دەوڵەتی تورک مەزاری٥٠٠ ساڵەی شێخ بەرەکاتی رووخاند

دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ داگیرکردنى رۆژئاوا هەوڵێش دەدات مێژووی کورد لەو بەشەی کوردستانیش بسڕێتەوە.

چیای شێخ بەرەکات لە شاری دارزە-ی رۆژئاوای حەلەب دایە و شوێنێکی مێژووییە. ناوی شێخێکی ئیزیدی لەسەر دانراوە، کە ٥٠٠ ساڵ لەوە پێش لەو ناوچەیەدا ژیاوە. لە کۆنتردا چیای شێخ بەرەکات لەلایەن ئیمپراتۆری ڕۆما وە وەکوو شوێنێکی ستراتیژیک بە کار دەهێنرا.

 پێش ئەوەی چیای شێخ بەرەکات لەلایەن ئیمپراتۆری عوسمانییەوە داگیر بکرێت ئەو چیایە و دەورووبەری دەڤەرێکی کوردانی ئێزیدی بوو، بەڵام پاش ئەوەی عوسمانییەکان ئەوە دەڤەرەیان داگیر کرد هێرشێکى گەورەیان لە دژی ئێزدیەکان ئەنجام دا. بە هۆی ئەو هێرش و پەلامارەى عوسمانییەکانەوە زۆربەی ئێزیدییەکان کوژران و زۆریکیشیان کۆچبەر بوون و ئەوانەشی، کە مانەوە بە ناچاری بوون بە مسوڵمان.

 چیای شێخ بەرەکات لە دواى لالەش دووەمین شوێنى حەجکردنى ئێزدییەکانە و ئێزیدییەکان بە بەردەوامى سەردانى ئەو ناوچەیەیان دەکرد، بەڵام کاتێک گروپى بەرەی نووسرە لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەو شوێنەی داگیر کرد ئیتر ئێزدییەکان نەیانتوانی وەک ساڵانى پێشتر سەردانى چیای شێخ بەرەکات بکەن.

 دەوڵەتى تورکیش بۆ ئەوەى بەسەر ئیدلب و رۆژئاواى حەلەبدا باڵادەست بێت لە ٧ی شوباتی ٢٠١٨ / ١٨ی رێبەندان دا لە چیای سامان و چیای شێخ بەرەکات بنکەی سەربازیى دروستکرد.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک ئەو دەڤەرانەی داگیرکرد، گۆڕی شێخ بەرەکات بە تەواوی رورخێندرا و هەموو شوێنەوارە مێژووییەکانی سەر چیاکە و دەورووبەری لە ناوبرد. دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو دیوارە، کە بۆ جیاکردنەوەی عەفرین درووستی دەکات، بیگەیەنێتەوە ئەو دەڤەرەش.

شێخ بەرەکات بۆ هەموو گەلانی ئەو ناوچەیەە شوێنێکی گرینگە

گوڵێ جەعفەر ئەندامی یەکێتیی ئیزیدییەکان ڕایگەیاند، شێخ بەرەکات نەک تەنها بۆ ئێزیدییەکان، بەڵکوو بۆ موسڵمانان، ئەرمەن و مەسیحیەکانیش شوێنێکى گرینگ و جێگەى رێزە و گوتی، "لە ناو ئەو ئیمپراتۆر و دەوڵەتانەی، کە ئەو هەرێمەیان داگیر کردووە، ئەوەی بە زۆری لە یادی مێژوویی ئێمەدا ماوەتەوە و ماوەی داگیرکەرییەکان درێژخایەن بووە داگیرکەریى دەوڵەتی عوسمانی بوو. یەکەمین ئامانجیان لە ناوبردنی مێژووی کوردان و ئێزیدییەکان بوو.

 نەک تەنها لە شێخ بەرەکات، بەڵکو عوسمانییەکان لە هەموو شوێنێک مێژووی ئێمەیان لە ناو بردووە. لە نەبی هووری دەڤەرێکی پیرۆزمان هەبوو.

 عوسمانییەکان لەوێش مەزگەوتێکیان درووستکرد و شیخێکى خۆیان تیادا ناشت و لەو رێگەیەوە وتیان، ئەو ناوچەیە ناوچەی خۆیانە!.

شێخ بەرەکات کوردێکی ئێزیدییە. شێخ بەرەکات لەگەڵ برایەکی، کە ناوی شێخ عەلی بوو خاک و دینی خۆیان دەپاراست. هەردووکیشیان هەر لەو هەرێمەدا شەهید بوون. شێخ بەرەکات لە لوتکەی چیای شێخ بەرەکات و شێخ عەلی-یش لە گوندی باسوفان بەخاک سپێردراون. ئەو ٢ دەڤەرە ٢ کیلومەتر لە یەکترەوە دوورن. ئەو دوو مەزار و پەرستگەیە بۆ کوردانی ئێزیدی گرینگن.

 پێش ئەوەی هەرێمەکە لەلایەن بەرەی نوسرە و داعش و دەوڵەتى تورکەوە داگیر بکرێت هەموو رۆژانی چوارشەممە هەموو کەسێک لەو ناوچانەدا دەچوونە ئەو دەڤەرە و مۆمیان هەڵدەکرت.

ئەو ئێزدییانەى کە نەیاندەتوانى بۆ حەج بڕۆن بۆ لالەش هەموو ساڵێک سەردانى ئەو ناوچانە چیاى شێخ بەرەکات و گوندی فاسوفان دەکرد.

دەوڵەتی تورک کاتێک کە عەفرینی داگیرکرد بارەگای ستراتژییەکانى لەو هەرێمەدا دروستکرد، چونکە چیای شێخ بەرەکات بە سەر ئەوە دەڤەرەدا باڵادەست بوو. بە سەر حەلەب، ئیدلب، شەهبا و عەفرین دا باڵادەستە. ئێستاش لە شەهبا و لەم شوێنەدا، کە ئێمەی لێین چیای شێخ بەرەکات دەبینین. ئەو دەڤەرە بۆ ئێمە پیرۆزە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە رووخێنراوە.

 دەوڵەتی تورک  گەلی ئێمە و مێژووەکەمان لە ناو دەبات. ئێمە هیچ کات ئەوە قەبووڵ ناکەین. ئێمە رێگا نادەین خاک و مێژوومان  لە ژێر داگیرکەریى دەوڵەتى تورک دا بمێنێتەوە."

ر.م