تەڤدەم: قڕکەریەکان بە یارمەتی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێن

بزتنەوەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک- تەڤدەم لە بارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بەیاننامەیەکی بلاو کردەوەو جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی تورک   قڕکەرییەکانی بە پشتیوانی و یارمەتیی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدات.

کۆردیناسیۆنی بزتنەوەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-تەڤدەم لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەردۆغان بە چەکی ناتۆ و پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەلی کورد قڕ دەکات.

بەیاننامەکیە تەڤدەم بەم شێوەیەیە:

'شەڕێکی بێ ئەخڵاق و بێ پێوانە بەڕێوە دەبەن'

"ئەردۆغانی فاشی و دەوڵەتە داگیرکەرەکەی تورکیا بۆ ئەوەی ئیرادەی گەل کورد بشکێنێت و کورد نەبێتە خاوەنی پێگە و بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی لە ناو بەرێت، تا ئاستی جینۆساید، شەڕێکی بێ ئەخڵاق و بێ پێوانە بەڕێوە دەبات. لەبەر ئەوەی ئەردۆغانی فاشیست هەبوون و نەبوون و داهاتووی خۆی لە کۆمەڵکوژکردن و لەناوبردنی گەلی کوردا دەبینێتەوە. ئەردۆغانی فاشی دوژمنێکی سوێندخواردووی گەلی کوردە. نەک تەنها رۆژئاوا و باشوور و باکوری کوردستان، بەڵکو هەموو گەلی کورد لە ژێر زۆرداری و هێرشێکی دڕندانە دایە. لە باکوری کوردستان چەندین ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی شارەوانیەکان کە بە دەنگێکی زۆری گەلەوە هەڵبژێردراون و هاوسەرۆکانی هەدەپەو چەندین هەزار ئەندامی رێکخراوە دیمۆکراتیەکانی گەلی کورد و ئەندامی رێکخستنەکانی هەدەپە، لە چوارچێوەی بڕیاری سیاسی دا لە گرتووخانەکاندان.

'قڕکەریەکان بە پشتیوانی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدەن'

رۆژانە ٢٤ کاتژمێر پیرۆزییەکانی گەلی کورد بنپێ دەکرێن. هەورها گۆڕستان و شاخ و خانوو ماڵی گەلی کورد بە پێشکەوتووترین تەکنیک و بە چەکی ناتۆ بۆردومان دەکرێن، ئەم هێرشانە نەک تەنها لەسەر کوردانی باکور، بەڵکو لەسەر باشووری کوردستانیش هێرشە دڕندانەکانیان ئەنجام دەدەن. دواجار بە دەستی چەتەکانی داعش و ئەلنوسرە و هێزە فاشیەکانی (پارامیلیتەر)ی وەکو (ئۆسۆ) عەفرینیان داگیر کرد و بە سەدان هەزار کورد ناچار بوون کۆچ بکەن. دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕن و پاکتاوی نەژادی ئەنجام دەدەن. هەڕەشەو هێرشەکانی ئەردۆغانی فاشی و دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر رۆژاوای کوردستان و باکوری سوریا، بە هەر هۆکارێک بێت هەمیشە هەبوون. ئەمرۆ جارێکی تر بە سەدان هەزار کەس چی کورد و چی عەرەب و چی مەسیحی بە هۆی هێرشە هۆڤانەکانی دەوڵەتی تورک و بەرماوەکانی داعش و ئەلنوسرە لە شار و گوند و ناوچەکانیانەوە کۆچبەر بوون. تاڵان و دەستدرێژی و پاکتاوی نەژادی لە رۆژئاواو باکوری سوریا توندتر دەکەنەوە. روون و ئاشکرایە کە ئەردۆغانی فاشیی سەردەم و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە پشتیوانی چەکەکانی ناتۆ و پشتگیری رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان گەلی کورد جینوساید دەکەن و کرسیانەکان کۆچبەر دەکەن و فشار لەسەر گەلی عەرەب دروست دەکەن.

'نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیاتی ئەوەی ببێت بە هاوکار، با لێپرسینەوە بکات'

ئێمە وەکو گەلی کورد و عەرەب و کریستیان هەڵوێستی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان شەرمەزار دەکەین. چۆن دەبێت چاوپێکەوتن لەگەل ئەردۆغانی فاشیی سەردەم ئەنجام بدات کە تا ئەم ساتەش دەستی لە خوێنی گەلان دایە. بێدەنگە بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و بەم شێوەیە رەوایەتی دەدات بە هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە گەلی رؤژئاواو باکوری سوریا. کاتێک ئەردۆغانی فاشی دەڵێت بەسەدان هەزار کەس یان ملیۆنان کەس کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە نین، لە شارو گوندەکان نیشتەجێیان دەکات و لە هەمان کاتدا بە سەدان هەزار کورد و عەرەب و کریستیانیش کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، رایاندەگوازێتەوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی لی کەڕ دەکات و دەڵێت ئەوان بەدواداچوون لەسەر ئەم پیشنیار و پرۆژانە دەکەن.

ئەو چی نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە؟ بانگەوازی ئێمە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە وەکو نوێنەری یەکێتی وڵاتان بێت و وەکو ناو و رۆڵ و پێگەی خۆی هەڵسوکەوت بکات و نرخ و پێوانەکانی خۆی ببینێت و نوێنەرایەتی گەلان بکات. دەبوایە پێش هەموو شتێک لە ئەردۆغانی فشییان بپرسیبا کە ئایا ئەو سەدان هەزار کەسەی بە هۆی بۆردومانی تانک و تۆپ و فڕۆکاکانیەوە کۆچبەر بوون، مافی ئەوەیان نیە لەسەر خاکی خۆیان بژین؟ لە ئێستادا ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە لێپرسینەوە لە ئەردۆغانی فاشی و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بکات، نەک ببێتە شەریکیان.

ناتۆ شەرمەزار کرا

ئێمە هەڵوێستی ناتۆ بەرامبەر بە گەلی کورد شەرمەزار دەکەین. ناتۆ لە لایەکەوە بە هەڵوەستەکەی، پشتیوانی ئەردۆغانی فاشی دەکات، لە لایەکی تریشەوە فشار دەخاتە سەر رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) کە لێکۆلینەىوە لە بارەی چەکی فسفۆری سپی ئەنجام نەدات کە لە دژی گەلی کورد و عەرەب و کریستیان بەکار هاتووە. ئەردۆغان فاشی و داوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئیرادەو هێز لەم هەڵوێستەی ناتۆ وەردەگرن و لە دژی رۆژئاواو باکوری سوریا پاکتاوی نەژادی ئەنجام دەدەن. پێویستە ناتۆ بەم بنپێکردنە بڵێت ئیتر بەسە و واز لە دووڕوویی بهێنێت. پێویستە پێوانە و نرخەکانی ناتۆ رێگا نەدەن دەوڵەتێک کە ئەندامی ناتۆ بێت، چەکی کیمیایی لە دژی گەلی رۆژئاواو باکوری سوریا یان هەر جێگایەکی دیکەی جیهان ، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغە کراوە، بەکار بهێنێت. ئەمە سەد ساڵە دەوڵەتی تورکی داگیر هەموو گەلی کورد وەکە 'تیرۆرست' پێناسەی دەکات.

ئێمە لە ناتۆ دەپرسین، ئایا گەلێک بێ ناسنامە بێت ونەتوانێت زمانی دایکی بەکار بهێنێت و بێ پێگە بێت و گەلێک هەموو رۆژ لە ژێر زەختی پاکتاوی نەژادیدا بێت چۆن دەبێت بە تیرۆرست؟ گەلی کوردیش وەکو هەموو گەلانی تری جیهان دەیەوێت بگات بە مافە سروشتیەکانی خۆی و هەبوونی خۆی بپارێزێت. باشە، ئێمە دەپرسین کی تیرۆستە؟ ئایا کێیە کردەوەی تیرۆرستانە ئەنجام دەدات؟ ئەوەی بە هەزاران گوند و شاری گەلی کوردی وێران کردووە و بە ملیۆنان کوردی بە زۆرەملێ کۆچبەر کردووە و بە هەزاران منداڵ و ژن و سیاسەتمەداری بە شێوەی جیاجیا ون کردووە و پاکتاوی نەژادی ئەنجام داوە، یان ئەوانەی داوای مافە سروشتی و رەواکانی خۆی دەکەن؟

