مەدەنییەکەى تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتى تورک چەتەیەکى داعشە!

هەندێک لە چەتەکانى داعشە هەڵهاتوەکان بۆ تورکیا لە ژێر چەتری سوپای نیشتمانیی سوریا (SMO) بەشدارییان لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دا کرد. ئێستاش هەندێکیان لە رێگەى کەنالی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی تورکەوە (TRT) هەڕەشە لە کوردان دەکەن.

هەندێک لە چەتەکانى داعش دواى رزگارکردنی گرێ سپی و رەقا هەڵهاتن بۆ تورکیا و دواتر بە ناوی سوپای نیشتمانیی سوریا (SMO) بەشدارییان لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دا کرد. ئێستاش هەندێکیان لە رێگەى کەنالی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی تورکەوە (TRT) هەڕەشە لە کوردان دەکەن.

هەندێک لەو چەتانەى داعش، کە بەشدارییان لە شەڕێ داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکردنی گرێ سپی دا کردبوو، ئاشکرا بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەى بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) گەیشتوون، موستەفا ئەل زیبۆ لە گەڕەکی ئەل شەلال لە گرێ سپی، کە بە ناوی ئەبو رەشید ئەل ئەنساری دەناسرێت یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەتیبەی شێخولئیسلام بن تەیمە بوو. لە ساڵی ٢٠١٣دا لەگەڵ کەتیبەکەیدا چوونە ناو ریزەکانى بەرەی نووسرە. موستەفا ئەل زیبۆ لە تەمموزی ٢٠١٣دا بەشێوەیەکى چالاکانانە بەشداریی لە پاکتاوکردن و سڕینەوە و لەناوبردن و دوورخستنەوەى کوردان لە گرێ سپی دا دەکرد و دەستی بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرت. هەندێک لە کوردان، کە لەو کاتەدا لە شارەکەدا مابوونەوە لەلایەن موستەفا زیبۆوە کۆمەڵکوژکران.

لە سەرێکانی بە ناوی "مەدەنییەکەوە" بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتى تورک (تەڕەتە) لە دژی یەپەگە قسەى کرد

موستەفا ئەل زیبۆ لە حوزەیرانى ٢٠١٥دا و کاتێک گرێ سپی لەلایەن هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)ەوە رزگارکرا هەڵهات بۆ تورکیا. لە ناوچەى کانییا خەزالان بەشداریی لەو ئەنجوومەنە سەربازییەدا کرد، کە چەتەکانى 'سوپای ئازادی سوریا' بۆ رەقەیان دروستکردبوو. لە ١٠ی ئایاری ٢٠١٩دا لە پەخشی کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتى تورکدا وەک کەسێکى مەدەنی ناسێنرا و لە رێگەى کەناڵی تەڕەتەى دەوڵەتى تورکەوە ئیدعای ئەوەی کرد، کە یەپەگە ئەو و عەرەبەکانى بە زۆر لە خاکی خۆیاندا دەرکردووە.

ئێستاش لە گرێ سپی کاری سیخوڕی و ئیخباری دەکات

موستەفا ئەل زیبۆ لە ژێر چەتری سوپای نیشتمانیى سوریادا، کە چەتەکانى دەوڵەتى تورکن لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا دەستیانکرد بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر گرێ سپی. ئەل زیبۆ ئێستا لە گرێ سپی بەرپرسی کاروباری سیخوڕیی چەتەکانى دەوڵەتى تورکە. ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکی گرێ سپی بە پاساوی ئەوەى پەیوەندییان بە خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیکەوە هەیە بە دەوڵەتى تورک داونی بە گرت.

ژنانی ئێزیدیی ئەشکەنجە کرد

هەروەها بەپێی زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) چەتەیەکى داعش بە ناوی جاسم ئەل رەشۆ لە سەرێکانی لە ناو چەتەکانى سوپای نیشتمانیی سوریادایە. لەسەر ئەو چەتەیە زانیارییەکى زۆرمان دەستکەوتووە. جاسم ئەل رەشو لە سەرێکانی شێخی عەشیرەتی ئەل عەدوانە. لە ساڵی ٢٠١٤دا چووە ناو چەتەکانى داعش و لە گرێ سپی بووە سەرەک چەتە. چەندین کۆمەڵکوژیی لە ناو خەڵکی هەرێمەکەدا ئەنجامدا. لە حوزەیرانى ٢٠١٥دا و کاتێک گرێ سپی لە داعش پاککرایەوە، ئەو چەتەیە هەڵھات بۆ رەقا. لە رەقا بووە بەرپرسی کڕین و فرۆشتن و دابەشکردنی ژنە ئێزدییە رفێنراوەکان بەسەر سەرەک چەتەکانى داعش دا. ئەو ژنانەی کە دوای رزگارکردنی رەقا ئازاد کران باسی ئەوەیانکرد، ئەو چەتەیە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدیی بۆ چەندینجار ئەشکەنجە کردووە.

