مستەفا ئیتۆ: هێڵی سێیەم ڕێگە چارەی کێشەکانە

مستەفا ئیتۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کانتۆنی کۆبانێ ڕایگەیاند، هێڵی سێیەم ڕیگا چارەیە تا هەموو پێکهاتەکان بە مافەکانی خۆیان بگەن.

دەربارەی سەردەمی شەڕی داعش و ئیستای کۆبانێ و دوای شەڕی داعش، مستەفا ئیتۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کانتۆنی کۆبانێ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

مستەفا ئیتۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کانتۆنی کۆبانێ دەربارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر کۆبانێ لە لایەن داعشەوە وتی: ''دەیان ساڵە کوردانی سوریا وەکو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ژێر گوشارێکی زۆردابوون. دوای سەر‌هەڵدانی گەل لە ساڵی ٢٠١١ ئێمە وەکو بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم - TEV-DEM) ڕێگە چارەیەکمان دانا. ئەویش هێڵی سێیەم بوو، کە چۆن هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە بە ئاشتی و ئارامی بژێن و بگەنە مافەکانی خۆیان، بەڵام دەوڵەتانی دوژمنی کورد لە سەرو هەموویانەوە تورکیا ئەم هێڵی سێیەمەی بە گونجاو نەدی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بۆیە دەستیان کرد بە شەڕکردن لە دژی ئێمە.''

مستەفا ئیتۆ وتیشی: '' کۆبانێ لە ناوەڕاست دا بوو. لە هەر چوار لاوە ئابلوقە خرایە سەری و تەنانەت رێگە نەدرا شیری منداڵیش بهێنرێتە ناو کۆبانێ، ئەو بەرخۆدانەی خەڵکی کۆبانێ و شەڕڤانان کردیان داستانێکی مێژووی بوو. چەندین ساڵ بەرخۆدانمان کرد و لە ساڵی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەرمان. ئەو هێرشەی داعش لەلایەن تورکیا و ئاکەپەوە پێشەنگایەتی دەکرا.''

دەربارەی هاتنی گەنجانی هەر چوارپارچەی کوردستان بۆ کۆبانێ و بەرگریکردن لەم شارە ناوبراو وتی: ''کاتێک رێبەر ئۆجالان بانگی گەلی کوردستانی کرد بانگیشی لە مرۆڤایەتی کرد خاوەنداری لە کۆبانێ بکەن، دوای بانگەوازی ڕێبەر ئۆجالان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و ئەوروپاوە چالاکی بۆ پاڵپشتیی کۆبانێ ئەنجامدرا. لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە گەنجانی کورد بەرەو کۆبانێ هاتن بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ".

 ئەوەشی وت: ''ئەو شەڕە کورد لە کۆبانێ کردی تەنها شەڕی کورد نەبوو، بەڵکو شەڕی هەموو مرۆڤایەتی بوو دژی هێزێکی تاریکپەرستی دژ بە هەموو مرۆڤایەتی ''.

هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى کانتۆنی کۆبانێ ئەوەشی راگەیاند: ''ئەگەر تەمەشای رۆژانی پێشوو بکەین لەگەڵ ئێستادا و بەراوردیان بکەین زۆر ئەزموون و وانەی گەورەمان لێ وەرگرت. بە هیوای ئەوەی سانتیم سانتیم و بست بست ئەم خاکە رزگار بکەین تێکۆشاین و بەو شێوەیە ئەمڕۆ هەزارەها کیلۆمەترمان بڕیوە و هەموو خاکەمان لە ژێر دەستی داعش رزگارکرد.''

مستەفا ئیتۆ دەربارەی تێکشکاندنی داعش راشیگەیاند: ''هۆکاری تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی روحی هەر چوارپارچەی کوردستان لە کۆبانێ یەکبوون، واتا یەکخستنی هێزی گەنجانی گەلی کورد وایکرد داعش بشکێت و کۆبانێ نەکەوێت."

