چیاکورد: تورکیا لە سوریا تێکشکاوە، بەڵام بەدوای پیلانی دیکەوەیە

ڕاوێژکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەدران چیاکورد ڕایگەیاند، تورکیا لە سوریا لاواز بووە و تێشکاوە.

ڕاوێژکاری خۆبەڕێوەبری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەدران چیاکورد لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئیدلب و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

بەدران چیاکورد دەربارەی پەیمانی سوچی کە ساڵێک پێش ئیستا ئیمزا کرا، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە وتی: "وەکو هەمووان دەزانن چاوپێکەوتنەکان لەسەر میکانیزمی ئاسایشی سنوور لەگەڵ ئەمریکا، ڕێگەی لەبەردەم ئەوە کردەوە کە ڕووسیا و ئێران لە مەسەلەی ئیدلب فشار بخەنە سەر تورکیا. ئاخۆ بۆچی تا ئێستا بۆ ئیدلب فشار نەخرایە سەر تورکیا؟ مانگێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی سوچی بەڕێوەچوو، بەڵام ڕووسیا لە بەرانبەر تورکیا پەلەی نەکرد. کاتێک تورکیا خۆی نزیکی ئەمریکا کردەوە، ڕووسیاش بەهۆی ئەو نزیکبوونەوەیە نیگەران بوو و فشاری خستە سەر تورکیا.

دوای ئەو گوشارانە، هێرشەکان زیاتر بوون، چەندین جێگە لە تورکیا سەندرایەوە کە پێشتر بە دەست تورکیاوە بوو، تورکیا کەوتە حاڵەتێکی لاواز. ئەردۆغان بە بیانووی ئەوەی کە خەڵکی سڤیل دەکوژرێن، داوای لە ڕووسیا کرد شەڕەکە بوەستێنێت.

ئاگربەستی یەکلایەنە

مەسەلەی ئیدلب بە پێی پەیمانی نێوان ڕووسیا و تورکیا دەبێتە فەرمی. هەردوو لایەن نەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئیدلب، بەڵام بۆ بێکاریگەرکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە ڕێککەوتن. لە دیدارەکانی ئەم دواییانەی ئەردۆغان پۆتین-یشدا بڕیاری درێژەدان بەو شەڕە درا.

ئەو ئاگربەستەی کە ڕژێمی سوریا دەستی پێکردووە، بۆ هەموو چەکدارەکانی هەرێمەکە نەبوو. گروپی وەکو جەبهەتولنوسرە نەخراوەنەتە ناو لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستەکان. بەڵام ئاگربەست لە ناوچەکە سەرینەگرت، ئەو ئاگربەستە بەردەوام نابێت، چونکە لە ناوچەکە چەندین گرووپی چەکدار هەن و هیچ کامیان بەپێی ئاگربەستە ناجولێنەوە. ڕووسیا و ڕژێم دەیانەوێت لە هەرێمە ستراتیژییەکان کۆنترۆڵ بخەنە ژێر دەستی خۆیان. پەیمانەکانیان لەسەر ئەو شتانەیە. ئامانج ئەوەیە کە ڕێگاکانی شام – حەلەب و شام – لازقییە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و ئەو ناوچانە لە گرووپە چەکدارەکان پاک بکەنەوە.

ئەو گرووپانەی کە بانگەشە دەکەن ئۆپۆزسیۆنن و گرێدراوی تورکیان، لە هەرێمەکە پاشەکشە دەکەن. ئەمڕۆ دەبینرێت گرووپە چەکدارەکان لەناودەچن.

