دادگای ئەڵمانیا نەیتوانی ناونیشانی ئەوچەتەیەی داعش بدۆزێتەوە کە لە سوریایە

دادگای ئیدارەی بەرلین پرسی گەڕاندنەوەی چەتەیەکی داعشی لە سوریا تاوتوێکرد کە لە دەستێ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دایە، بەڵام گەڕاندنەوەکەی ڕەتکرایەوە. دادگاکە نەیتوانی ناونیشانی ئەندامەکەی داعش بدۆزێتەوە و ئەوەشی کردووە بە بیانوو.

حکومەتی بەرلین تا ئێستا هیچ چارەسەریەکی بۆ چەتە ئەڵمانیەکانی داعشی کە لە لایەن (قەسەدە)وە دەستگیرکراون، نەدۆزیوەتەوە. بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان شوباتی ڕابردوو داوای لە ئەڵمانیا کرد، هاوڵاتیەکانی بگەڕێنێتەوە و دادگاییان بکات، بەڵام حکومەتی ئەڵمانی لەبەرامبەر هاولاتیەکانی کە بەشداری داعشیان کردووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە، بە جددی ناجووڵێتەوە.

کەسوکاری چەتەکان سەردانی دادگای ئەڵمانیان کرد و داوایان کرد منداڵەکانیان بگەریندرێنەوە. دادگای ئیدارەی بەرلین لەبارەی سەردانی باوکی چەتەیەکی داعش بۆ دادگا بڕیاریدا . چەتەکەی داعش لە ساڵی ١٩٩٢ لەدایکبووە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە بەرلینەوە چووەتە سوریا و دوای ئەوەی بەشداری لە داعش کردووە، لە لایەن (قەسەدە) وە دەستگیرکراوە.

دادگای بەرلین ڕایگەیاند، چەتەکەی داعش لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە. بیانووکەشی ئەوەبوو، لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا چەتەکەی داعش وەکالەتی نەداوە و ناونیشانەکەی نەدۆزراوەتەوە. بە پێی بڕیارەکە، ئەگەر چەتەکانی داعش لە گرتووخانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا وەکالەت و ناونیشانیان ئاشکرابکەن، بڕیارێکی پێچەوانە دەدرێت.

دادگای بەرلین دۆخی هاوسەر و سێ منداڵی چەتەکەی داعشیان تاوتوێکرد و لە مانگی تەموزدا بڕیاردرا خێزانەکەی بۆ ئەڵمانیا بگەڕێنرێتەوە. دادگای باڵا بڕیارەکەی قبوڵکردبوو. بە پێی بڕیارەکە کۆنسۆڵخانەی ئەڵمانیا لە هەوڵیر خێزانی چەتەکەی داعشی بۆ ئەڵمانیا گەڕاندەوە.

حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی ئەنگێلا مێرکڵ دەترسێت، چەتەکانی داعش چالاکیەکانیان بۆ ئەڵمانیا بگوازنەوە. بڕیاری کۆتایی دادگا، بووەتە هۆکاری نیگەرانی بەرپرسانی ئەڵمانیا کە ئەگەر چەتەکان بۆ ئەڵمانیا بگەڕینرێنەوە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی ئەڵمانیا کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە دەستی یەپەگە/قەسەدە دان  و زۆربەی پیاوەکانیان تاوانی جەنگیان کردووە.

لە باکووری سوریا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دا زێاتر لە ٢٨٠٠ چەتەی داعش دەستگیرکراون. ٨٠٠ چەتە خەڵکی ٤٦ وڵاتی ڕۆژئاوایین. تا ئیستا فرانسا، ئەندونیزیا، ڕووسیا، فاس و سوودان داوای گەڕاندنەوەی هاوڵاتیەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.

ک-ش