ئامینە عومەر: ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی گشتیی سوری دەکەین

هاوسەرۆکی مەسەدە ئامینە عومەر دەربارەی دۆخی ئێستای سوریا و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە رایگەیاند: "ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی گشتیى سوری دەکەین."

ئامینە عومەر هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) دەربارەی پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ رۆژئاوا، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە و پلانانی مەسەدە بۆ داهاتووی سوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ئامینە عومەر دەربارەی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ڕایگەیاند: "پەیامی سەرۆک پەیامێکی پۆزەتیڤ بوو لەم کاتەدا، کە ماوەی ٨ ساڵ بوو گۆشەگیری لە سەر سەرۆک هەبوو. ناوەرۆکی پەیامەکە ورە و موراڵیکی مەعنەویی دایە گەلی کورد، کە دۆخی تەندروستیی سەرۆکایەتی باشە. هەروەها چاودێریى خۆی لەبارەی دۆخی سیاسی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتیش بۆچوونی خۆی دەربارەی سوریا خستەڕوو."

"بۆچوونی ئێمە ئەوەیە، کە کێشەکان لەگەل تورکیا بە دیالۆک چارەسەر بکرێت"

هاوسەرۆکی مەسەدە راشیگەیاند: "لە کاتی ئیستادا کە شەڕ هەیە سەرۆک لە پامەکەیدا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ووتوویەتی، کە ڕێگەی دیالۆک و ئاشتی باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک بۆچوونمان ئەوەیە، کە کێشەکان بە دیالۆک چارەسەر بکرێن، بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەل دەوڵەتی تورک ئێمە مەرجی خۆمان هەیە".

دەربارەی ئامانجی تورکیا لە ناوچەکە هاوسەرۆکی مەسەدە وتی: "ئامانجی تورکیا لە ئیستادا داگیرکردنی ئەم هەرێمەیە. تورکیا دەیەوێت بێتە ناو خاکی سوریا و ئەم ناوچەیە بخاتە ژێر کۆنترۆلی خۆیەوە، بۆیە پێشتر دیتمان چۆن پشتگیریی هێزە ئیسلامییە ئۆپەزسیۆنەکانی سوریای کرد و داعشی دروست کرد، پاڵپشتیی داعشی کرد لە رووی مەعنەوی و مادی و ناردنی ئەندامانی داعش بۆ ناو خاکی سوریا تا ئەم هەرێمە داگیر بکات وەکو چۆن جەرابلوس و باب و عەفرینی داگیرکرد".

وتیشی: "ئاکەپە حەز ناکات ئەزمونێکی دیموکراتیک لەم ناوچەیەدا دروست بێت. حەز ناکات کیانێکی خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دروست بێت".

"پرۆژەی ئێمە پرۆژەیەکی دیموکراتییە و تەنها پرۆژەی کورد نییە"

ئامینە عومەر هاوسەرۆکى مەسەدە دەربارەی پرۆژەی مەسەدە ئاماژەى بەوەکرد: "پرۆژەی ئێمە پرۆژەیەکی دیموکراتیکە و تەنها پرۆژیەکی کورد نییە، بەڵکو هەموو نەتەوەکان بەشدارن لەم پرۆژەیە. چونکە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتیی نێوان گەلان رێگە چارەی کێشەکانە. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێین، دەوڵەتی تورک دژی دیموکراتییە و لە هەر کوێ بێت پرۆژەی خۆی بەردەوام دەکات و لە فراوانبوونی زەویی خۆێ بێ ئەوەی حیساب بۆ یاسا و دەوڵەتانی دراوسێ بکات".

دەربارەی کۆبوونەوەی مەسەدە لەگەڵ عەشیرەتەکان هاوسەرۆکی مەسەدە ڕایگەیاند: "کوبوونەوە لەگەڵ عەشیرەتەکان گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ ئێمە وەکو مەسەدە، کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و کەسانی سیاسی و عەشایری و رۆشنبیری و ماف پارێز کۆبکەینەوە و پرۆژەی مەسەدەیان پێبناسێنین و هەڵوێست و بۆچوونی ئەوانیش ببینین، کە چۆن پشتگیریی خۆبەڕێوەبەری و  هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "عەشیرەتەکان ڕۆڵێکی زۆریان هەیە. سەرۆک عەشیرەتەکان رۆلیان هەبوو و کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) شەڕی دژ بە داعش-یان دەکرد پشتگیرییان لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرد و ڕۆڵەی خۆیان دەنارد بۆ بەشداریکردن لە ریزەکانی قەسەدە وە قوربانییان داوە لە پێناو رزگارکردنی ئەم هەرێمە".