دەربارەی هاوکاریکردنی شارەکە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ئاماژەى بەوەکرد: ''بەداخەوە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی لە رووی هاوکاریکردن و خاوەنداریکردن لە کۆبانێ هیچی نەکردووە، چونکە دوای ئەوەی چەندین ڕێکخراو و لایەنی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاند، کە هاوکاریی کۆبانێ دەکەن تەنها بەشێکی کەم هاوکاری، کە لەلایەن کەسایەتییەکانەوە پێشکەش کرا گەیشتە کۆبانێ، بەڵام دەوڵەتانی نێونەتەوەی هیچ هاوکارییەکیان پێشکەش بە کۆبانێ نەکرد. تەنها لە ڕاگەیاندنەکان ڕایاندەگەیاند هاوکاریى کۆبانێ دەکەن، بەڵام بە کردەوە و لە پراکتیکدا هیچ هاوکارییەکیان پێشکەش بە کۆبانێ نەکرد."

دەربارەی ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی، کە لە شەڕی داعش لە کۆبانێ ئاوارە بوون ئاماژەى بەوەشکرد: " پێش هەر شتێک ئێمە گرنگیمان دا بە ئارامی و ئاسایش، چونکە لە هەر شوێنێک ئاسایش نەبێت ژیانیش تیایدا قورس و زەحمەت دەبێت. دەربارەی خزمەتگوزاری ئەوەی لە توانای خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیدا هەبوو بە هاووڵاتیانمان پێشکەش کرد."

هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى کانتۆنی کۆبانێ دەربارەی کۆمینەکان باسی ئەوەیکرد،: '' ٨٧ کۆمین لە کۆبانێ هەیە. ١٤ کۆمینگەش هەیە. ئەنجومەنی ناحیەکەنیش پەیوەندییان لەگەڵ کۆمینەکان هەیە. هەوڵمانداوە لە سیستمی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا زێهنیەت و تێگەیشتنی کۆمین لە کۆمەڵگا بە تەواوەتی دەوری خۆی ببینێت و ببێتە ئیرادەی کۆمەڵگا .''

مستەفا ئیبۆ دەربارەی سنوور داخستن بەروی رۆژئاوادا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئەوەى خستەڕوو: "پێویست بوو سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکەن و سنوورەکانیان بە رووی رۆژئاوادا بکەنەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوەى زۆر بە ئازار و دڵ ئێشە بوو، ئەوە بوو سەرکردەکانی باشوور هەڵوێست و هەڵسوکەوتییان پێچەوانە بوو و سنوورەکانیان بە رووماندا داخست تاوەکو ئابڵوقە و گەمارۆ بخەنە سەر رۆژئاوای کوردستان".

دەربارەی ڕەخنەی لە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان وتی: " ئاستی رەخنەمان بۆ سەرکردەکانى باشوور تێپەڕاندووە، چونکە رەخنە لە کەسێک دەگیردرێت، کە هیوات پێى هەبێت بگۆڕێت، بەڵام کاتێک هیوات نەبێت بەگۆڕینی ئەو لایەنە پێویست ناکات ڕەخنەی بکەیت. تێکڕای ئەو هەڵوێست و بڕیارانە، کە لەلایەن سەرکردەکانی باشوری کوردستان بەرامبەر بە رۆژئاواى کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەرچوون دژی داخوازیی گەلی رۆژئاوای کوردستان بوون. هەموو ئەو بڕیارانەی سەرکردەی باشوور بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان دەریکرد لە بەرژەوەندیی کورد نەبوو."

مستەفا ئیتۆ هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى کانتۆنی کۆبانێ لەو کۆتایى وتەکانیدا رایگەیاند "کاتێک ئێمە باس لە سەرکردەی باشور دەکەین باس لە کۆمەڵگا و گەلی باشوور ناکەین، چونکە لە رۆژی دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاواوە گەلی باشوور لەگەل ئێمە بوون، بۆ نموونە لە شەڕی کۆبانێ دەیان کچ و کوڕی باشوور بەشداربوون و بەرگرییان لە کۆبانێ کرد. ژمارەیان ئەوەند زۆر بوو، کە گروپی باشوورمان دروست کرد بۆیان. لە هەموو ناوچەکانی باشوورەوە هاتبوون بۆ بەرگریکردن لە رۆژئاوا .''

ر.م