شاهۆزحەسەن: ئێمە باوڕمان بە دانووستانی نیشتمانی هەیە

هاوسەرۆکی پەیەدە، شاهۆز حەسەن دەستنیشانیکرد کە ڕژیمی سووریا وگروپەچەکدارەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ، لە ڕۆژی یەکەمینی شۆڕشی سووریاوە ئەوان چارەسەری سیاسی رەد دەکەنەوە ، هاوکات، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەش دەداتەوە باس لە ڕێککەوتنی خۆبەڕێوەبەریی و ڕژێم دەکەن.

 

ئەمڕۆ پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە، لە شارۆچکە تربەسپی لە کانتۆنی قامیشلۆ کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبردوو تێیدا شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی گشتی پەیەدە تێیدا ئامادە بوو.

شاهۆز حەسەن دەربارەی دۆخی  سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان وتی، کە ڕژێمی سووریا و ئەو گروپانەی ناوی ئۆپۆزسیۆنیان لە خۆیان ناوە، لە ڕۆژی یەکەمی شۆڕشەوە جەختیان لە ڕێگای سەربازیی کردووەتەوەو وتیشی: لە ئەنجامی ئەو پیداگرییەی ئەوان لەسەر شەڕ، هەزاران هاوڵاتی کوژران و ملیۆنان ئاوارەبوون و ژێرخانی وڵات ڕوخێندرا، ئیمە لە باکوری سوریا لە سەر بنەماکانی دیموکراتی، لەلایەنی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە خۆمان ڕێکخست.

هاوسەرۆکی پەیەدە باسی لە دەوڵەتی تورکیا و شەڕی ئەوان لەگەڵ گەلانی سووریادا کرد و وەها بەردەوامی بە قسەکانیدا: دەوڵەتی تورک لە دژی تێکۆشانی گەلانی سوریا بۆ ئازادی، هەموو شێوازەکانی شەڕ بەڕێوەدەبات، ئەردۆغان لەوباوەڕەدایە کە لەسەردەمی عوسمانییەکاندا دەژی و بیری چووە گەلانی سوریا چۆن لەو و سیاسەتەکەی دەڕوانن، گەلانی سوریا مێژووی عوسمانییەکان کە وێرانی و کوشتاری بەسەر ناوچەکەدا هێناوە لەبیرناکەن، لە هێرشی عەفریندا ئەوە بەئاشکرا دەرکەوت، کە ئاوارەکانی ئیدلیب و حەلەب لە عەفرین پێش کوردان کوژران.

شاهۆز حەسەن باسی لەوەشکرد، کە ئەوەی لە سووریا بەڕێوەدەچێت رێککەوتنی وڵاتانی هێرێمی و جیهانییە، ئەوەشی وت:"ئەوەی لە درعا لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان ڕوسیا و ئیسرائیلدا پێکهات ئامانجی پاراستنی سنووری ئیسرائیلە".

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی دەوترێت لە نێوان خۆبەڕێوەبەریی باکوری سووریا و ڕژێمی سوریادا ڕێککەوتن هەیە، هاوسەرۆکی پەیەدە وتی: بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا تا ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەنیوان دوولایەنی سووریدا پێکنەهاتووە، ئێمە لەگەڵ وتووێژداین، ئێمە کاتێک دانووستاندن قبوڵ دەکەیەن، بەومانایەدێت، کە ئێمە لە ئاساتی سووریادا هێزێکین.