پێویستە ناتۆ بە عەقڵ و ئیرادەی گەلی کورد یاری نەکات. ئێمە جارێکی تر شەرمەزاری دەکەین کە بۆچی ناتۆ رێگای نەدا بە (OPCW) لێکۆلینەوە لەبارەی چەکی فسفۆر ئەنجام بدات کە لە دژی گەلی کورد لە رۆژئاواو باکوری سوریا بەکار هێنرا. هەورها رێکخراوێکی وەکو (OPCW) کە تایبەتە بە پاراستنی ژیان و گەلان و مرۆڤایەتی، ئەگەر تا ئێستاش خاوەن نرخە، پێوستە هیچ فشارێک لەسەر خۆی قبوول نەکات و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. پێویستە بە پێی رێنماییەکانی ناتۆ هەڵسوکەوت نەکات و لە دژی پاکتاوی نەژادی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بێدەنگ نەمێنێت. ئەگەر چی ئەو بێدەنگیش بمێنێت، خۆ ژمارەیەکی زۆر لە پزیشک و رێکخراوی خاوەن هەڵوێست بە لێکۆلینەوەو بەدواداچوونەکانیان سەلماندیان کە لە دژی گەلی کورد چەکی کیمیایی بەکار هاتووە.

لەگەڵ ئەم راستیەی کە تا ئێستا رێکخراوی (OPCW) خۆی کەڕ کردووە، ئێمە شەرمەزاری دەکەین. جگە لەمە لە کاتێکدا کە لە رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا فسفۆری سپی بەکار دەهێنرا، شەعبان دیشلی باڵیۆزی تورکیا لە لاهای سەردانی رێکخراوی (OPCW) کر و ٣٠ هەزار یۆرۆی وەکو بەخشیش پێی دا. پێویستە رێکخراوی (OPCW) ئەم گومانانە لەسەر خۆی لابەرێت. ئێمە هیوادارین (OPCW) بە پێی ناسنامەکەی خۆی، هەڵسوکەوت بکات و ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی جێبەجێ بکات و بە پێی پێوانە ئەخلاقییەکانی بجوڵێتەوە.

'ئێمە نرخ و پیرۆزیەکانی مرۆڤایەتی دەپارێزین'

ئێمە سوپاسی ویژدانی مرۆڤایەتی دەکەین کە پشتیوانی گەلانی رۆژئاواو باکوری سوریایان کرد، هەورها سوپاسی خۆمان ئاڕاستەی هەموو ڕکخراو و کەسایەتی و ئەکادەمیسیەن و رۆشنبیر و کۆمکاری عەرەبی و پەرلەمانی فەرەنسا و سیناتۆرەکانی ئەمریکاو ئەوانەی لەم بوارەدا خاوەن هەڵوێست بوون، دەکەین.

پێوستە هەموو جیهان ئەمە بزانێت کە تا ئێستاش پاکتاوی نەژادی لەسەر ئێمە بەردەوامە. بۆ پاراستنی پیرۆزیەکانمان و مانەوەی خۆمان و بۆ پاراستنی ئازادیەکانمان، هەر چییەک پێویست بێت دەیکەین. ئێمە وەکو گەلانی کورد و عەرەب و کریستیان لە شەڕی دژی داعشدا ١١ هەزار شەهیدمان دا و زیاتر لە ٢٠ هەزار بریندارماندا و بەم هەموو گیان فیداییە پیرۆزیەکانی مرۆڤایەتیمان پاراست. بەمە سەربەرزین. چی لە دژی داعش و چی لە دژی جینۆسایدی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چی ئەلنوسرە و هەر هێزێکی تری چەتەکان، پێویست بکات ئێمە جارێکی تر ئامادەین بۆ بەرگریکردن و هەنگاو بەرەو دواوە نانێین. بۆ پاراستنی مانەوەی خۆمان و پیرۆزییەکانی مرۆڤایەتی، بە ئیرادەیەکی بەهێزو بە باوەریەکی گەورەوە، تێکۆشان و خۆڕاگریمان بەردەوام دەبێت."

ز.ش