کوردان لە ساڵیادی کوژرانی ئۆلاف پاڵمە دا لەسەر گۆڕەکەى یادیان کردەوە

ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید هێرشی کرایە سەر و کوژرا، کوردان لە ساڵیادی کوژرانەکەیەدا چوونە سەر گۆڕەکەی و یادیان کردەوە.

ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید هێرشی کرایە سەر و کوژرا، کوردان لە ساڵیادی کوژرانەکەیەدا چوونە سەر گۆڕەکەی و یادیان کردەوە.

سەرلەبەیانیی ساڵیادی کوژرانەکەى گەلی سوید چوونە سەر گۆڕەکەى پاڵمە و یادیان کردەوە و دوای نیوەڕۆکەشی دەستەیەکی بەرچاو لە کوردان چوونە سەر گۆڕەکەى پاڵمە و یادیان کردەوە.

کوردان چەپکەگوڵیان بە ئاڵای پەکەکەوە لەسەر گۆڕەکەى پاڵمە دانا. ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە یادکردنەوەکەدا رایگەیاند، گەلی کورد بەهۆی کوژرانی پاڵمەوە زۆر خەمبار بوو و دۆستێکی کوردان بۆ تێکۆشانی دیموکراسی و دادپەوەرەری و ئازادی لە دەستچوو.

قەرەموس راشیگەیاند، ئۆلاف پاڵمە دەیخواست دۆزی کورد لە رێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکات و وتی، "سەرباری ئەوەى بکوژەکەى ئۆلاف پاڵمە دیاریکرا، بەڵام دەوڵەتی وەک تورک ئیدعا دەکات، کە پاڵمە لەلایەن کوردەوە کوژراوە. کوردان زۆر جار بە رای گشتیی دونیایان راگەیاندووە، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوشتنی پاڵمەوە نییە. کورد هەرگیز کوشتارێکی دڕندانەى لەو شێوەیە ئەنجام نادات".

نادیا ساڵح هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سوید لە یادەکەدا رایگەیاند، هەر لە سەرەتای رووداوەکەدا، کە هێشتا هیچ بەڵگەیەک لە گۆڕێدا نەبوو پۆلیسی سوید بە خێرایی تاوانی کوشتنی پاڵمەى خستە ئەستۆی کوردان. نادیا ساڵح راشیگەیاند، ئەگەر پاڵمە ئێستا زیندوو بوایە ئەوا بە دڵنیاییەوە لەگەڵ تێکۆشانی ئازادیی کورددا دەبوو. نادیا لە بەردەوامی وتەکانیدا داوایکرد، ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

قادر کاسیرگا پەرلەمانتاری پێشووی سوید و سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکرات لە شارەوانیی ستۆکهۆلم بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، داواکاری گشتیی سوید ساڵی پار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، دۆسیەی تاوانی کوشتنی پاڵمە داخراوە و لەوبارەیەوە راشیگەیاند، "داواکاری گشتی رایگەیاند، کورد هیچ پەیوەندییەکی بە تاوانی کوشتنی پاڵمەوە نییە، بەڵام ئێستاش هەندێک هێز، کە لە ژێر کاریگەریی تورکیادان، هێشتا کوردان تاوانبار دەکەن".

هاووڵاتییەکی کورد بەناوی ئەحمەد یڵدز رایگەیاند، کورد پاڵمەى زۆر خۆشدەویست و وتی، "عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٨دا و کاتێک لە رۆما بوو نامەیەکی بۆ گۆران گرایدەر نارد و رایگەیاندبوو، ئەوان پاڵمە بە شەهیدی خۆیان دەزانن".

ژ.ت