پەیامی کەجەکە بەبۆنەی مانگی موحەڕەمەوە

کۆمیتەی گەلان و باوەڕی کەجەکە بە بۆنەی مانگی موحەڕەمەوە کە عەلەوی و موسوڵمانانی شیعە "بەرخۆدانی کەربەلا" بەبیردەهێننەوە و دەگرین وخواردنی ئاشوورا بڵاودەکەنەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەی گەلان و باوەڕی کەجەکە وتی، "عەلەوی و موسوڵمانانی شیعە، ئەمساڵەش بە ڕۆژۆ و بڵاوکردنی خواردنی ئاشوورا بەرخۆدانی کەربەلایان بەبیرهێنایەوە. سڵاوی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەنێرین کە بە عیبادەتەکەیان بەرخۆدانی کەربەلا بەبیردەهێننەوە. هیوادارین ڕۆژۆ و بڵاوکردنی خواردنی ئاشوورایان قبوڵبکرێت.

کەجەکە لە پەیامەکەدا دەڵێت، "خەباتی ئیمام حسێن و دەیان هاوڕێکانی لەدژی زۆڵمی یەزید، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکۆشانێکی گرنگە. ئەو تێکۆشانە لەدڵی دادمەندان و خەباتی یەکسانی و ئازادی گەلان و هزر و بیریاندا جێگەیەکی پیرۆزی هەیە. بەرخۆدانی کەربەلا بە شێوەی عیبادەت بەبیردەهێنرێتەوە و میراسێکی پیرۆزی تێکۆشانی ئازادی مرۆڤایەتی بۆ گەلەکەمان بەجێهێشتووە. لەبەرئەوە ئیمام حسێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێڵێکە. ئەوانەی لەسەر خەباتی داواکاری ماف و دادمەندی بەردەوامن، ١٣٧٩ ساڵە بە ڕۆژۆگرتن و بڵاوکردنەوەی خواردن، گیانی نرخی مرۆڤایەتی و بیروباوەڕیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بەجێهێشتووە.

هێڵی بەرخۆدانی ئیمام حسێن کە بە عیبادەت پیرۆز دەکرێت، نرخێکی گەورەیە. پیرۆزیەکەی لەوەدایە، زاڵمەکان قبوڵناکات. دەست لە ژیانی خۆیان بەردەدەن و لەدژی دەستبەسەرکردن و ناحەقی، خۆیان ڕادەستی سوڵتان و قەسرنشینەکان ناکەن کە ویژدان و ئابڕووی مرۆڤایەتی پێشێلدەکەن. بەهۆی ئەوەی مافدارە و نوێنەرایەتی ئەخلاق و ئابڕووی مرۆڤایەتی دەکات سەدان ساڵە بەبیردەهێنرێتەوە. بەهۆی ئەوەوە حسێینیبوون لە بەرەی ئیمام حسێندا بەواتای ئەوەدێت، مرۆڤەکان بە بێ جیاوازی لەدژی زوڵم و زۆری و قەسر و سوڵتان کە ئابڕوو و ویژدانی مرۆڤایەتی پێشێلدەکەن، تێدەکۆشن.

جان عەلەویە عەزیزەکان و خۆشەویستانی هێژای حسێن

لە کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەڵاتەکانی وەک یەزید زوڵم لە گەلانی ئێمە دەکەن. دەتوانین بڵێین لە هەموو وڵاتێکدا کۆمەڵێک بەرژەوەندیخواز بۆ پاراستنی قەسر و سوڵتانەکان، زوڵم دەکەن و مافی گەل دەخۆن. وەک چۆن لە هێرشە فاشیەکانی (ئاکەپە – مەهەپە) دا بینیمان، داواکاری سەرەکی گەلی کورد وەک بیانوویەک بۆ هێرشکردن بەکاردەهێنن. ئەو فاشیستە بۆ بەرژەوەندی ئیمپڕیالیزمی خۆیان، داواکاریە ڕەوا و یاساییەکانی گەلی کورد دەکەن بە بیانوو و هەوڵی داگیرکردنی خاکی سوریا و عێراق دەدەن. هەموو ڕۆژێک بێئەوەی جیاوازی لەنێوان ژن و منداڵ و پەککەوتە بکەن، مرۆڤی بێتاوان دەکوژن. هاوشێوەی یەزید دەڵێن، یان دەبێت سیستمەکەمان قبوڵبکەن و گوێڕایەڵی فەرمانەکانمان بن، یان دەتانکوژین. ئێش و ئازاری هەژار و چەوسێنراوەکان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن. وەک دەزانرێت زاڵم هەموو کاتێک لەدژی ئەوانەی داوای یەکسانی و ماف و حەق دەکەن، بەرەکانیان یەکدەخەن. یەکدەگرن و بەیەکەوە دەجووڵێنەوە. بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە دەمانەوێت بڵێین، ئەوانەی بەرخۆدانی کەربەلا بەبیردەهێننەوە، پێویستە لە تێکۆشینی دژی زوڵم و زاڵمدا، هەوڵی یەكێتی بدەن. لەبەرئەوەش لەم ڕۆژەدا، وانەی گرنگ ئەوەیە، لە بیرەوەری موحەڕەمدا کە تا ئاستی عیبادەت پیرۆزە، لەدژی زوڵمی دەسەڵاتدارن، بە هزرێکی ڕێکخراوەیی و بە سەرفرازی بەیەکەوە تێبکۆشین.

