لە شاری کەرکوک کەمپینی "خوێندن بەزمانی دایک" ڕاگەیەندرا

لەشاری کەرکوک، کەمپینی 'خوێندن بەزمانی دایک' ڕاگەیەندرا، ڕێکخەرانی کەمپینەکەش کار دەکەن بۆ هاندانی هاووڵاتییانی کورد بۆ ئەوەی نەوەکانیان بخەنە بەر خوێندنی کوردی.

دوێنێ ئێوارە بەشێک لە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی خوێندنگەکانی شاری کەرکوک لەهۆڵی ڕۆشنبیریی کەرکوک کۆبوونەوە و دواتر کەمپینێکیان بەناوی "خوێندن بەزمانی دایک" ڕاگەیاند.

پەروین فاتح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەشاری کەرکوک لە کۆبوونەوەکە وتی: "لەمیانەی هەستکردنمان بەرامبەر بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگاکەمان هەڵدەستین بە دروستکردنی ئەم کەمپینە بۆشاری کەرکوک، چونکە بەشێک لە هاووڵاتییە کوردەکانی نیشتەجێی گەڕەکەکانی خوارووی کەرکوک منداڵەکانیان دەخەنە بەر خوێندنی زمانی عەرەبی، ئەمەش نیگەرانی لای زۆربەی مامۆستایان درووست کردووە."

ئەو چالاکییانەی کە لەم کەمپینەدا ئەنجام دەدرێت بریتین لە نمایشی شانۆ بۆ هاندانی منداڵ و خوێندن بەزمانی دایکی، سەردانکردنی هاووڵاتییانی کورد لە گەڕەکە عەرەبنشینەکان و زانینی نیگەرانیەکانیان لەبارەی خوێندنەوە.

ژ.ت