لە کۆبانی ٣ شەهیدی بەرخۆدانی شکۆ بەخاک سپێردران

لە کۆبانی بە بەشداری سەدان هاوڵاتی تەرمی ٣ شەهیدی بەخۆدانی شکۆ کە بۆ پاراستنی پیرۆزیەکانی گەلەکەیان گیانیان بەخت کرد، بە مەراسیمێکی شایستە  لە گۆڕستانی  شەهید دیجلەی شاری کۆبانێ بەخاک سپێردران.

تەرمی هەر یەک لە شەهیدان مستەفا عەلوش (نیبال کۆبانێ) و وەلید محمد (وەلید قەزەلی) و ماجد موسا (دەمهات رۆژئاوا) کە لە گوندی شەڕگرکێی گرێ سپی گیانیان بەخت کرد، لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە لایەن سەدان هاوڵاتی ناوچەکەوە بە خاک سپێردران.

مەراسیمەکە بە دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد و دواتر مستەفا عیدۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی کۆبانێ لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و وتی:" ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنوسسازەوە تێدەپەڕین. پێویستە یەکگرتنمان بەهێزتر بکەین، بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە بە سەرکەوتووانە تێپەڕێنین و ببین بە شایەنی شەهیدانمان."

شیرین عوسمان ئەندامی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک (پەیەدە)ش وتەیەکی پێشکێش کردوو رایگەیاند ٣٠ رۆژ تێپەڕین و هێزەکانمان بە هەموو توانایەکیانەوە لە دژی سوپایەک و چەتەکانیەوە شەڕی خۆپاراستن دەکەن. ئەمەش ئیرادەی بەهێزی شەڕڤانان و سووربوونیان بۆ پاراستنی گەلەکەمان ئاشکرا دەکات."

کەسوکاری شەهیدانیش وتەیان پێشکێش کردوو بەڵێنیان دا کە لە سەر رێگای شەهیدەکانیان بەدەوام دەبن.

دوای پێشکێشکردنی وتەکان ناسنامەی هەر سێ شەهیدەکە خوێنرانەوەو رادەستی کەسوکاریان کرا.

لە کۆتاییدا تەرمی هەر سێ شەهیدەکە بە وتنەوەی دروشمی 'بژی بەرخۆدانی شکۆ' بە خاک سپێردران.

ز.ش