خۆپیشاندان لە بەرانبەر تورکیا

بەدران چیاکورد لەسەر خۆپیشاندانەکانی گەلی ئیدلب لە بەرانبەر تورکیا وتی: "تورکیا یان بەخۆی دەڵێت من ئاگربەستم" ڕایگەیاند ئەو دەتوانێت ڕێگە لە هێرشەکان بۆ سەر خەڵکانی سڤیل بگرێت و دەتوانێت خەڵکی سڤیل بپارێزێت. لەو هێرشانەی لە ناوچەکە بە پەسەندکردنی دەوڵەتی تورک دەکرێن. تورکیا ناتوانێت دەنگی لێوە بێت. لەبەرئەوە مانەوەی تورکیا لە هەرێمەکە بوەتە مایەی گفتوگۆ. گەل ڕاپەڕیوە و دەنگی هەڵبڕیوە و دەیەوێت تورکیا لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە. ئەو کاردانەوانەش دژی تورکیا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن.

تورکیا سوودی لە قەیرانی ئیدلب وەردەگرت و سیاسەتی لەگەڵ سەردەستەی چەتەکانی ئیدلب دەکرد. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە تێکدەشکێت ڕۆژبەرۆژ ڕێکەوتنەکەی بەرتەسکتر دەبێتەوە. لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک کاردانەوەی جیاواز دەردەکەون.

بەدران چیاکورد لەسەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیش وتی: "ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان، پێشنیازی دیالۆگ دەکەین. بۆ ئەوەی ئەو دیالۆگە پێکبێت، هەرچیمان لەدەست بێت دەیکەین. ئەگەر دەوڵەتی تورک هێرش بکات، خاکی خۆمان دەپارێزین و بەرخۆدان دەکەین".

کورد بۆ گۆڕانکارییەکانی ئیدلبیش وتی: "بەڕای ئێمە لە ئیدلب هەموو کێشەکانی سووریا بونەتە گرێ کوێرە. ئەوێ بوەتە گۆڕەپانی شەڕی زلهێزەکان. لەوێ زیاتر لە ٣٠ هەزار چەکدار هەن. تورکیا، ڕووسیا، ئێران لەوێن. ئیدلب ناکەوێتە دەست ڕووسیا، ئێران و ڕژێم. چونکە ناتۆ هەڵوێستی لە بەرانبەر ئەوە دەبێت. چەندین جار بینیمان ناتۆ و هاوپەیمانان نایانەوێت ئیدلب بکەوێتە دەست ڕووسیا و هاوبەشەکانی.

'مەسەلەی ئیدلب زوو چارەسەر نابێت'

کورد لەسەر کێشەی ئیدلب وتی، بەڕای ئەوان ئەو مەسەلە پرسێکی وا نییە کە زوو چارەسەر ببێت، تەنیا کاتێک دەتوانێت چارەسەر ببێت کە ئەو هێزانەی دەست لە سوریا وەردەدەن ڕێکبکەون و وتیشی: "یان ئەگەر ڕووسیاـ ئەمریکا، ئێران و تورکیا لە سەر خاڵێک ڕێک بکەون، مەسەلەی ئیدلب دەتوانێت چارەسەر بێت. ئەگەر مەسەلەی ئیدلب چارەسەر ببێت، ئەگەرێکی گەورە هەیە کە لە مەسەلەی سوریاشدا هێزەکان لە یەکتری نزیک ببنەوە و ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ چارەسەری سیاسی سوریا".

چارەسەرەکەی بەڕێوەبەری خۆجێیە

کورد وتی، بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا پێشنیازی دەستوری دیموکراتیکیان کردووە، سیستمێک لە شوێنەکە بەڕێوەبەری خۆجێی دابمەزرێنرێت و کورد و گەلانی دیکە بەشدار ببن و لەژێر ناوی خۆبەڕێوەبەری بگەنە مافی خۆیان. کورد وتیشی: "بەو شێوازانە قەیرانی سوریا دەتوانێت چارەسەر بکرێت. هۆکاری قەیرانی سوریا ئەوە بوو کە لە یەک ناوەندەوە بەڕێوە دەبرا. بەهۆی ئەوەی گەل و کەلتوریان دوور دەخستنەوە، بووە هۆکاری کێشەی گەورە و هۆکاری قەیران".

