لە شارۆچکەى سوسی دێرەزۆر شەڕ قورسە

شەڕی نێوان شەڕڤانانى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) و چەتەکانى داعش لە چوارچێوەى دوایین قۆناغی هەڵمەتى گەردەولولی جزیردا لە شارۆچکەى سوسی دێرەزۆر بە قورسی بەردەوامە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) بڵاویکردووە، لە ناو شەقام و کۆڵانەکانى شارۆچکەى سوس شەڕێکى قورس لە نێوان شەڕڤانان و چەتەکانی داعشدا روو دەدات.

قەسەدە راشیگەیاندووە، بەهۆی زریانى خۆڵەوە ئاستى بینین لە ناوچەکە زۆر کەمبووەتەوە و چەتەکان دەیانەوێت سوود لە دۆخی کەشوهەوا وەربگرن و هێرش بکەنە سەر سەنگەر و پێگەکانى شەڕڤانان.

قەسەدە ئەوەشى خستووەتەڕوو، شەڕڤانان بەرەنگاری هێرشی چەتەکان بوونەتەوە و تێکیان شکاندوون و ناچاریشیان بە راکردن کردوون.

لە دوێنێ چوارشەممە ١٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ەوە شەڕڤانان لە بەردەوامیى پێشڕەوییەکانیاندا چوونە ناو شارۆچکەى سوس و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا شەڕ لە ناو ئەو شارۆچکەیەدا لە دژی چەتەکانى داعش بەردەوامیى هەیە.

ر.م