داگیرکەران گوندێکی گرێ سپیان تۆپباران کرد و دیسان زەویە کشتوکاڵیەکانیان سووتاند

دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندی کوپیرلی سەر بە ناوچەی گرێ سپیی تۆپباران کرد و جارێکی دیکە زەوی و دەخل و دانی هاوڵاتیانی ناوچەکەی سووتاند.

گوندی کوپیرلیک کە دەکەوێتە رۆژئاوای ناوچەی گرێ سپی، لە کاتژمێر ١٤:٠٠ی ئەمڕۆ بە کاتی ناوچەکە بووە ئامانجی تۆپبارانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە بەر دەستمان، ناوچە مەدەنیەکان و زەوی زاری کشتوکاڵی و بە تایبەت دەخل و دانی خەڵکی ناوچەکە تۆپباران کراون.

نیوەڕۆی ئەمڕۆش بە هەمان شێوە لە گوندی تەمامیەی سەر بە عەین عیسا زەویە کشتوکاڵیەکانی خەڵکی ناوچەکە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەروە سووتێندراوە. ئاگرەکە لە ماوەیەکی کورتدا لە ناوچەکە بڵاو بووەوە.

شەوی ٢٠ی ئەم مانگەش گوندەکانی هۆشان و خالدیە کە دەکەونە رۆژئاوای ناوچەی عەین عیسا و رێگای نیودەوڵەتیی M-4 بوونە ئامانجی تۆپبارانەکانی هێزی داگیرکەران، لەو ناوچەیە کە بوردومان کرا، زەویە کشتوکالیەکان ئاگریان گرت و سووتان.

هەمان رۆژ سوپای داگیرکەر لە دەوروبەری گوندەکانی ئوم شێفا، تل محمد، خربەت جەمۆ، ئینەگ ئەلهەوا، قەبر کەبیر و خربەت خدری سەر ناوچەی زرگانێ، ئاگریان لە زەوی و زار و داغل و دانی ناوچەکە بەردا.

دەوڵەتی تورک بە تایبەت لە سەرەتای مانگی گوڵانەوە هێرش دەکاتە سەر زەویە کشتوکاڵیەکان کە سەرچاوەیەکی بنچینەیی داهاتی فیدراسیۆنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە.

بە پێی ئامارەکانی بەر دەستی ئاژانسی هەواڵی فورت، لە گرێ سپی، باب، عەین عیسا، تل تەمر، شێرا، شێراوا و کۆبانێ لە سەرەتای مانگی گوڵانەوە بە گشتی لە ٢٠ ناوچە، زەوی و زار و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی گوندنشینانیان سووتێندراون.

ز.ش