'توركیا دەیەوێت كۆمەڵكوژی ساڵی 1915 دووبارە بكاتەوە'

یەكێك لە ئەرمەنیەكانی شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت دەوڵەتی توركی داگیركەر دەیەوێت كاتی خۆی چی بەسەری ئەرمەنیەكاندا هێنا هەمان شت بەسەر گەلانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاشدا بهێنێت و دەڵێت پێویستە وەڵاتانی جیهان ئەمە ببینن و كۆمەڵكوژیەكە بوەستێنن.

هۆڤسەپ ساركیس یەكێك لە ئەرمەنەكانی شاری حەسەكەیە. ئەندامی ئەنجومەنی خۆپاراستنی شارەكەیەتی. ساركیس بەشەوان گەڕەكەكەیان دەپارێزێت و بۆ رۆژیش دەچێت بۆ سەرێكانی بۆ یارمەتی ئەو سڤیلانەی بەهۆی هێرشە دڕندانەكانی دەوڵەتی تورك بێ جێ و رێگا ماون.

هۆڤسەپ ساركیسیش وەكو هەموو گەلانی تری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەهۆی ئەم داگیركەریەوە رۆز غەمگینە.بەڵام ئازارەكەی لە غەمەكەی زۆر گەورەترە و دەلێت: توركیا دەیەوێت بۆ جاری دووەم كۆمەڵكوژمان بكات، وەك چون لەساڵی 1915دا كردی.

پۆڤسەپ دەڵێت ئەمە 8 ساڵە گەلانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیان داوەدە دەستی یەك و برینەكانیان دەرمان دەكەن و ژیانێكی هاوبەش بەڕێوە دەبەن، بەڵام توركیا دەیەوێت ئەم برایەتی و یەكسانییەمان نەهێڵیت و جارێكی دیكە ئەم گەڵانە بەدەستی یەك كۆمەڵكوژ بكات.

دەیانەوێت بۆ جاری دووەم كۆمەڵكوژمان بكەن

ئەم هاوڵاتیە ئەرمەنیە تیشكی خستە سەر كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لە ساڵی 1915 و ووتی: ساڵی 1915 لە كاتی كۆمەڵكوژیەكە بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگار بكەین لە توركیاوە ڕامانكرد بەرەو سوریا. ئەو كات توركیا 1.5 میلیۆن ئەرمەنی كۆمەڵكوژ كرد دەستی بەسەر مڵك و ماڵیانیدا گرت. ئێستاش هەمان كردەوە روودەدات. ئەو كات ئێمە خۆمان ڕزگار كرد و هاتین لێرە نیشتەجێ بووین. بووین بە خاوەنی مڵك و ماڵ و ژیانێكی نوێمان دەست پێكرد. بەڵام ئێستا دەیانەوێت جارێكی دیكە كۆمەڵكوژمان بكەنەوە.

ساركیس ووتیشی كە دەوڵەتی تورك وەكو سەد ساڵ پێش ئێستا ژن و منداڵ و سڤیل دەكوژێت. ئەمە دووەمین كۆمڵكوژیە. ئەمە چۆن شەرێكە. هێرش دەبەنە سەر هەموو ماڵیك بێ ئەوەی سەربازێكیشی تێدا بێت.

ژیانێكی هاوبەشمان دامەزراندووە

ساركیس هەروها ووتیشی كە سەد ساڵ پێش دەوڵەتی تورك تۆی دوژمنایەتی لە نا گەلانی ناوچەكە چاند و كۆمەڵكوژی نەتەوەی ئەرمەنیان ئەنجامدا و بەم شێوەیە باسی لێوە كرد: ئێمە وەكو گەڵانی ناوچەكە یەكێتیەكمان پێك هێناوە. ئەمە 8 ساڵە دەستمان لە ناو دەستی یەكتردایە. یەكترمان خۆش ویستووە و لە یەكتر تێگەیشتووین. ڕازی بووین كە قەسەدە (هێزەكانی سوریای دیمۆكراتیك) بمانپارێزن. هێزە جەوهەریەكەمان قەسەدەیە. دەمانەوێت ئەم هێزە لێرە بێت و بمانپارێزێت. دەمانەوێت لەسەر خاكەكەمان لەگەڵ عەرەب و كورد و سوریانیەكاندا بژین. بەڵام توركیا دەیەوێت ئەم یەكێتی و یەكبوونە لەناو ببات.

دەوڵەتی تورك بەرێگای چەتەكانیەوە هێرشی هێنایە سەرمان. با لە خاكەكەمان بڕۆنە دەرەوە. ئێمە توركیا باش دەناسین و نامانەوێت ئاڵای توركیا بەسەر سەرمانەوە بێت و نامانەوێت لە لایەن توركیاوە بەڕێوە ببرێین. لەو شوێنەی كە دەوڵەتی توركیای لێ بێت ئارامی بوونی نیە.

دەمانەوێت لەگەل گەلانی سوریا بە شێوەیەكی ئاشتیانە بژین

ساركیس دەڵێت ئەمریكا گەلی ناوچەكەی لە بەردەم كۆمەڵكوژی دەوڵەتی توركیا بەجێ هێشت و ووتی: ئەمریكا لەم ناوچەیە بوو. ئێمە یارمەتیمان دەدان، بەڵام ئێمەیان بەجێ هێشت و رۆیشتن. ئێمە جارێكی دیكە هێزێكی بیانیمان ناوێت. دەمانەوێت سوریا ببێتە وڵاتێكی دیمۆكراتیك. دەمانەوێت وەكو كورد و عەرەب و سوریانی و هەموو خەڵكی ناوچەكە بە شێوەیەكی ئاشتیانە بژین.

لە كۆتایی قسەكانی دا ساركیس جەختی لەوە كردەوە كە ئەو وەكو ئەندامی ئەنجومەنی خۆپاراستنی شارەكەیان ناوچەكەو گەل و ئەرمەنیەكان دەپارێزێت و ووتی: بانگ لە دەوڵەتانی جیهان بە تایبەت ئەمریكاو روسیا و ئەرمەنستان و وڵاتانی عەرەبی دەكەم كە ئێمە لە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بپارێزن.

ف.ق