کۆنفڕانسی رۆژئاوا لە پەرلەمانی ئەورۆپا: ئەردۆغان، هیتلەری ئەم سەردەمەیە!

کۆنفڕانسی رۆژئاوا لە پەرلەمانی ئەورۆپا لە دووهەمین رۆژیدا بەرێوە چوو. لە کۆنفڕانسەکەدا باس لە دیکتاتۆریی ئەردۆغان کرا و لە هیتلەر و سەدامیان چواند.

سەرەتای دانیشتنی کۆنفڕانسەکە بەدران چیا راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا قسەی کردوو تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەوان هێزێکیان لەسەر ژیانی هاوبەش دروست کردووەو وتی:"هەموو سەرفرازییەکانی ئەو ناوچەیە نێودەوڵەتین. تورکیا سوود لە گروپەکانی ئیسلامی توندڕەو دەبینێت و دەیەوێت رێژێمێکی ئیسلامی بونیاد بنێت."

چیا وتی:" تورکیا دوو ئامانجی هەیە. سەرەتا رژێمێکی ئیسلامی بونیاد بنێت کە لە خزمەتی خۆیدا بێت، دووهەمیش دەیەوێت ئاواتە دیمۆکراسییەکانی گەلی کورد لە ناو بەرێت. بەڵگەی ئەوەمان لەبەردەستدایە کە تورکیا چەتەکانی داعش و ئەلنوسرە بەکار دەهێنێت. بە پارەی ئەورۆپا کورد قڕ دەکرێت. ئایا یەکێتی ئەورۆپا بۆچی پشتیوانی لە وڵاتێک دەکات کە پڕۆژەی قڕکردن پەیرەو دەکات. ئەردۆغان بووە بە سەدام حسێنێکی نوێ. وەک چۆن تاوانبارانی جەنگی جیهانی دووهەم دادگایی کران، پێویستە ئەردۆغانیش بەو شێوەیە دادگایی بکرێت."

حەسەن ئیبراهیم بەرپرسی ئۆفیسی ئەحوال نیۆز لەبارەی ئەردۆغانەوە وتی:" ئەردۆغان بووە بە هیتلەری سەردەمی ئێستامان. ئەرۆغان هەڕەشەیە بۆ کورد و عەرەب. پێویستە یەکێتی ئەورۆپا هەڵوێستێکی توند پیشان بدات."

پرۆفیسۆر دکتۆر میکائیل گونتیر ئەندامی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورۆپا بۆ پرسی مەدەنی تورکیا رایگەیاند پێویستە ئەمریکا، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت و فشار لەسەر یەکێتی ئەورۆپا دروست بکات.

شێخ عەلی سکرتێری گشتی پارتی یەکێتی کوردیش وتی:" گەلی کورد تا دواهەناسەی، زمان و خاکەکەیان دەپارێزن. هاوڵاتییانی سوریا پێویستییان بە ئاشتی هەیە. بۆ ئەوەی تورکیا هێزەکانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە، پێویستە فشاری بۆ بهێنرێت."

ئیمی هۆستینهۆست کە لە زانکۆی هارواردەوە بەشداری کۆنفڕانسەکە بوو، نەخشەی کەمپەکانی کاتی قڕکردنی ئەرمەنییەکانی سوریای خستەروو وتی:"زۆرترین کۆمەڵکوژی لە دێرزۆر ئەنجام دراوە."

ز.ش