شیار حەمۆ باسی لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین کرد

شیار حەمۆی عەفرینی باسی خەڵکی عەفرینی کرد، کە ئێستا لە عەفرین گیریان کردووە. حەمۆ رایگەیاند، خەڵکی عەفرین هەموو رۆژێک لەژێر هەڕەشە و ئەشکەنجە دان.

ساڵێک زیاترە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراوە و ئەو خەڵکەی لە عەفرین ماونەتەوە هەموو رۆژێک هەڕەشە و ئەشکەنجەیان لە دژ ئەنجام دەدرێت. یەکێک لەوانەش شیار حەمۆی عەفرینییە.

شیار حەمۆی تەمەن ٣١ ساڵ یەکێکە لەو کەسانەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئەشکەنجەیان دابوو. ناچار بووە شارەکەی بەجێبهێڵێت و روو لە شەهبا بکات. حەمۆ لە شەهبا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و باسی گوشار، ئەشکەنجە، هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکی کرد.

زیاتر لە ساڵێکە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیر کراوە و خەڵکی ناوچەکە کە لە عەفریندا ماونەتەوە هەموو رۆژێک لە ژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەدا ژیان دەگوزەرێنن. یەکێک لەو کەسانە شیار حەمۆیە کە خەڵکی عەفرینە.

"دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی عەفرین دەکەن"

حەمۆ لە قسەکانیدا رایگەیاند، چەتەکانی دەوڵەتی تورک لەپێناو پارە خەڵک دەڕفێنن و دەست بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکی ناوچەکەدا دەگرن.  حەمۆ راشیگەیاند: "دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هاوکات شوێنەوارە مێژووییەکانیش تاڵان دەکەن و شەوانە دەچنە سەر ماڵان و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان. منداڵانی عەفرین ساڵێک لەمەوبەر بە کوردی پەروەردە دەبوون، ئەمڕۆ بە زۆرداری خوێندنی تورکی و ئیسلامی رادیکاڵیان بەسەردا دەسەپێندرێت. هەموو بەیانییەک مندڵان بە وتنی 'الله اکبر' دەست بە خوێندن دەکەن. هەزاران گەنج ناتوانن لە ماڵەکانی خۆیان بێنە دەرەوە و بچن بۆ لای کەسوکاریان. بۆ ئەوەی بتوانن بچنە لای خزمانیان، کە دوو کیلۆمەتر لێیانەوە دوورن دەبێت پارە بدەنە چەتەکان. چەتەکانی دەوڵەتی تورک ئامادەن بۆ دۆلارێک لە پیرە پیاوێکی ٨٠ ساڵیی بدەن".

'خەڵکی عەفرین هیچ خێر و سوودێکیان لە زەیتونەکانیان نەکرد'

حەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەستیان بەسەر ١٠%ی زەیتونەکاندا گرتووە و وتی: "لەگەڵ ئەوەی کە چەتەکان و دەوڵەتی تورک دەست بەسەر زەیتونەکاندا گرتووە و دیسانیش چەتەکان دێن داوای زەیتون لە خەڵکی عەفرین دەکەن. گوندەکەی ئێمە ئێستا ١٥٠ چەتەی تیادایە. ئەگەر من زەیتونیان بدەمێ هیچ بۆ خۆم نامێنێتەوە. چەتەکان دێن لە هەر ماڵێک ١٠ تەنەکە زەیتوون دەبەن".

'چونکە کوردین، ئەشکەنجە دەدرێین'

حەمۆ ئەوەشی باسکرد، کاتێک دەزانن ئێمە کوردین، یەکسەر دێن ئەشکەنجەمان دەکەن و وتیشی: "کاتێک زانیان من کوردم، منیان رفاند و ئەشکەنجەیان دام. بەهۆی ئەشکەنجەوە مرۆڤ ئەگەر شتێکیشی نەکردبێت، دەڵێت کردوومە. لە کاتی زینداندا، هاوڕێکانمان باسیان لەوە کرد لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین و پارەمان نەداوەتە چەتەکان، دەستگیر کراوین".

'گوشاری زۆر لەسەر ژنان هەیە'

حەمۆ سەرنجی راکێشایە سەر ئەوە، کە گوشارێکی زۆر لەسەر ژنان هەیە و تی: "بەهۆی سەپاندنی چارشێو و عەبای رەشەوە، جیاوازی لە نێوان ژنی چەتەکان و ژنانی ناوچەکەدا نەماوە. ژنانى ناوچەکە هەتا بە ناچاری و زۆر پێوێستیان بە شتێک نەبێت ناتوانن بچنە بازاڕ. هاوکات چەتەکان خەڵک لە ماڵەکانیان دەردەکەن و دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن و چەتەکانی ئیدلب لە ماڵەکانیان نیشتەجێ دەکەن. جارێک هەندێک چەتە بەناوی شەرقییە هاتن بە ژنێکیان وت، تۆ لە ژوورێک و ئەو چەتانەی لە ئیدلب-ەوە هاتوون لە ژوورێکی دیکەی ماڵەکەت دەمێننەوە. کاتێک ژنەکە وتى، ئەوە قبوڵ ناکات. چەتەکان وتیان تۆ بچی لای ئەردۆغانیش سکاڵا بکەیت، ئێمە لە ماڵەکەت ناڕۆینە دەرەوە".

"سروشتی عەفرین وێران دەکرێت"

حەمۆ باسی ئەوەشیکرد، چیای رەشۆ سوتێنراوە و وتی: "چەتەکان لە گوندی عەرەبۆی ماباتای عەفرین هەزاران داری زەیتونیان بڕییەوە و تەنانەت دارە وشکەکانیشان تاڵانکرد و فرۆشتنیان. هاوکات لە گوندی دێرویشی راجۆش دەوڵەتی تورک فڕۆکەخانە بۆ هەلیکۆپتەر دروست دەکات و بۆ ئەوەش زەوییەکى زۆری خەڵکى داگیرکردووە و سەدان دار زەیتونى بڕیوەتەوە".

شیار حەمۆ وتیشی، لە ماوەی ساڵێکدا، تەنیا سێ جار چووەتە بازاڕ. دەوڵەتى تورک و چەتەکانى بەزۆرداری ئاڵای تورک بە دوکانەکانى ناوبازاڕدا هەڵدەواسن.

شیار حەمۆ بانگەی لە دەوڵەتە نێونەتەوەییەکان کرد، کە با بچن بۆ عەفرین و خۆیان بە چاوی خۆیان تاڵانی، دزی، تاوانەکان و کارە قێزەوەنەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بیبینن.

ر.م