هەپەگە: لە گەلیى عەلی درێژی برادۆست ١٠ سەربازى تورکیا کوژران

گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستار لە ناوچەى برادۆست گورزێکى ترى قورسیان لە سوپاى تورکیاى داگیرکەر وەشاند. لەو چالاکییەدا لە گەلیی عەلی درێژ لە برادۆست ١٠ سەربازى تورکیا کوژران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى چالاکیی هێزى گەریلا لە دژى سوپاى داگیرکەرى تورکیا لە برادۆست رایگەیاند "رۆژی ١١ى تەمووز (دوێنێ) لە چوارچێوەى هەڵمەى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری دا گەریلاکانمان لە ناوچەى برادۆست گورزی قورسیان لە هێزى داگیرکەر وەشاند".

هەپەگە راشیگەیاندووە "لە دژی سەربازانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر، کە گەلیى عەلی دریژیان داگیرکردووە، چالاکییەک لە ٢ قۆڵەوە ئەنجامدرا و گەریلا چوونە سەر سەنگەرەکانى دوژمن و ناوەندەکەى سوپاى تورکیا لەو گەلییەدا. لە ئەنجامدا چەندین سەنگەرى داگیرکەران تێکشکێنران و ١٠ سەربازى ئەو سوپا داگیرکەرەش کوژران و یەکێکى تریش بریندار بوو".

بەپێى راگەیاندراوەکەى هەپەگە "دواى چالاکییەکە سوپاى تورکیاى داگیرکەر بە کۆپتەرى جۆری سکۆرسکى کوژراو و بریندارەکانی گواستووەتەوە".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ئەوەش هاتوووە "رۆژی ١٠ى تەمووز و لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانى بەستادا، یەکەى قەناس بە دەستى گەریلا لە دژى لیواى سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە شرنەخ چالاکییەکیان ئەنجامدا و لەو چالاکییەدا سەربازێکى داگیرکەران کوژرا و یەکێکى تریش بریندار بوو".

ر.م