قەسەدە ٢٥ ژن ومندالی ئێزدی تری ڕادەستی ماڵی ئێزدیان کرد

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک- قەسەدە، دوای ئەوەی ٢٥ ژن ومنداڵی ئێزدیی لەدەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد،ئەوانی ڕادەستی ماڵی ئێزدیان لە هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

ئەمڕۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات -قەسەدە، ٢٥ ژن ومنداڵی ئێزدیی ڕادەستی ماڵی ئێزدیانی عامودێ کرد لە هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی ڕادەستی ئەنجومەنی دیموکراتی شەنگال بکرێن.

بەرخۆدان عامودێ، یەکێک لە فەرماندەکانی قەسەدە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان لە هەنگاوی گەردەلوولی جزیرەدا سەدان ژن و منداڵی ئێزدییان ڕزگار کردووە و وتی: ئەمڕۆ بەشێکی دیکە لەو ئێزدییە  ڕزگارکراوەکانن، ڕادەستی ماڵی ئێزدیان دەکەین بۆ ئەوەی ڕادەستی ئەنجومەنی دیموکراتی شەنگال بکرێنەوە.

لە کۆنگرەکەدا زیاد حامد، یەکێک لە کاربەدەستانی ماڵی ئێزدیان، سوپاسی هێزەکانی قەسەدەی کرد بۆ ڕزگارکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدی لەدەستی چەتەکانی داعش، هەروەها ڕاشیگەیاند، کە تا ئێستا زیاتر لە هەزار ژن و منداڵی ئێزدی ئازادکراون.

چارەنووسی سێ هەزار و ٤٠ کەس تا ئێستا نادیارە

زیاد حامد، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ٢٥ کەسە ڕادەستی ئەنجومەنی دیموکراتی شەنگال دەکەنەوە و وتی: هیوادارین کە هەموو ئێزدیانی دیلی دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار بکرێن، چونکە بە گوێرەی سەرژمێریە فەرمییەکان تا ئێستا چارەنووسی سێ هەزار و ٤٠ کەسیان نادیارە.

دوای گۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە، ئێزدیان و ئەندامانی ماڵی ئێزدیان بەرەوە سنووری باشووری کوردستان بەڕێکەوتن تا ئەو ئێزدییانە ڕادەستی ئەنجومەنی دیموکراتی شەنگال بکەن.