ئەڵمانیا ئامادەیە داعش داواکراوەکەى لە یەپەگە وەربگرێتەوە؟

یەکێک لەو ٨ چەتە بیانییەى داعش، کە لە شارۆچکەى هەجینى دێرەزۆر لەلایەن یەپەگەوە دەستگیرکران، هاووڵاتییەکى ئەڵمانییە بە ناوی لوکای گلاس. ئەو چەتەیە لەلایەن ئەڵمانیاوە داوا کراوە و بڕیاری دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵی دەرچووە.

ناوەندی راگەیاندنى یەپەگە دوێنێ رایگەیاند، لە چوارچێوەى هەڵمەتى گەردەولی جزیردا لە شارۆچکەى هەجین و دەورووبەریدا ٨ چەتەى بیانیى داعش دەستگیرکراون.

یەپەگە راشیگەیاند، چەتە دەستگیرکراوەکان هاووڵاتیى ئۆزبەکستان، تاجیکستان، کازاخستان، ئۆکرانیا، رووسیا، ئەمریکا و ئەڵمانیان.

لە دواى راگەیاندراوەکەى یەپەگە، میدیاکانى ئەڵمانیا چەندین بابەتیان لەبارەى ئەو چەتە دیلکراوە ئەڵمانییەوە بڵاوکردەوە. راگەیاندرا، گلاس ساڵی ١٩٩٥ لە شاری دۆرتموند لە ئەڵمانیا لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٣ پەیوەندیى بە گروپە سەلەفییەکانەوە کردووە و ساڵی ٢٠١٤ لە رێگەى تورکیاوە چووەتە ناو چەتەکانى داعش.

لە دیلۆکەوە خۆی گەیاندە ناو چەتەەکانى داعش

لوکاس گلاس دواى ئەوەى بەشداری ریزی چەتەکانى داعش بووە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ "ئەبو ئیبراهیم ئەل ئەڵمانی". هێزە ئەمنییەکانى ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە رێکخستنى تیرۆردا" لێکۆڵینەوەیان لەبارەی گلاسەوە دەستپێکردووە. دواتر بەڵگەکانى داعش و بوون بە داعشی ئەو چەتەیە کەوتە دەست هێزە ئەمنییەکانى ئەڵمانیا و لەو کاتەدا گلاس لە ناو داعش دابوو.

لە یەکێک لەو بەڵگانەدا هاتووە، گلاس باسی چیرۆکى ژیانى خۆی بۆ بەرپرسانی داعش کردووە و شێوازی بەشداربوونی خۆی بۆ گێڕاونەتەوە. بەپێى ئەو بەڵگە و نووسراوانەى دەستکەوتوون، گلاس ساڵی ٢٠١٤ لە ریگەى ئەبو والا بەرپرسی داعشی ئەڵمانیا بەشداری ریزەکانى داعشی پێکراوە. بەرپرسی داعش لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە شاری سێلەى ئەڵمانیا دادگایی کرابوو. لە تەمووزی ٢٠١٧ بۆ ئەوەى خۆی بگەیەنێتە ناو چەتەکانى داعش لە سوریا، چووە بۆ شاری دیلۆک.

گلاس چەتە ئەڵمانییەکەى داعش باسی ئەوەیکردووە، لە دیلۆک گروپە چەتەکەى ئەبو محەمەد ئەل سچیمالی پەڕاندویانەتەوە بۆ سوریا. دەوترێت، ئەل سچیمالی هاووڵاتیى سعودی بووە و ساڵی ٢٠١٧ لە هێرشی ئاسمانیى فڕۆکە جەنگییەکانى رووسیا لە سوریا کوژراوە.

دوا ئەوەى نووسراوە ناوخۆییەکانى داعش کەوتنە دەست هێزە ئەمنییەکانى ئەڵمانیا، داواکاری گشتیى ئەڵمانیا لە مانگی تشرینى دووەمی ٢٠١٦دا لە شاری کارلسروهە بە پاساوی "ئەندامبوون لە رێکخستنى تیرۆریستیى بیانیدا" دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەبارەى لوکاس گلاس-ەوە. بەڵام لەو کاتەدا هەرچیى کردبوو نەیتوانیبوو دەستی بە گلاس را بگات، چونکە لە ناو چەتەکانى داعشدا بوو لە سوریا، بەڵام ئێستا هێزەکانى یەپەگە لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٧ی بەفرانبار لە شارۆچکەى هەجین لە دێرەزۆر لە ئۆپەراسیۆنێکى تایبەتدا دەستگیریان کردووە و داواکارى گشتیى ئەڵمانیا دەتوانێت دەستى پێى رابگات.

ژمارەى چەتە داعشە ئەڵمانییە دیلکراوەکان لەلای یەپەگە گەیشتە ٣٦ چەتەی ئەڵمانی

ئێستا ئەوە روون نییە، کە ئاخۆ دەوڵەتى ئەڵمانیا داوای گلاسی داواکراو لە یەپەگە دەکات یان نا. بە دەستگیرکردنى گلاس ژمارەى چەتە ئەڵمانییەکانى داعش کە لەلایەن یەپەگەوە دەستگیرکراون، گەیشتە ٣٦ چەتە.

 چەتە داعشە بیانییەکان و داعشە چەتەکانى وڵاتانى ئەوروپا و رۆژئاوا ماوەیەک باسی چڕی ناوەندەکانى ئەوروپا بوون. چەند جارێک داوا لە حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا کراوە، کە چەتە داعشە ئەڵمانییە دیلکراوەکانى لای یەپەگە وەر بگرێتەوە. بەرپرسانی ئەڵمانیاش رایانگەیاندبوو، لە هەوڵدان چارەسەرێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ هاووڵاتییە ئەڵمانییەکانى ناو چەتەکانى داعش و وەرگرتنەوەیان بدۆزنەوە.

 

ر.م