'بڕیاری ئەو لێژنانەی کە ئێمەی تێدا نیین، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە'

کورد لە بەردەوامیدا وتی: "ئێستا دەوترێت کۆمیتەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوور دامەزرێنراوە. لەنێوان ڕژێمی سوریا، ئۆپۆزسیۆن و خەڵکانی سڤیل. لەبەر ئەوەی ئێمە لەناو ئەو کۆمیتەیەدا نین، ئێمە دان بەو کۆمیتەیەدا نانێین، هەر بڕیارێک ئەو کۆمیتەیە بیدات، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. چونکە نوێنەری ئێمە لەو کۆمیتەیەدا نییە".

تورکیا هیوای دەداتە داعش

ڕاوێژکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا، بەدران چیاکورد وتی، بە هەڵمەتی باغۆز سەروەری داعش لەسەر خاک کۆتایی پێهێنرا، بەڵام داعش بۆ ئەوەی هەلێک بدۆزێتەوە و دیسان خۆی ڕێکبخاتەوە، چاوەڕوانی ئەوەیە قەیران و ئاڵۆزی دروست بێت و ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ناوچەکە هیوا دەداتە داعش، هێرش و ڕێکخستکردنی خۆی بەردەوام دەکات، پلانسازییەکانی بەگوێرەی ئەوە دەکات و هەلەکان دەقۆزێتەوە و لە خزمەتی خۆی بەکاریدەهێنێت.

'دەبێت دادگاییکردنی داعشەکانیش بە هاوکاری بکرێت'

لەسەر دۆخی ئەندامانی چەتەکانی داعش کە لە گرتووخانەکانی خۆبەڕێوەبەری ڕاگیراون و لەبارەی هاوسەر و منداڵەکانیان کە لە کەمپەکانن وتی: "ئەوە پرسێکی قورسە. خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوا ناچار دەبێت وەڵامی هەموو پێداویستییە لۆجستیکی و جۆرەکانی دیکەی داعش بداتەوە. بانگەوازمان بۆ وڵاتە نێونەتەوەییەکان کرد کە هاوکاری خۆبەڕێوەبەری بکەن. بۆ دادگاییکردنی داعشەکانیش، پێویستە لە ڕۆژئاوا دادگەیەکی نێونەتەوەیی دابمەزرێنرێت.

پێویستە کار بکرێت بۆ دادگاییکردنی داعشەکان. بۆ ئەوەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دادگایی بکرێن، لەگەڵ دەوڵەت و دامەزاروەکان لە دانووستان داین. دادگاییکردنی داعشەکان تەنیا بەرپرسیارییەتی ئێمە نییە، بەرپرسیارییەتی هەموو جیهانە. وەکچۆن بە هاوپەیمانی نێوەنەتەوەیی پێکەوە داعشمان کۆتایی هێنا، دەبێت بۆ ١٢ هەزار داعشی زیندانیکراویش بە خەباتێکی هاوبەش دادگایی بکرێن."

'بۆ جیهان مەترسییکی گەورەیە'

کورد لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، لەسەر ئەم بابەتە هەر شتێک بکەوێتە سەر شانی ئێمە جێبەجێی دەکەین، دادگاییکردن، ئامادەکردنی زیندانییەکان، گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاسایشی، لە قۆناغی لۆجستیک و تەکنیکیدا چ شتێک پێویستە دەبێت بە بەرپرسیارییەتی جیهان بکرێت، ئەگەر ئەو دادگاییکردنە نەبێت، ئەگەر لەسەر زیندووکردنەوەی داعش هەڵوێست وەرنەگیرێت، کامپ و زیندانەکان بۆ داعش دیسان دەبێتە زەمینەی خۆڕێکخستن، ئەوەش بۆ ماوەیەکی کورت و هەم بۆ ماوەیەکی درێژیش بۆ جیهان مەترسییەکی گەورەیە".

ک-ش