دۆسیەیەک لەسەر بارودۆخ و ژمارەی کۆچبەران لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا

بە هۆی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تا ئێستا بە سەدان هەزار کەس بە ناچاری کۆچبەر بوون. لەم چوارچێوەیەدا ١٥٩ هەزار و ٧٢١ کەس کۆچبەری حەسەکەو رەقا بوون. لە ئێستا دا کۆچبەران لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین.

 

جگە لە کوشتن و وێرانکارییەکان، یەکێکی دیکە لە ئەنجامی هێرشە نەگریسەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کۆچبەربوونی هاوڵاتیانی ناوچەکەیە. لەم چوارچێوەیەدا بە سەدان هەزار کەس ناوچەکانیان جێ هێشتووە و لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن.

بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێ کردووە، تەنها لە سەرێکانی و گرێ سپییەوە زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس کۆچبەر بوون:

بەڵام بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، نزیکەی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتیی گرێ سپی و سەرێکانی بە ناچاری کۆچیان کردووە و ماڵ و حالی خۆیان بەجێ هێشتووە.

لە لایەکی ترەوە کۆنسەی کاروباری کۆمەڵایەتی کە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، تایبەت کرا بە کاروباری کۆچبەران، رایگەیاند کۆکردنەوەی ئامار و داتای تایبەت بە کۆچبەران بەردەوامە و ئاشکرای کرد کە تا ئێستا ١٥٩ هەزار و ٧٢١ کەس کۆچبەری حەسەکەو رەقا بوون.

کۆنسەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆلینەوەو بەدواداچوونی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە بە هۆی هێرشی داگیرکەرانەوە کۆچبەر دەبن.

بە پێی ئامارەکانی بەردەستی کۆنسەی کاروباری کۆمەڵایەتی، ژمارەی ئەو کەسانەی تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بە هۆی هێرشەکانەوە کۆچیان کردووە بەم شێوەیەیە:

ناوچەی جزیر

لە سەرێکانیەوە بۆ ناوەندی حەسەکە: ٣٦ هەزار و ٧٢٢ کەس

لە سەرێکانیەوە بۆ گوندەکانی باشووری شارەکە: هەزار و ٢٣٥ کەس

لە سەرێکانی و بەرزاییەکانیەوە بۆ تل تەمرو دەروبەری: ٢٥ هەزار و ٢٣٤ کەس

لە عامود و گوندەکانی سەر سنوورەوەو بەرە باشووری شارەکە: ٨ هەزار کەس

لە ناوچەی جەوادیەی سنوورەوە بەرەو باشووری ناوچەکە: ٤ هەزار کەس

لە دربێسی و بەرزاییەکانیەوە بەر باشووری شارەکە و حەسەکە: ١١ هەزار و ٦٣٠ کەس

لە گەڕەکی سنووری دێرکەوە بەرەو باشووری شارەکە: ٦ هەزار و ٣٠ کەس

لە شاری دێرکەوە بەرەو تل کۆچە: هەزار و ٣٣٥ کەس

لە شاری قامشلۆوە بەرەو گوند و ناوچەکانی باشووری شارەکە: ٦ هەزار و ٢٨٢ کەس

لە شاری قامشلۆوە بەرو ناحیەی تل حەمیس: ٣٥٣ کەس

لە گەڕەکی سنووری تربەسپیەوە بەرو باشووری شارەکە: ٥ هەزار کەس

ژمارەی ئەوانەی بە گشتی کۆچی شاری حەسەکەیان کردووە: ١١٣ هەزار و ٦٥٩ کەس

هەرێمی فورات

لە گرێ سپییەوە بەرەو رەقا: ١٠ هەزار و ٢٠٠ کەس

لە عەین عیساوە بەرەو رەقا: ٢ هەزارو ٥٠٠ کەس

لە گرێ سپیەوە بەرەو ناوچەکانی دەوروبەری رەقا: ٩ هەزار و ٥٠٠ کەس

لە عەین عیسا و دەوروبەریەوە بۆ ناحیەی جرنیێ: ٩٣٧ کەس

لە دەوروبەری باکوری عەین عیساوە بەر باشووری شارەکە:٢ هەزار و ٥٠٠ کەس

لە گرێ سپیەوە بەرەو عین عیسا: ٦ هەزار کەس

لە سلووک و دەوروبەریەوە بەرە عەین عیسا و رەقا: ١١ هەزار ٧٠٠ کەس

بە گشتی ژمارەی ئەو کەسانەی کۆچبەری ناوەندی شاری رەقا بوو: ٥٢ هەزار و ٢٠٠ کەس

بە گشتی ژمارەی ئەوانەی کۆچبەری هەر یەک لە پارێزگاکانی حەسەکەو پارێزگای رەقا بوون: ١٥٩هەزار و ٧٢١ کەس