هەروەها دەربارەی هەڵوێستی رژێم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەشیرەتەکان ئەوەى خستەڕوو: "هەرچەندە لەلایەن رژێمی سوریا هەڕەشە لە عەشیرەتەکان کرا کە بەشداریی کۆبوونەوەکە نەکەن، بەڵام کاتێک کۆبوونەوەی عەشیرەتەکان کرا زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئامادەبوون. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک عەشیرەتەکان قسەیان کرد، کە چۆن پشتگیریی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و پرۆژەی ئەنجوومەنى سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) دەکەن و چۆن پشتگیریی خۆبەڕێوەبەریى باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەکەن. عەشیرەتەکان ڕایانگەیاند، رۆلی خۆیان بەردەوام دەکەن تا ئەم خاکە بە تەواوەتی پاک بکەنەوە لە تیرۆرستان و پارێزگاری لەم پرۆژەیە بکەن کە پرۆژەی ئەوانیشە".

"پێویستە هەموو گەڵانی سوریا بەشداربن لە نووسێنەوەی دەستووری نوێ دا"

ئامینە عومەر هاوسەرۆکی مەسەدە دەربارەی چارەسەریی کێشەکانی سوریا ئەوەشی خستەڕوو: "‌‌هەوڵمان داوە بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەین چ لەگەڵ رژێم بێت، یان ئۆپەزسێۆن، یان هەر ڵایەنێکی دیکە. ساڵی پار دوو چاوپێکەوتنمان لەگەڵ رژێم ئەنجامدا. دوای ئەوەی رژێم دەعوتی کردین بۆ دیالۆگ، بەلام چاوپێکەوتنەکان بێ ئەنجام بوون، چونکە عەقڵییەتی رژێم نەگۆڕاوە و رژێم دەیەێت هەر وەکو پێشتر مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکات. ئێمە توانیومانە ئەم پرۆژەیە بسەلمێنین، کە پرۆژەیەکی سەرکەوتووە، کە مافی هەموو پێکهاتەیەکی تێدا بەدەست دێت، رژێمی سوریا هەتاکو ئەمڕۆ پرۆژەی خۆبەڕیوبەری قەبووڵ ناکات".

دەربارەی مافی کورد لە دیدی رژێمێ سوریاوە ئامینە عومەر ڕایگەیاند: "رژێمی سوریا مافی کورد تەنها لە چوارچێوەی هەفتەی دوو سەعات پەروەردە بە زمانی کوردی دەبێنێت. ئێمەش ئەوەمان قەبوول نەکرد ووتمان پرۆژەی خۆمان هەیە، کە مافی هەموو گەلی سوریا دەپارێزێت. پێویستە دەستوورێکی نۆێ لە سوریا بنووسرێتەوە، کە هەموو گەڵانی سوریا بەشداربن لە نووسێنەوەی ئەو دەستوورەدا".

"ئامادەکاری بۆ بۆ کۆنگرەیەکی گشتیى سوری دەکەین"

ئامینە عومەر هاوسەرۆکی مەسەدە لە کۆتایدا دەربارەی پلانی مەسەدە بۆ ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند: "خەباتی هاوبەش لە هەموو ناوچەکە بەردەوامە. لە  ئەوروپاش ئامادەکاری بۆ خەباتی هاوبەش کراوە. لە ئەوروپا بە تایبەتی لە فەرەنسا و نەمسا. ئەم پرۆژەیە وەکو خەباتی هاوبەش کۆبوونەوەی دیالۆگی سوری سورییە. ئەو کەسانەی لەم خەباتە هاوبەشەدا کار دەکەن کەسانی سیاسەتمەدار و کەسانی کۆمەڵگای مەدەنین و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبین، بۆیە پێویستە ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت بەرفراوان بکرێن، کە چۆن چارەسەری بۆ دوارۆژی سوریا دەستەبەر بکەین و سیستمی حوکم و دەستووری سوریا و مافی پێکهاتەکان دەبێت چۆن بێت. ئەم پرۆژەیە لەوانەیە ٦ مانگی دیکە بخایەنێت. ئەو بیر و ڕایە، کە لەو خەباتە هاوبەشەدا کۆدەکرێتەوە دەگاتە ئەنجامێکی باش. بەپێی ئەمەش ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی گشتیى سوری دەکەین".

ر.م