ئەمڕۆ ئەگەر سەرنجبدەینە دۆخی کوردستان، سوریا و تورکیا، دەبینین، ئەوانەی کە ڕێچکەکەیان دەگاتە یەزید، دەیانەویت کۆمەڵگای عەلەویش لەناوببەن. فشار و زوڵمێکی زۆری ڕژێمی فاشیستی ئەردۆغان – باخچەلی لەسەر عەلەویەکانی تورکیا و کوردستان هەیە. هێرشی قبوڵنەکراو لەبەرامبەر پیرۆزیەکانی کۆمەڵگای عەلەوی دەکرێت. لە ڕێگەی خوێندنگاکانی ئیمام خەتیب کە بە پشتگیری ئەوقاف بوونەتە هۆلدینگ، گیان، ڕێباز و مێژووی عەلەویەکان دەکەنە ئارمانج و دەیانەوێت لەناویبەرن. ڕووی چەتەکان دەکەنە دەرگای عەلەویەکان و پەیامی کۆمەڵکوژیان بۆدەنێرن. لەبەرئەوەش رێگەی ڕاست و رێبازی ئیمام حسێن ئەوەیە، لەدژی یەزیدبوونی هاوچەرخ بەیەکەوە تێبکۆشین. موحەڕەم فەرمان بە عەلەویەکان دەکات لەدژی فاشیزمی ئەردۆغان و باخچەلی بەیەکەوە لەگەڵ هێزە دیموکراتخوازەکان تێبکۆشن.

وەک عەلەویەکان، موسوڵمانانی شیعەش بەرخۆدانی کەربەلا بەبیردەهێننەوە. بە بڕوای ئێمە، فەرمانی ئەم خەتە ئەوەیە، لدژی یەزیدبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە فاشیزمی دەوڵەتی تورک سەرکێشی دەکات و لەدژی هەموو سیاسەتە زۆردەستەکان تێبکۆشین. ڕەحمەتی خوا لەو موسوڵمانە شیعانە بێت کە لە مەراسیمەکانی ئەمساڵەی کەربەلادا گیانیان لەدەستدا. بانگەوازیمان بۆ موسوڵمانانی شیعە و هەموو بڕواداران کە لەسەر ڕێچکەی ئیمام حسێن تێدەکۆشن ئەوەیە، لەدژی رژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرەیەکی هاوبەش تێکۆشانی دیموکراسی گەش بکەن.

بە بۆنەی ڕۆژی موحەڕەم و ڕۆژی ئاشوورا، جارێکیتر ئیمام حسێن لەناخی دڵەوە بەبیردەهێنینەوە و هیوادارین ڕۆژۆی دوانزدە ئیمام و خزمەتەکەیان لە دەفتەری حەقدا بنووسرێتەوە.

بانگەوازیمان بۆ هەموو دڵدارانی ئیمام حسێن ئەوەیە. با هەوڵ بدەین حەزرەتی حسێن و هەموو شەهیدەکان لە تێکۆشانی دژی زوڵمدا بژین. لە تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی کوردستاندا کە تەڤگەرێکی هاوچەرخی حسێنییە، شەهیدەکان دەژین. بانگ لە هەموو کەسێک دەکەین، بەشداری لە بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیدا بکەن.