باسی بەسەرهاتى ئەشکەنجەکانى لە ئەمنە سوورەکە دەکات

نەسرین عومەر رەشید تەمەن ٤٧ ساڵ یەکێک لەو کەسانەیە کە لە سەردەمى رژێمى سەدام لە سلێمانى لە ئەمنە سوورەکە زیندانى کراوە. نەسرین عومەر دوای ٢٧ ساڵ باسی ئەشکەنجە و بەسەرهاتەکەى خۆى لە ئەمنە سوورەکە دەکات.

بینای ئەمنە سوورەکە ساڵی ١٩٧٩ بۆ کۆلێژى کشتوکاڵ دروستکرا، بەڵام ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن رژێمى بەعس بە سەرۆکایەتیى سەدام حوسێنەوە کرا بە بیناى ئاسایشى ئەو رژێمە لە شارى سلێمانی. تاوەکو راپەڕینى ١٩٩١ هەزاران کوردی تیادا ئەشکەنجەکراون و کوژراون. هەزاران کەسى تیادا بێسەروشوێنکرا و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیارى ماوەتەوە. راپەڕین ٥ى ئازاری ١٩٩١ لە قەڵادزێ دەستیپێکرد و دواى ٢ رۆژ لە سلێمانیش راپەڕین دەستیپێکرد و هاووڵاتییانى ڕاپەڕیو هێرشیان کردە سەر بیناى ئەمنە سوورەکە لە ناو شارى سلێمانی. دواى ٢ رۆژ لە گەمارۆدانی بیناى ئەمنە سوورەکە، رۆژی ٨ى ئازاری ١٩٩١ ئەمنە سوورەکە لەلایەن هاووڵاتییانى راپەڕیوە رزگارکرا و سەدان کەسی تیادا رزگارکرا.

 کاتێک سەردانى ئەمنە سوورەکەم کرد و ئەو دڕندەییەى لەوێ ئەنجامدرابوو و شوێنەوارەکانى هێشتا بەسەر دیوارەکانەوە دەبینران، دەستم کرد بە گەڕان بە دواى یەکێک لەو کەسانەى کە لەو ئەشکەنجەخانەیە رزگارى بووە. دواتر زانیم ژنێکى رزگاربووی ئەمنە سوورەکە لە گەڕەکى راپەڕین لە شارى سلێمانى ژیان بەسەر دەبات. ئەو ژنە لە ئەمنە سوورەکە رزگارى بووە، بەڵام بەهۆى ئەشکەنجە قورسەکانەوە هەر دوو چاوەکانى لە دەستدابوو. ئێمە چووین بۆ سەردانى نەسرین عومەر رەشید.

نەسرین عومەر رەشید ساڵی ١٩٧١ لە پێنجوێن بنەماڵەیەکەدا لە دایکبوو، کە ٦ خوشک و ٧ برا بوون. نەچووەتە خوێندنگە. ئەندامى لقى گەنجانى شۆڕشگێڕی کۆمەلەى مارکسی لینینیى باشوورى کوردستان بوو. لە کاتى کارکردن لەو ناو کۆمەڵەدا عادل عەلیى هاوسەرى ناسی. لە تشرینى یەکەمی ١٩٩٠ و مانگێک پێش ئەوەى دەستگیر بکرێت، هاوسەرگیرییان کردبوو.

سیخوڕیان دەخستە ناومان

نەسرین عومەر رەشید لە کاتى هەڵکوتانە سەر مالەکەیاندا دەستگیرکرا. بە هەست و کاریگەرییەوە باسی قورسیى ئەشکەنجەکان و بەسەرهاتەکەى دەکات و دەڵێت "هەموو کاتێک ئەشکەنجەیان دەکرین، بەڵام هیچیان دەست نەدەکەوت، چونکە هیچمان پێنەدەوتن. زۆرجار لەکاتى ئەشکەنجەکردندا دەبوراینەوە. بە دیوارەوە هەڵیاندەواسین و ئاوی سارد و بەهێزیان پیادا دەکردین. بەهۆى ئەشکەنجەکانەوە هەموو کات چاوم رەش دەبوو. زۆر کات لە ژوورى تاکە کەسیدا رایاندەگرتم. هەندێکجار نانێک و تۆزێک ئاویان پێدەداین و ئەوە خۆاردنەکەمان بوو. رۆژێک بردمیان بۆ ئەشکەنجە کردن و گەنجێکیان هینایە بەردەمم. ئەو گەنجەم نەدەناسی. لەوکاتەدا مرۆڤەکان بۆ ئەوەى ئەشکەنجەى زیاتر نەکرێن، بە ناچار هەندێکجار دەیوت ئەو کەسە دەناسم، کە لە راستیشدا نەیدەناسی...، بەلام من وتم ئەو گەنجە ناناسم. پێشتر لە کۆبوونەوەکانماندا باسى ئەوە دەکرا، کە لە زینداندا سیخوڕ دەخەنە ناوتانەوە. سیخوڕەکەش وەک کەسى زیندانیکراو دەخرێتە ناوتانەوە. ئەوەشیان بۆ ئەوە دەکرد، زانیارییان لەسەر زیندانییەکان دەست بکەوێت. لە زیندانداندا ٢ کەسیان هێنا بۆ لاى من وا دیار بوو ئەوانیش زیندانین، بەڵام پرسیارى زۆریان دەکرد. لەبەر ئەوەی گومانم لێیان بوو، باسىی کەس و هیچم بۆ نەکردن.

