بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هێرشکردنە سەر گەلی عەفرینی رسوا و شەرمەزار کرد

بەڕیوەبەرایەتی خۆسەری عەفرین، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گەلی عەفرین رسوا و شەرمەزار کرد.

بەڕیوەبەرایەتی خۆسەری عەفرین لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر رۆحی تێکۆشان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە.

لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری عەفریندا هاتووە:

"لە کاتێکدا کە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی سیستمە دیکتاتور و نەتەوەپەرەستەکان تێدەکۆشن بۆ ئەوەی شکۆ و ئازادیی خۆیان بەدەست بێنن، تێکۆشانی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا خاوەنی تایبەتمەندیەکی جیاوازن. ئەویش هەبوونی ژنان، بە تایبەت ژنانی کورد کە پێشەنگایەتی ئەو قۆناغەیان کرد و بوون بە فەرماندە، شەڕڤان و فیداکار. کۆمەڵگای بەرێکخستن کرد و مەترسیدارترین ریکخراوی تیرۆرستی (داعش) و چەندین گروپی دیکەی توندڕەو کە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکرا هاوکاریان بوو، لەناو برد. دەوڵەتی فاشیستی تورک هەموو دەرفەتێکی بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلان، بە تایبەت گەلی کورد بە رێگای داگیرکردنی خاکی سوریا، لە ناویشیدا لە دژی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بەکار دێنێت.

لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە چەتەکانی تورکیا تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی لە بەرامبەر کەسانی مەدەنی وەکو رفاندن، رەشەکوژکردن، ئەشکەنجەدان، بەتاڵان بردنی شوێنەوار و بە ئامانج گرتنی ژنان، ئەنجام دەدەن. ژنان لە لایەن چەتەکانەوە دەرفێندرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان بۆ ئەوەی شکۆیان بشکێنن. دوایین کردەوەشیان ئەوە بوو کە لە بەندیخانەکانی گروپی ئەلحەمزاتدا ژنانی کورد و عەرەب رووت کرانەوە.

دەوڵەتی تورک و چەتەکانی پیرۆزیە ئایینیەکان، پێوانە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان و یاساکانی پاراستنی مافی مرۆڤ بە تایبەت یاساکانی پاراستنی ژنان، رۆژانە پێشێلی دەکەن.

پێشێلکردنی پیرۆزیەکانی ژنانی عەفرین، ئەو راستیەی تورکیا و مێژووە پڕ لە تاوانەکەی بۆ قرکردنی گەلان، دەخاتە روو. هەروەها رووی راستەقینەی دڕندایەتی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان، ئاشکرا دەکات.

تاوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی کە لە دژی گەلەکەمان لە عەفرین ئەنجامی دەدەن، ئیدانە دەکەین. دەوڵەتی تورک بەرپرسیاری یەکەمی ئەو تاوانانەیە، چونکە وەکو دەوڵەتێکی داگیرکەر دەبێت ئاسایشی دانیشتوان مسۆگەر بکات.

هاوکات بێدەنگی کۆمەڵگای نیودەوڵەتیش ئیدانە دەکەین و بانگەوازیان ئاڕاستە دەکەین کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە پێشێلکاریەکانی داگیرکەران لە عەفرین، دەست پێبکات."

ز.ش