تەکنولوژیای ئامێرە جەنگیەکانی 'خۆجێی'ی تورکیا لە کەنەداوە دێت

باس لەوە دەکرێت کە تەکنولوجیای زۆربەی ئامێرەکانی شەڕ کە گوایا 'دەستکردی تورکیان' و لە کوشتنی خەڵکی مەدەنیدا بە دەستی دەوڵەتی تورک بەکار دەهێنریت، لە لایەن کەنەداوە بە شێوەیەکی نایاسایی فرۆشراون بە تورکیا.

بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەهێشتنی چەک کە ناوەندەکەی لە شاری واترلۆی هەرێمی ئانتریۆی کەنەدایە، بەو تەکنولوژیایە کە کۆمپانیای L3Harrîs WESCAM دەیفرۆشێت، کۆمەڵکوژیەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە بەو سیستمی کەشفە کە بە تورکیا فرۆشراوە کە ئاستی ئاشکراکردن و بینین ئاسان دەکات، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی چەک کە لە ساڵی ٢٠١٣دا کاناداش ئیمزای کردووە، راستەوخۆ پێشێلی دەکات.

پەیمانی نێودەوڵەتی پێشێل دەکات

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمپانیای L3Harrîs WESCAM تەکنولوژیای هێرشکردن، بە تورکیا دەفرۆشێت و تورکیاش بەو تەکتولوژیایە هێرشی ئاسمانی و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆمپانیای L3Harrîs WESCAM لە ساڵی ٢٠١٧وە ئەم تەکنولوجیایە بە تورکیا دەفرۆشێت و ئەو سیستمە کە بۆ بینین و دیاریکردنی ئامانج بەکار دێت، تورکیا لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگیدا بەکاری دێنێت. بە پێی راپۆرتەکە بە پشتبەستن بەو تەکنولوژیایە، لە دژی کورد کۆمەڵکوژی ئەنجام دراوە.  

لە ساڵی ٢٠١٧وە کەنەدا بە بڕی ٣٢٦ میلیۆن دۆڵار چەک بە تورکیا فرۆشراوە

راپۆرتەکە زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەو خاڵە کە تەکنولوژیای چەک کە چەندین ساڵە لە ژێر ناوی 'تەکنولوژیای نشتیمانی'دا لە دژی کورد بەکار دەهێنرێت، گرنگترین پارچەکانی لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە بە تورکیا دەفرۆشرێن کە گوایا پابەندی پەیمان و یاسا نێودەوڵەتیەکانن.

زۆرترین رێژەی فرۆشتنی چەک بە تورکیا لە لایەن کەنەداوە لە دوای ساڵی ٢٠١٦وە بووە کە لەو ساڵەوە تا ئێستا بە سەدان کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراون. لە سالێ ٢٠١٦دا کەنەدا بە بڕی ٤.٢ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی، ساڵی ٢٠١٧ بە بڕی ٥١ میلیۆن دۆلار، ساڵی ٢٠١٨ بە بڕی ١١٨ میلیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠١٩ بە بڕی ١٥٢ میلیۆن دۆڵاری ئەمریکی چەکی بە تورکیا فرۆشتووە.

دوای هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، کاتیک کەنەدا فرۆشتنی چەکی بە تورکیا وەستاند، ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو چەکانەی کەنەدا بە تورکیا فرۆشتووە، سیستمی ئاشکراکردن و دیاریکردنی ئامانج بوون کە لە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنیدا بەکار دەهێنرێن. چونکە بەشێکی زۆری ئەو چەکەی بە تورکیا فرۆشراوە، کۆدەکانی بریتین لە ’ Harmonized System (HS) Code 901380’. ئەم کۆدەش لە بوارەکانی وەکو فۆتۆگرافی و بواری سینەما، پێوانەبەندی، چاودێری، دەستنیشانکردن و پزیشکیدا بەکار دەهێنرێن.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ماوەی ١٠ مانگی سەرەتای ٢٠١٩دا بە بڕی ٧ بۆ ١٥ میلیۆن دۆڵار چەکی بەرهەمهێنراو بەو کۆدە فرۆشراوە بە تورکیا، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆی چەک، بە یەکجاری ئەو چەکانەی خاوەنی ئەو کۆدەن، رێژەی بەکارهێنانی سفر بووەتەوە. ئەو چەکانەی خاوەنی ئەو کۆدەن بە بڕی ١٢٥ میلیۆن دۆڵار فرۆشراون بە تورکیا. بە واتایەکی تر بەو کۆمەڵکوژیەی دەوڵەتی تورک لە باکور و باشور و رۆژئاوا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە چوارچێوەی ئەو تەکنولوجیایەی تێیدا بەکاری هێناوە، کەنەداش هاوبەشی تاوانەکەیە.

ئەردۆغان داوایەکی نائاسایی لە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کرد

دوای هێرشە داگیرکەریەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ی سەر سەرێکانی و گرێ سپی، گەمارۆی چەک کە کەنەدا لەگەڵ ئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا بڕیاری لەسەر دابوو، پێشێلی کرد. بە پێی راپۆرتەکە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠دا دوای ئەوەی چوارچێوەی گەمارۆکە بەفراوان بوو، راستەوخۆ پەیوەندی بە جوستون ترودیۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەداوە کردوو و داوای لێکردووە کە ئەو تەکنولوژیایەی کۆمپانیای L3Harrîs WESCAM پێیان فرۆشتووە، با لە دەرەوەی ئەو گەمارۆیەدا بمێنێتەوە، چونکە ئەو تەکنولوژیایە هەم لە باکور و باشور و رۆژئاوای کوردستان و هەم لە لیبیا بەکار دەهێنرێت کە لەو شوێنانە چەتە بەکرێگیراوەکانی ئەردۆغان تێیدا جێگری کراون.

راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەو زانیاریانەی لە راگەیاندنەکاندا بڵاو کراونەتەوە و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:" وەزارەتی بازرگانیی کەنەدا لە مانگی حوزەیراندا داواکەی ئەردۆغانی جێبەجێ کردووە و لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی چەک بەردەوام بووە، بەڵام بەرهەمەکانی کۆمپانیای L3Harrîs WESCAM بە 'بڕیارێکی نائاسایی' بە تورکیا فرۆشراون. بۆیە دەبێت حکومەتی کەنەدا هۆکاری ئەم بڕیارەی ئاشکرا بکات."

لە کۆمەڵکوژکردنی کورد دا بەکار هاتوون

لە بەردەوامی راپۆرتەکەدا هاتووە،  تەکنولوژیای L3Harrîs WESCAM لە فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و بڕۆکەی کەشفدا بەکار هاتوون کە دەولەتی تورک بەو ئامێرە جەنگیانە کۆمەڵکوژی لە دژی کورد ئەنجام دەدات. هەروەها باسی لەوەش کردووە کە کەنەدا راستەوخۆ یاساکانی خۆی و پەیمان و یاسا نێودەوڵەتیەکانی پێشێل کردووە.

لە کۆمەڵکوژیەکانی کوردستان و لیبیادا بەکار هاتوون

راپۆرتەکە ئاماژە بە رۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەکات کە لە باشوری کوردستان و لە شەڕی داگیرکردنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستاندا چەندین کەسی مەدەنی پێی کوژراون, هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی لە باکوری کوردستان لە مانگی تەموزی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩، ٤٩٠ کەسی مەدەنی کوژراون.

بە پێی راپۆرتەکە ئەو تەکنولوژیایە لە لیبیاش بەکار هاتووە کە ئەردۆغان چەتەکانی خۆی لەوێ جێگیر کردوون.

ز.ش