هەدەپە: تورکیا بە گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات

کۆمیسیۆنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەدەپە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە بەسەر گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات.

فەلەکناس ئوجا و هشیار ئوزسۆی هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندیەکانی دەروەی هەدەپە لە بارەی گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە بەسەر گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، لێدوانێکیان بڵاو کردەوە.  

لە لێدوانەکەدا باس لەوە دەکرێت کە بە هۆی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک کە لە ٩ی تشرینی دووەمەوە لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستی پێکردووە، ناوەندی دابەشکاری ئاوی ئالۆک لە سەرێکانیان داگیر کرا.

لە لێدوانەکەدا ئاماژە بەوەش کرا کە، ئەو ناوەندی دابەشکردنی ئاوە، ناوەندێکی گرنگە و ئاوی ٥٠٠ هەزار کەس دابین دەکات و باسیش لەوە کرا کە، دەسەڵاتی ئاکەپە بە زانابوون ناهێڵێت ئەو ناوەندی دابەشکاریە کار بکات و بەمەش تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات. رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش لە ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، لەم بارەیەوە هۆشداری دابوو.

هەدەپە هاوکات رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە بە گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە و کۆچبەرکردنی گەلی ناوچەکە، تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات و ئاماژەی بەوەش کرد، دۆسیەی ئاویش کە لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکار دەهێنرێت، تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە.

لە لێدوانەکەدا هەروەها باس لە بواری پاکوخاوێنی و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆناش کرا و راگەیێندرا، گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە بەسەر گەلانی ناوچەکە، هاوکات تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی و هیچ کات لە بیر ناکرێت.

هاوکات بانگەوازیەک ئاڕاستەی دەسەڵاتی ئاکەپەش کرا کە، واز لەو سیاسەتە بێویژدان و بێئەخڵاقانەی خۆی بهێنێت.

بانگەوازیەکیش ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و روسیا و ئەمریکا کرا کە لەم رووەوە رۆڵی خۆیان بگێرن.

ز.ش