قەسەدە ئاماری ٣ رۆژی رابردووی بارودۆخی ناوچەکەی ئاشکرا کرد

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک  ئاماری هێرشی ٣ رۆژی رابردووی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر ناوچەکە بەردەوامن.

ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماری هێرشی ٣ رۆژی رابردووی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریای ئاشکرا کرد.

قەسەدە رایگەیاند:

" پلانە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ناوچەکە بەردەوامن. فڕۆکە جەنگییە بێفڕۆکەوانەکان بە بێ وەستان لەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوەو ناوچە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج.

زەرگان (ئەبو راسان)

سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی قوڕس و هاوەن گوندەکانی ئینگەل هەواو تل وەرد-یان تۆپباران کرد. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا زیانێکی زۆر بەر خانووی هاوڵاتییان کەوتووە.

تل تەمر

سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قوڕس، گوندەکانی ریحانییە و تل شەعیر و فەیسەلییە و ئێریشا-یان کردە ئامانج کە لە ژێر کۆنترۆلی ئەنجومەنی سەربازی سوریانی-دان. ئەنجومەنی سەربازی سوریانی لە چوارچێوەی مافی پاراستنی رەوادا وڵامی هێرشەکانیان داوەتەوەو ٢ چەتەیان کوشتووە. لە هەمان کاتدا تۆپبارانی داگیرکەران زیانێکی زۆری گەیاندووەتە ماڵ و خانووی هاوڵاتییان.

عەین عیسا

هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانی لە ناوچەکە بەردەوامن. سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قوڕس و ئۆبوس و هاوەن گوندەکانی قزعەل و تبێناو سەوامەو سارونج و خەفیا-یان بە قوڕسی تۆپباران کردووە. لە ئەنجامی تۆپبارانەکاندا زیانێکی زۆری مادی بە ماڵ و عەرز و موڵکی هاوڵاتییانی ناوچەکە کەوتووە.

لە هەمان کاتدا لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانەکاندا لە چەند ناوچەیەکی جیاواز، ٢ شەڕڤانمان کە بریندار ببون، شەهید بوون."

ز.ش