لە رەقا هەڵھات بۆ ناوچە داگیرکراوەکان
لە کاتى هەڵمەتى توڕەیی فوراتی هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بۆ رزگارکردن و پاککردنەوەى رەقە لە دەستی چەتەکانى داعش، ئەو چەتەیە رایکرد بۆ شەهبا، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داگیرکرابوو. لەوێ گروپێکى چەتەی بە ناوی کەتیبەی ئەحرار ئەل رەشۆ دامەزراند. لەگەڵ گروپە چەتەکەیدا بەشداریی لە هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر سەرێکانی کرد و لە رێگەى دەوڵەتى تورکەوە گەڕایەوە بۆ شارەکە. چەتەی داعش جاسم ئەل رەشۆ ئێستا لە ژێر چەتری سوپای نیشتمانی سوریادایە و ئەو کەسەیە، کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ و لە کاتى ھێرشی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک دا، چەتە زیندانیکراوەکانى داعشی لە زیندانی مەبروک ئازاد کردبوو.

دەست بەسەر ماڵی کورداندا دەگرێت

چەتەیەکى تری داعش لە ناو سوپای نیشتمانیی سوریادا ناوی وەلید عەبدولعەزیز (ئەبو هەریب ئەل بەجاری)یە و خەڵکی گوندی ئەل خێبیشی تلتەمرە. لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریادا چووە ناو ریزی سوپای ئازادی سوریا. دواتر چووە ریزی بەرەی نوسرە و یەکێک لە بەرپرسانی بەرەی نوسرە بوو لە سەرێکانی. دواى ئەوەى بەرەی نوسرە لە بەرامبەر یەپەگەدا تێکشکا لە شارەکە هەڵهات. لە ساڵی ٢٠١٥دا چووە ناو چەتەکانى داعش و دواى ئەوەى بریندار بوو لە رێگەى تۆڕەکانى دەوڵەتى تورکەوە برا بۆ رحا و لەوێ چارەسەریی بۆ کرا.

کاتێک دەوڵەتى تورک لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا دەستی بەهێرشی داگیرکەری بۆ سەر سەرێکانی کرد، وەلید عەبدولعەزیز وەک ئەندامێکی سوپای نیشتمانیى سوریا بەشداریی لەو داگیرکەرییەدا کرد. ئێستا ئەو چەتەیە لە سەرێکانی ئەرکی دەستبەسەرداگرتنی ماڵە کوردەکانی پێسپێردراوە.

یەکەمجار بەرەی نوسرە، دواى ئەوەش داعش و ئێستاش کۆماری تورکیا

رامی یوسف ئەل دەهیش لە گەڕەکی عەین ئاروس لە گرێ سپی لە کاتى دروستبوونی بەرەی نوسرە چووە ناو چەتەکانى بەرەی نوسرەوە. کاری دەرکردن و دوورخستنەوە و کۆمەڵکوژکردنی کوردانی لە گرێ سپی بەرێوەدەبرد. کاتێک گرێ سپی لەلایەن چەتەکانى داعشەوە داگیرکرا چووە ناو چەتەکانى داعش و لە ناو کاروباری سیخوڕیی چەتەکانی داعشدا دەستی بەکار کرد. کاتێک هێزەکانى سوریای دیموکراتیک لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا گرێ سپییان رزگاکرد، رامی یوسف ئەل دەهیش هەڵهات بۆ کانییا خەزالان و بوو بە سیخوڕی دەوڵەتى تورک. ئەل دەهیش لە ناو سوپای نیشتمانیی سوریادا بەشداریی لە هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک لە ٩ی تشرینی دووەم بۆ سەر گرێ سپی کرد و ئێستا لە گرێ سپی وەک سەرەک چەتە کار دەکات.

ژ.ت