی نەکردووە، بەڵکو بووەتە تورکیایەکی بچووک لە سیاسەتی فاشیستانە و بەرتەسکردنەوەی ئازادیەکان.

ژ.ت