تاوانى شەڕ لە عەفرین: هاووڵاتییان بۆ لێسەندنی فیدییە دەڕفێنرێن

میتی تورکی داگیرکەر بە هاوکاریی چەتەکانی لە کانتۆی عەفرین کوردان دەڕفێنێت تاوەکو وەک پیشەى هەمیشە چەتەگەرییانەیان پارە لە بنەماڵەکانیان بسێنێت.

دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتى تورک (میت) بە هاوکاری ئەو چەتانەى پێیان دەڵێن، پۆلیسی سەربازی، پۆلیسی مەدەنی و سوپای نیشتمانیی سوریا کەسانی پیر و بە تەمەن، منداڵ و ژن لە شاری عەفرین دا دەڕفێنن و زیندانییان دەکەن.

رێکخراوی مافی مرڤ لە عەفرین – سوریا رایگەیاند، لە ٣٠ی حوزەیرانی رابردوودا چەتەکان لە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیاندا هەڵیانکوتایە سەر گوندێکى ناوچەى ماباتای عەفرین و داگیریان کرد و ٨ هاووڵاتییان لە گوندەکەدا رفاند. ناوی کەسە رفێنراوەکان بریتین لە: جەمال عومەر عەلیکۆ تەمەن ٢٨ ساڵ، سەبری ئەحمەد محەمەد تەمەن ٤٠ ساڵ، محێدین عەلیکۆ تەمەن ٥٥ ساڵ و دایکی بە ناوی فیدان، عەبدۆ محمەد عەبدوڵا تەمەن ٣٥ ساڵ و دایکی بە ناوی فاتمە، عیماد قادر حسێن تەمەن ٣٥ ساڵ و دایکی بە ناوی ئەمینە.

رێکخراوەکە رایگەیاندووە، دوێنێ چەتەکان جەمال عومەر عەلیکۆ، عیماد قادر حسێن، عەبدۆ محەمەد عەبدوڵا-یان لە دواى ئەوەى فیدییەیان لە بنەماڵەکانیان وەرگرتووە، ئازاد کردووە، بەڵام هاووڵاتییەکانی تر لە لای پۆلیسی سەربازی و دەزگای سیخوڕی تورک دان.

لە کۆتایی نیسانی ٢٠٢٠دا پۆلیسی سەربازیی سەر بە سوپای تورکی داگیرکەر بە هاوکاریی دەزگای سیخوڕیی میت چەند ژنێکى بە تەمەنی کوردیان رفاند کە ناوەکانیان و تەمەنەکانیان بەمشێوەیە بوو؛ حەنیفە لجۆ تەمەن ٧٠ ساڵ، نەبیحە جەودەت تەمەن ٧٠ ساڵ، کەریمە هاوسەری محەمەد سەیدۆ تەمەن ٦٠ ساڵ، جەنەت مستەفا تەمەن ٥٠ ساڵ، فاتمە مامۆ تەمەن ٥٠ ساڵ، فەهیمە هاوسەرۆی محەمەد ئەحمەد حەبەش تەمەن ٤٥ ساڵ.

دواى ٣ رۆژ بنەماڵەى ئەو ژنانە هەر یەک لە پێدانی ٤٠٠ لیرەی تورک توانیبویان ئازادیان بکەن،  بەڵام لە دژی هەندێک ژنی تری بە تەمەن سزایان سەپاندبوو و ناچاریان کردبوون ٢٠٠ لیرەی تری تورک بدەن تاوەکو ئازاد بکرێن.

ژ.ت