ئومێدمان بە راپەڕین بوو

نەسرین عومەر رایگەیاند، هەموو کەس دەیزانى کەس لە ئەمنە سوورەکە بە سەلامەتى دەربازى نابێت. یان بێسەروشوێن دەکرا و دەکوژرا، یان بە لە دەستدانى بەشێکى جەستەى رزگاریان دەبێت. نەسرین عومەر راشیگەیاند، لەو بڕوایەدا نەبووە بە سەلامەتى لە ئەمنە سوورەکە رزگارى بێت، بەڵام تاکە هیواشیان ڕاپەڕین بوو. نەسرین وتى "لەو کاتەدا لە نێوان عێراق و کوەیت دا شەڕ روویدابوو. بەهۆى ئەو دۆخەوە هەرگیز بێ ئومێد نەبووم و بڕوام بەوە هەبوو ڕاپەڕین دەکرێت. ئەو شەوەى ئەمریکا لە لە عێراقى دا، لە سلێمانى تەقەیەکى زۆر کرا. بیرم لەوە دەکردەوە، بڵێى ڕاپەڕین دەستیپێکردووە".

عادل عەلیى هاوسەرم تووشى نەخۆشیى کۆلێرا بوو بوو و تاوەکو چاکبوونەوەى لە ژوورێکدا بوو. زۆر کەس لەو ژوورەدا بوون. پێش هەفتەیەک هەندێک هاووڵاتى هێنرابوون بۆ ئەو ژوورەى زیندان و پێیان وتبون، ئەگەرى ئەوە هەیە راپەڕین بکرێت. لە رێکخستنەکەى ئێمەدا خۆم، هاوسەرەکەم، کاک حەسەن، کاک عەبدولڕەحمان، کاک نامیق و چەند کەسی تر لە ئەوروپا و ژنێک لە ئەمنە سوورەکەدا بووین. پێش ڕاپەڕین بەهۆى ئەشکەنجەى قورس و تاولەرزی زۆرەوە منیان بە کەلەپچەکراوی گواستبووە بۆ نەخۆشخانەى ناو شار. کاتێک راپەڕین دەستیپێکرد لەنەخۆشخانە بووم. دواى ئەوەى ئەمنە سوورەکە رزگارکرا و سەربازانى رژێمى بەعس لە سلێمانى دەرکران، منیش لە نەخۆشخانە ئازاد بووم".

بەهۆى ئەشکەنجەى قورسەوە بینایى چاوەکانى لە دەستداوە

نەسرین عومەر رەشید بەهۆى ئەشکەنجەى قورسەوە ٢ ساڵ دواى ئازادبوونى لە ساڵی ١٩٩٣ دا چاوى راستى لە دەستدا و ساڵی ١٩٩٥یش چاوەکەى تری لە دەستدا. سەربارى ئەوەش هیوابڕوا نەبووە و وتى "وەک خۆم زۆر بەهێز بووم. سەربارى ئەوەى چاوەکانم لە دەستداون، دەستبەرداری خوێندن، کار، رێکخستن و بەرخۆدان و هەموو شتەکانى تر نەبووم. هەر ساتێک تەنیا بم بیر لە ژیانى رابردوو و بەسەرهاتەکان و گەشت و گەڕان و ناسینى عادلی هاوسەرم دەکەمەوە. کچێکم بوو، خوێندنى  تەواو کرد و دواتر هاوسەرگیریى کرد، هاوسەرەکەى زۆر هاوکاریى کردم. خوشک و براکانم بوونە یارمەتیدەرم. زۆر کەس لە کۆمەڵگەکەم خۆبەخشانە هاوکارییان کردم. سەربارى ئەوەى نابینم، چاوەکانیشم زۆر ئازاریان هەیە و ناچارم هەموو کات دەرمان بەکار بهێنێم".

ئەمنە سوورەکەم لە یاد ناچێتەوە

نەسرین عومەر راشیگەیاند، هەرگیز ئەمنە سوورەکەى لە بیرناچێتەوە. تاوەکو ئێستاش چەند جارێک چووە بۆ ئەمنە سوورەکە. جاری یەکەم زۆر قورس بووە بۆیى بڕوات بۆ ئەمنە سوورەکە، چونکە ئەو ئەشکەنجانەى لەوێ بەرامبەر خۆی و کەسەکانى تر کراون، زۆر دڕندانە بوون و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى بوون و ئەو ئەشکەنجانەوەى دەهاتەوە پێش چاو.

ر.م