میت کار بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەى داعش دەکات

دەوڵەتى تورک، داعشەکان هەم لە تورکیا و هەم لە سوریا سەرلەنوێ رێکدەخاتەوە و وەک هێزێکى میلیشایى بەکاریان دەهێنێت.

دەوڵەتى تورک لە شەڕی ناوخۆی سوریادا بۆ هێنانەدیى ئامانجى سیاسەت و داگیرکەریی، لە ناو چەتەکانى ئیخوان موسلمین، بەرەی نوسرە و گروپە چەتەکانى تردا زۆرترین متمانە و بڕواى بە چەتەکانى داعش کرد و پشتیوانیى لێکردن. داعش لە تورکیا وەک میکانیزمێکى گرنگی دەوڵەت، واتە وەک هێزێکى میلیشایى بەکارهێنرا.

دەوڵەتى تورک ئێستا هەوڵ دەدات سەرلەنوێ چەتەکانى داعش لە تورکیا رێکبخاتەوە. ئێمە هەندێک ناو و زانیاریى چەتەکانى داعشمان لە سوریا دەستکەوتووە، کە لە ژێر چەتری میت دا کار دەکەن بۆ ئەوەى بەرپرسەکانى داعش لە سوریا بگوێزنەوە بۆ تورکیا تاوەکو لەوێ رێکبخرێنەوە و لەلایەن میت و دەوڵەتى تورکەوە وەک میلیشیا بەکاریان بهێنن.

سەرلەنوێ رێکیاندەخاتەوە

بەپێى زانیارییەکان هەندێک لە چەتەکانى داعش بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانى قەسەدەوە تەنگاو بووبون. بەپێى پلانەکانى میت هەندێکیان لە رێگەى قاچاخچییەکانەوە گواسترانەوە بۆ تورکیا. دەوڵەتى تورک بەشێک لەو کەسانەى لە ناو سوپا، پۆلیس و هەواڵگری دا جێگیرکرد و بەشێکیشیان بە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوکردووەتەوە.

میت لە تورکیا دەستی بە ریکخستنەوەى ئەندامانى داعش و بنەماڵەکانیان کردووە و ئەوانەیان، کە دەتوانن بەشداری لە شەڕدا بکەن دەستنیشانیان دەکات. لەو چوارچێوەشەدا هەندێک لە چەتەکانى داعش کە بەشێوەى پلان بۆ دانەنراو چوونەتەوە بۆ تورکیا لە کامپەکاندا کۆدەکرێنەوە و سەرلەنوێ رێکدەخرێنەوە. ئەو کارە بە بێ بەکارهێنانى ناوی داعش و بەشێوەیەکى زۆر نهێنى بەڕێوەدەچێت.

ئەندامانى داعش لە ناو دەوڵەتدا کاریان پێدەدرێت

ناوی چەند کەسێک کە لە میت دا کار دەکەن تاوەکو ئەندامان و ئەمیرەکانى داعش بگوێزنەوە بۆ تورکیا بریتین لە:

ئیسماعیل ئەل ئیدۆ: بە ناوی عەبدوڵا دەناسرێت. خەڵکى گرێ سپی (تەل ئەبیەزە) و لە عەشیرەى ئەل ئیلماتە. لە ناو داعش دا بەرپرسى جبەخانە بوو. دواى ئەوەى چوو بۆ تورکیا ئێستا کار بۆ میت دەکات.

عەبدولباسی ئەل ئیدۆ: برای ئیسماعیل ئەل ئیدۆیە. لەو چەتەکانى داعش دا چەکدار بووە و لەسەر سنووری تورکیا کاری پێدرابوو. پەنابەران و ئەندامانى داعشی لە سوریاوە دەگواستەوە بۆ تورکیا. ئێستا کار بۆ میت دەکات.

مەسعود ئەل بەدر ئەل مەعروف: بە ناوى ئەبو تەیر دەناسرێت. خەڵکى گرێ سپییە و لە عەشیرەتی ئەل مەشهورە. لە ناو چەتەکانى داعش دا بەرپرسى ئەمنیى سنوور بوو و لە ناوکاروباری هەواڵگری دا بوو. ئێستا کار بۆ میت دەکات.

سەعدون ئەل عاشق: برای لەسعود عاشقە. سەعدون عاشقی چەتەى داعش ئێستا لە تورکیا کار بۆ میت دەکات.

براهیم ئەل زاکر: بە ناوی ئەبو محەمەد دەناسرا. خەڵکى گوندی مەکەنی ناوچەى مەیادینى دێرەزۆرە. دواى هەڵمەتى گەردەوولی جزیر چوو بۆ ناوچەى شەهبا، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داگیرکراوە و بەشداری ریزی چەتەکانى دەوڵەتى تورک بوو. ئێستا ئەرکی ئەوەى پێدراوە ئەو چەتە و ئەمیرانەى داعش، کە لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا خۆیان شاردووەتەوە بڕفێنێت بۆ تورکیا.

ر.م