سوریا داوای پاشەکشەی دەستبەجێ لە تورکیا دەکات

سوریا داوای پابەندبوون بە سەروەریی دەوڵەتەکەی و پاشەکشەی دەستبەجێ لە هەموو خاکەکەی لە تورکیا کرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوری 'سانا' ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی ئەمرۆی نێوان 'سوریا، رووسیا، تورکیا' لە مۆسکۆ، نوێنەری سوریا داوای لە لایەنی تورکیا کردووە کە پابەندی تەواوی هەبێت بە سەروەریی سوریا و سەربەخۆییەکەی و یەکێتی خاکەکەی، هاوکات داواشی کردووە کە دەستبەجێ لە هەموو خاکی سوریا پاشەکشە بکات.

لیوا عەلی مەملوک، سەرۆکی نووسینگەی ئاسایشی نیشتیمانی نوێنەرایەتی حکومەتی سوریا دەکات، هاکان فیدان-ی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیاش نوێنەرایەتی تورکیای کردووە، نوێنەرەکەی سوریا داوای کردووە کە پێویستە سوریا پابەند بێت بە رێککەوتنی سوچی لەبەرەی ئیدلب کە رۆژی ١٧ی ئابی ٢٠١٨ مۆرکراوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە چۆلکردنی ناوچە تیرۆریستییەکان و چەکە قورسەکانەوە هەیە و کردنەوەی رێگەی حەلەب-لازقییە-حەما.

بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەری فەرمی سوریا، لیوا مەملوک جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە سوریا سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕەکەی لەدژی تیرۆر و رزگارکردنی هەموو ناوچەی ئیدلب و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ شارەکە و سەقامگیرکردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی سوری کە رێکخراوە تیرۆریستەکان وەکو قەڵغانی مرۆیی لەو ناوچەیە بەکاری دەهێنن.

ئاژانسی فەرمی سوریا، باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بەرپرسی رووسیش ئامادە بوون، بەبێ ئەوەی ناسنامەکەیان ئاشکرا بکات.

ز.ش