بە سەدان هەزار هاوڵاتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆچبەر کران

بە سەدان هەزار کورد و عەرەب و ئەرمەنی و سوریانی و تورکمان و چەچەن، کە دەوڵەتی تورک ناوچەکانیانی بە زۆرداری داگیر کردووە و گروپە چەتەکانی لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ کردووە، جەخت دەکەنەوە کە ئەوان ئەم داگیرکەریانە قبووڵ ناکەن. دانیشتوانی ناوچەکە رایدەگەیێنن دەوڵەتی تورک، چەتەو خەڵکانێکی بێگانە کە لە ئاسیای ناوینەوە هێناونی، لە سەر خاکەکەیان نیشتەجێیان کردوون و بەبیری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دێننەوە کە ئەم کریارانە تاوانی مرۆڤایەتین.

بە ٦ خێران لە یەک خانووی بچوکدا ژیان بەسەر دەبەن

لە گوندی تل نسریی سەر بە تل تەمر ٦ خێزان کە بە هۆی هێرشی داگیرکەرانەوە کۆچیان کردووە، بە ناچاری لە خانوویەکی بچوکی بێ دەرگاو پەنجەرە دا دەمێننەوە.

سلڤا محمد مسلم کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەو ٦ خێزانە دەڵێت: تورکەکان ماڵیان داگیرکردین. ئێستا ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا دژین. داوامان ئەوەیە بە زووترین کات دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، شار و ماڵەکانمان بەجێ بهێڵن. هەورها داواکارین چارەسەریەک بۆ ئەم بارودۆخە بدۆزرێتەوە و کۆتایی بەم دەربەدەریە بهێنرێت."

'هەتا وەکو تورک و چەتەکانی مابن، ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە'

ئەڤین مستەفا بۆزانیش کە یەکێکی دیکەیە لەو خێزانانە و بە ناچاری لە سەرێکانیەوە کۆچبەر بووە، دەڵێت:"هەتا وەکو تورک و چەتەکانی لە ناوچەکە بن، ئێمە چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە؟ بە هۆی سوپای تورک و چەتەکانەوە ژیانمان لە مەترسیدایە، بۆیە ناتوانین لە ئێستادا بگەڕێینەوە ناوچەکانمان. جگە لە هێزەکانی یەپەگە بڕوامان بە هیچ هێزێکی دیکە نیە."

'لە لایەن چەتەکانەوە بە زۆرەملێ لە ماڵەکانمان دەرکراین'

مریەم عەلی کە ژنێکی عەرەبە و لەگەڵ خێزانەکەی لە گوندی سوودای نێوان تل تەمر و سەرێکانیەوە کۆچی کردووە، دەڵێت: چەتەکان کە ناوی 'سوپای سوریای ئازادیان' لە خۆ نابوو هاتن و بە زۆرەملێ ئێمەیان لە ماڵەکانمان دەرکرد. جگە لەو جلانەی لەبەرمانبوو، نەیانهێشت هێچ شتێک لەگەڵ خۆمان بهێنین. ئێستا ئێمە لێرە پێویستیەکی زۆرمان بە یارمەتی هەیە. دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان."

'با هەر شتێک بڕوات تەنها کەرامەتی مرۆڤ نەبێت'

هاوڵاتی ئەحمەد سلێمان کە بۆ پاراستنی خاکەکەی چەکی هەڵگرتووە، لە ئێستادا خێزانەکەی لە خوێندنگەیەکی حەسەکە جێگیر بووەو بۆ ئەوەی خانوویەک بدۆزێتەوە هاتووە بە تل نسری. ئەحمەد سلێمان دەڵێت خانووکەیان بەر بوردومانی فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا کەوتووە و ئەوان کۆچبەر بوون و جەخت دەکاتەوە کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک واز لە خاکەکەیان ناهێنن.

ئەحمەد دەلێت:" ماڵ و خانوو موڵکی ئێمەیان بەتاڵان برد. با هەر شتێک بڕوات، گرنگ نیە تەنها کەرامەت و پیرۆزیەکانی مرۆڤ نەبێت. بەڵام ئەم داگیرکەرییە قبوڵ ناکەین و تا کۆتایی دەجەنگین."

ز.ش