قەسەدە: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١٥ چەتە کوژراون

بە پێی راگەیێنراوێکی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە لە ماوە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی هێرشی داگیرکەران بۆ سەر ناوچەکە و وڵامی شەڕڤاناندا ١٥ چەتەی ئەردۆغان کوژراون.

ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە لە راگەیێنراوێکدا ئەنجامی شەر و بەرخۆدانی شەڕڤانان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کە لە ٣٤-مین رۆژیدایە ئاشکرا کرد.

بە پێی راگەیێنراوەکە جموجۆلی سەربازی وهێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامن و لە ناوچەی ئەبو راسان بە تانک و تۆپ و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی گوندەکانی تل محمد و ئوم ئیشبە و باب ئەلخێریان کردووە.

لە ناوچەی تل تەمریش بە هەمان شێوە سوپای داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قوڕس و بە پشتیوانی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان، هێرشی گوندەکانی مەناخ و رەشەدییەیان کردووە. لە ئەنجامی وڵامی شەڕڤانان و ئەنجومەنی سەبازی سوریانی، بەرامبەر بە داگیرکەران، ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون. بەڵام ژمارەیان نەزانراوە.

لە لایەکی ترەوە لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی ناوچەی سەرێکانی، گولەیەکی ئۆبوسی داگیرکەران لە ناو خۆیاندا تەقییەوەو لە ئەنجامدا ٦ سەرباز و چەتە کوژراون.

لە ناوچەی عین عیساش داگیرکەران بە تانک و تۆپ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان گوندەکانی مشێرفا و سلیپ و هەروها کۆگاکانی گەنم لە قزعەلی و شەڕگرێک و رێگای (M4) یان تۆپباران کردووەو لە ئەنجامی وڵامێکی توندی شەڕڤاناندا ٧ سەربازی تورک و چەتەکانیان کوژراون و ژماریەکیشیان بریندار بوون.

بە پێی راگەیێنراوەکەی قەسەدە، لە گوندی قەرەنفیلیش فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکی داگیرکەر ئۆتۆمبیلێکی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ٣ کەسیش بریندار بوون.

بە کۆی گشتی لە ئەنجامی وڵامدانەوە شەڕڤانان و تەقینەوەی گولەیەکی ئۆبوس لە ناو چەتەکاندا، ١٥ سەرباز و چەتەی ئەردۆغان کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان بریندار بوون.

قەسەدە هەروها رایگەیاند کە لە ئەنجامی بەرخۆدانی شکۆ و هێرشی داگیرکەراندا، بە گشتی ٢ شەڕڤان و ٢ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ٣ هاوڵاتی تری مەدەنیش بریندار بوون.

ز.ش