تورکیاى داگیرکەر ١٠ هاووڵاتیى ترى عەفرینى رفاند

چەتەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر ١٠ هاووڵاتیى گوندی کۆباکای ناوچەى ماباتای کانتۆى عەفرینیان بە پاساوى ئەوەى کارى خراپیان کردووە و ماڵی هاووڵاتییانیان تاڵانکردووە، رفاند.

ئاژانسى هەواڵى هاوار لە رۆژئاواى کوردستان بڵاویکردەوە، چەتەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر بە ناوى گروپەکانى کەتیبەى شیمال و بەرەى شامی، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی کۆباکا لە ناوچەى ماباتاى کانتۆنى عەفرین.

ئەو گروپە چەتانەى سوپاى تورکیا بە پاساوى ئەوەى ١٠ هاووڵاتیى ئەو گوندە چەکیان هەیە، ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە و هەر ١٠ هاووڵاتییەکەیان رفاندووە.

هەروەها بە پاساوى ئەوەى ماڵ و موڵکى هاووڵاتییانیان دزیوە، دەستیان بەسەر هەموو تەلەفونەکانى هاووڵاتییانى ئەو گوندەدا گرتووە!.

ناوى هاووڵاتییە رفێندراوەکان بریتین لە: ١ – محەمەد نور ئیبراهیم تەمەن ٥٥ ساڵ، ٢- عینایەت حەمۆ کوڕی حەنان تەمەن ٥٥ ساڵ، ٣ – مەنان عینایەت حەمۆ تەمەن ٣٠ ساڵ، ٤ - حەسەن حەمۆ کوڕی رەشید تەمەن ٤٦ ساڵ، ٥ – مستەفا محەمەد سلێمان تەمەن ٤٣ ساڵ، ٦ – فازیل حەسەن یاسین تەمەن ٣١ ساڵ، ٧ - کەنجۆ حەسەن کوری موختار تەمەن ٥٥ ساڵ، ٨ – مستەفا حەسەن کوڕێ شێخۆ تەمەن ٣٠ ساڵ، ٩ – عابدین حەسەن کوڕی موختار تەمەن ٥٨ ساڵ، ١٠ – گیولگیول حەمۆ کوڕی حەنان تەمەن ٥١ ساڵ.

ئەو هاووڵاتییانەى رفێندراونە لەلایەن گروپە چەتەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەرەوە بە قورسى ئەشکەنجە کراون.

چەند رۆژ لەوە پێشیش ٤ هاووڵاتیى تری ئەو گوندە لەلایەن چەتەکانى تورکیاى داگیرکەرەوە رفێنرابوون.

ر.م