دانیشتوانی ناوچەی تەل حەمیس لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک رژانە ناو شەقامەکان

دانیشتوانی شارۆچکەی تەل حەمیس لە دژی داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک و گۆشەگری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، رژانە سەر شەقامەکان.

هاوڵاتیانی ناوچەی تەل حەمیسی سەر بە هەرێمی جزیر بە دروشمی 'نا بۆ داگیرکەری تورک، نا بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی' رێپێوانێکیان ساز کرد. لە رێپێوانەکەدا کە کەسایەتی و نوێنەری شێخەکانی عەرەبیش بەشداریان کرد،  بانگەوازیان بۆ ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد.

رێپێوانە لە بەردەم ئەنجومەنی ناوچەی تەل حەمیس دەستی پێکرد و ئاڵاکانی قەسەدە و کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان و وێنەکانی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرز کرانەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک دەربڕی و دروشمی ''لە سنوورەوە تا سنوور، قەسەدە دەمانپارێزێت"، "سوریا ئازادە، ئەردۆغان بڕۆ دەرەوە" و "ئازادی بۆ ئۆجالان" وتەوە.

رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهیدان گۆڕا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری و خەیال خێر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەکە قسەی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک هزری گروپە تیرۆرست و چەتەکان بەڕێوە دەبات.

خێر رایگەیاند لە کۆبانێوە تا دەگاتە دهۆک و هەولێر، دەوڵەتی تورک لە هەوڵی داگیرکردندایە.

خەیال ئەلخێر راشیگەیاند، رژێمی تورکیا لەو سیستمە دیمۆکراتیکە دەترسێت کە بنەمای خۆی لە نەتەوەی دیمۆکراتیک وەردەگرێت کە لە لایەن رێبەر ئۆجالانەوە پێشنیار کراوە.

دواتر نیرا حەمکۆ لەسەر ناوی کۆنگرەی ستار قسەی کرد و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی ئیدانە کرد و بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە داواکاریەکانیان جێبەجێ بکەن و ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد مسۆگەر بکەن و کۆتایی بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بهێنن.

دواتر محمد حەسەن لەسەر ناوی کەسایەتی و عەشیرەتە عەرەبەکانی تەل حەمیس قسەی کرد و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی لەو هەرێمانەی داگیری کردوون، رسوا و شەرمەزار کرد و بانگەوازیەکیشی ئاراستەی عەشیرە عەرەبەکانی ناوچەی حەسەکە، رەقا و دێر زۆر کرد کە هۆشیار بن لە بەرامبەر فیتنەکان.

حەسەن لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە دەبێت عەشیرەتە عەرەبەکان پشتیوانی خۆیان بۆ خۆسەری دیمۆکراتیک و قەسەدە دەرببڕن.

ز.ش