لە عەفرین و عەزاز ٥ سەرباز و چەتەی تورکیا کوژران

هێزەکانى رزگاریى عەفرین لە عەفرین و عەزاز گورزیان لە هیزەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دا. بەلانیکەمەوە لەو گورزانەدا ٥ داگیرکەر کوژران.

هێزەکانى رزگاریى عەفرین راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، چالاکییەکانیان لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانیان بەردەوامە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٠ی بەفرانبار لە عەفرین و عەزاز لە دژی داگیرکەران ٢ چالاکى ئەنجامدران.

لەبارەی ئەو چالاکییانەوە رایانگەیاندووە:

"شەڕڤانەکانمان رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٠ی بەفرانبار لە گوندی گۆبەلی ناوچەى شەرای عەفرین ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی سوپاى تورکی داگیرکەریان کردە ئامانج. لەو چالاکییەدا ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی تێکشکێنرا و سەربازێک کوژرا و ٢ سەربازی تریش بریندار بوون.

هەر رۆژی ٩ی کانوونی دووەم دەستەیەکى تر لە شەڕڤانەکانمان لە گوندی کل جبرین لە عەزاز ئۆتۆمبێلیکى چەتەکانى سوپای تورکی داگیرکەریان کردە ئامانج و بە تەواوی تێکیان شکاند. لە ئەنجامى ئەو چالاکییەدا ٤ داگیرکەر کوژران و یەکێکى تریش بریندار بوو.

ناوی چەتە کوژراوەکانى ئەو چالاکییەش بریتین لە: حسێن عەلۆ، یاسر عەمیق، مەروان عەبدولڕەحمان و محەمەد ئەل ئەشقەر".

ر.م