وارد: هاووڵاتیانی عەفرین دەبێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان

ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ژولیا وارد ەتی، "دەبێت دۆخێکی وەها دروست بکرێت کە عەفرینیەکان بتوانن بە بێ مەترسی بگەڕێنەوە سەر شوێن و واری خۆیان".

شاندی بەریتانیی کە لەسەر بانگەوازی کۆنگرەی ستار و لە چوارچێوەی کەمپەینی "ژنان بۆ عەفرین ڕاپەڕن" سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کردووە. کۆتاییان بە سەردانەکەیان هێنا. شاندەکە سەردانی کانتۆنەکانی کۆبانێ و جزیر و  تەبقایان کرد. بەڵام نەیانتوانی بڕۆنە هەرێمی شەهبا. ئەندامی فراکسیۆنی چەپ لە پەرلەمانی ئەوروپا ژولیا وارد کە ئەندامی شاندە بەریتانیەکە بوو، دەربارەی لێکۆڵینەوە و چاودێریەکانیان زانیاری بە ئاژانسەکەمان دا.

وارد دەستنیشانی کرد کە سەردانیان بۆ رۆژئاوای کوردستان بۆتە ئەزموونێکی نمونەیی و ڕایگەیاند "ژنان لە ناوەندی بەرخۆداندان. من لە هزری خۆپاراستنیان تێدەگەم. بە پەروەردە و هەوڵی ئابووری و شەڕ، ژنان جێی خۆیان لەناو هێزەکانی بەرگریدا کردۆتەوە. وەک ئاشتیخوازێک ئەوە کاریگەریەکی زۆری لە من کردووە. بۆ من شتێکی زۆر سەخت بوو کە ببینم ژنان چەکیان لەدەستدا بێت. رێز و حورمەتێکی زۆرم هەیە بۆ ئەو خەباتەی ژنان.  بۆ ئەو بابەت و دۆزە ئانا کەمپیل لە وڵاتەکەی منەوە هاتۆتە ئێرە بۆئەوەی بەرگری لەو بەها و شکۆیانە بکات".

لە زاری خێزانێکی عەفرینیدا چیرۆکی عەفرینیەکانمان بیست

ژولیا وارد باسی لەوەش کرد کە زۆریان هەوڵ داوە سەردانی کەمپەکانی شەهبا بکەن، بەڵام هەلومەرج نەڕەخسا بۆ ئەو سەردانە. بەڵام لە کۆبانێ خێزانێکی عەفرینیمان ناسی کە لە ژن و پیاوێک و خوشک و دایکی ژنەکە پێکدەهاتن. ژنەکە تازە بوو بووە دایک و منداڵێکی بچوکی هەبوو. دایکی ئەو ژنە نەیدەتوانی بجوڵێتەوە و هاوسەرەکەشی برینداربوو. ئێمە دەربارەی عەفرین ئەو خێزانەمان دواند. ئێمە ئەو ترسەمان بەدی کرد کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دروستیان کردووە لای هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین. ئەو خێزانە باسی ئەوەیان بۆ کردین کە ناچارکراون دارە زەیتونەکانیان و ماڵ و موڵکی خۆیان بە جێبهێڵن و ئاوارە ببن. باسیان لەوە کرد کە مرۆڤیان ناچارکردووە کە هەرچیەکیان هەیە بەجێی بهێڵن".

'دەبێت ئارامی و ئاسایش بۆعەفرین بگەڕێندرێتەوە'

وارد ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لە پەرلەماندا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بێننە زمان و رایگەیاند "ئەوەی کە عەفرینیەکان داوای دەکەن تەنهاو تەنها گەڕانەوەیانە بۆ سەر شوێن و واری خۆیان. دەبێت کاری سەرەکیی ئێمە ئەوە بێت کە دۆخیک-ی لەبار دروست بکەین کە عەفرینیەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. چونکە ئێستا ئەگەر بگەڕێنەوە ڕووبەڕووی تووندوتیژیی دەبنەوە. ئەوەش دۆخیکی مەترسیدارە. بۆیە دەبێت سەرەتا ئارامی و ئاسایش بۆ عەفرین بگەڕێنرێتەوە".

'لەسەر بنەمای سڕینەوەی پێکهاتەکان دیموگرافیای عەفرین دەگۆڕدرێت'

ژولیا وارد جەختی لەوە کردەوە کە مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەتنیکی عەفرین هەیە و روونیکردەوە "شتێک کە زۆرترین ترس و گومانی دروستکردووە ئەوەیە کە عەفرینیەکانیان لەسەر ماڵ و حاڵ و خاکی خۆیان دەرکردووە و مرۆڤیان لە ناوچەکانی دیکەوە هێناوەو لەسەر خاکی عەفرین نیشتەجێیان کردوون".

وتیشی "لەسەر بنەمای سڕینەوەی پێکهاتەکان، دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕدرێت".

ک-ش