دەوڵەتی تورک لە گوندێک کە داگیری کردووە هێرشی کردە سەر دانیشتوانی گوندەکە

گروپێکی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندێکی ناوچەی منبجی عەفرین، دوای ئەوەی دەستدرێژیان کردە سەر ژنێکی دانیشتوانی گوندەکە، دواتر دانیشتوانی گوندەکەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و ٥ کەسیان بریندار کرد.

بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە بەردەستمان، گروپی چەتەکانی سوپای داگیرکەری تورک، لە گوندی توخازای گەورە کە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی ناوچەی منبجی سەر بە شاری عەفرین و لە ئێستادا داگیر کراوە، دەستدرێژیان کردووتە سەر ژنێکی گەنجی دانیشتووی گوندەکە. ئەم رووداوە قێزەوەنە بووە هۆی ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندەکە و کاردانەوەی توندیان پیشاندا.

لە کاردانەوەی دانیشتوانی گوندەکەدا، خاڵێکی سەربازیی چەتەکانی سوپای داگیرکەر سووتیندرا. چەتەکانیش بە دەستڕێژی گوللە وڵامیان دایەوە و لە ئەنجامدا، ٥ کەس بریندار بوون کە یەکێکیان ژن و یەکێکیشیان منداڵە.

بە پێی زانیاریەکان، هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دانیشتوانی گوندەکە بەردەوامە و چەندین زەویی کشتوکاڵیان سووتاندووە.

ز.ش