بانگەوازێک لە جنێفەوە: تورکیا ڕێز لە ئاگربەست بگرە!

کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی دەستووری سوریا بۆ ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم دواخران. نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا گەیر پیدێرسن دوای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکیدا بانگەوازێکی ئاڕاستەی تورکیا کرد و داوای کرد ڕێز لە ئاگربەست بگرێت.

کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی دەستووری کە پێک دێت لە١٥٠کەس و لە ٣٠ تشرینی یەکەمەوە بە فەرمی لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکاندا دەستی بە کارەکانی کردووە، دوای هەفتەیەک کۆبوونەوە ئەمشەو کۆتایی پێهات.

دوای هەفتەیەک ئەمشەو کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام درا و لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە زانیاری بڵاو کرایەوە. نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا گەیر پیدێرسن بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتووی تێپەڕیوەو ڕاشیگەیاند کۆبوونەوەکە لە ٢٥ی تشرینی دووهەمەوە دەست پێدەکەنەوە.

پیدێرسن ڕاشیگەیاند کە هەردوو لایەن باسیان لەوە کردووە کە لە ٢٥ی تشرینی دووهەمدا پێکەوە کۆ دەبنەوە، ئەوشی ئاشکرا کرد کە ئەو کۆبونەوانەی تا ئێستا کراون بۆ هەموو لایەنەکان، پێش هەموو شتێک بونەتە هۆی پێشخستنی دۆخێکی باوەڕدار.

پیدێرسن: ڕێزی ئاگربەست بگرن

دوای لێدوانەکە لە وەلامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا کە وتی، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان، هێرشەکانی تورکیاش بەردەوام بوون. گوند و شارەکان ڕووخێندران. ئایا لەناو کۆبوونەوەکاندا ئەو هێرشانەتان شەرمەزار کرد یان نا؟ ڕێژەی کورد لە کۆبوونەوەکە چەندە؟" پیدێرسن وتی: "لەناو کۆمیتەکەدا بە کراوەیی دەنگی کورد دەبیسترێت، وەکو پێشتریش وتم، من و سکرتێری گشتیش لە بارەی دۆخی مرۆیی و ئەو ڕووداوانەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوو دەدەن لێدوانمان دابوو. وەکو پێشتریش وتبووم و ئێستاش دەڵێم؛ بانگەوازی بەپەلەی ئاگربەست دەکەین،  داوا دەکەم بە پێی ئاگربەست هەڵسوکەوت بکەن".

جێگەی باسە کە هیچ نوێنەرێکی خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەناو ئەو کۆمیتەیەدا جیگایان نەکردووتەوە،  تەنیا دوو کوردی تێدایە.