تەرمی شەهیدێکی ئەرکی خۆپاراستنی رۆژئاوا بەخاک سپێردرا

بە بەشداری سەدان کەس لە دانیشتوانی ناوچەی شەداد و گوندەکانی دەوروبەری تەرمی شەهید موحسین سەعدون شەڕڤانی ئەرکی خۆپاراستن لە گۆڕستانی شەهیدانی شەداد بە مەراسیمێک بەخاک سپێردرا.

سەرەتا تەرمی شەهید لە ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی ناوچەکە وەرگیرا و بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی شەهیدان بەڕێکرا.

لە گۆڕستانەکە مەراسیمێک بۆ رێزگرتن لە شەهیدان رێکخرا و دواتر ناجی نجوم هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی شەداد وتەیەکی پێشکەش کرد و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی هێژای شەهیدەکەیان کرد.

دواتر جەسور عامودێ وەکو فەرماندەیەکی سەربازی لەسەر ناوی ئەنجومەنی سەربازی شەداد وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، هێزەکانیان بەردەوامن لە ئەرکی پاراستنی گەلەکەیاندا و جەختیشی کردەوە کە تا رزگارکردنی هەرێمەکەیان لە دەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت و بەڵێنیشی دووپات کردەوە کە تا سەرکەوتن بەردەوام دەبن لەسەر رێگای شەهیدان.

لە کۆتاییدا جەهام فەرەج ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان ناسنامەی شەهید محسین سەعدونی خوێندەوە و رادەستی خانەوادەکەی کرد.

دواتر تەرمی شەهید بە وتنەیەوەی دروشمی هاوسۆزی بۆ شەهیدان بەخاک سپێردرا.

ز.ش