نوێنەرانی ئەنەکەسە جارێکیتر لەگەڵ بکوژانی کورد کۆبوونەوە

ئەنەکەسە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بارەگاکانی کردەوە، سەردانی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورکیان کرد کە بەرپرسی کوشتنی بە هەزاران کوردە لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) کە لەناو گروپە چەتەکانی بە ناوی "ئۆپۆزسیۆنی سوریا" دەجووڵێنەوە و لە هەمانکاتدا نزیکی پەدەکەن، لە ئەنقەرە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ کۆبووە.

چاوشئۆغلۆ لەبارەی کۆبوونەوەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر قسەی کرد و جارێکیتر باکوور و ڕۆژئاوای سوریا کردە ئامانج و وتی، "لەگەڵ نوێنەرانی ڕەوای کوردانی سوریا و شاندی دەستەی نەتەوەیی کورد کۆبوومەوە. ئێمە پشتگیری خۆمان بۆ ڕۆڵی ئەوان لە پڕۆسەی سیاسی و هاوپەیمانی نەتەوەیی سوریادا دەردەبڕین. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەمان بە ڕێکخستنەکان تیرۆر پەکەکە / یەپەگە دا کە زیان بە کورد دەگەیەنن."

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بناغەی یەکێتی نەتەوەیی کورد فەرمانی دابوو کە پارتەکانی سەر بە ئەنەکەسە بارەگاکانیان بکەنەوە و ئەو پارتانە لە شارەکانی حەسەکە و کۆبانێ نووسینگەیان کردەوە.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایگەیاندبوو، ئەوان بۆ خەباتی یەکێتی نەتەوەیی دەستپێشخەریان کردووە.

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەل ناڕەزایی لەبەرانبەر سەردانی شاندی ئەنەکەسە بۆ ئەنقەرە پیشاندا کە لە داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپیدا بە هەزاران کوردیان کوشت و دەکوژن.

ف.ق