کاروانە هاوبەشەکەی روسی و تورکی هێرشیان کردە سەر مەدەنییەکان: گەنجێک شەهید بوو

دوای دانیشتوانی ناوچەی گرکێ لەگی، هاوڵاتیانی ناوچەی دێرکیش کاروانە سەربازیە هاوبەشەکەی روسی و تورکی داگیرکەریان بەردباران کرد و لە ئەنجای دەستڕێژی گولەی سەربازانی داگیرکەراندا، هاوڵاتیەک شەهید بوو ژمارەیەکیش بریندار بوون.

دوای ئەوەی دانیشتوانی ناوچەی دێرکی سەر بە کانتۆنی قامشلۆ کاروانێکی هاوبەشی ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی روسیا و تورکی داگیرکەریان بەردباران کرد، سەربازەکانی تورکی فاشیست دەستڕێژی گولەیان کرد بە ناو هاوڵاتیانی مەدەنیدا و لە ئەنجامدا هاوڵاتیەک بە ناوی (سەرخوەبوون عەلی) شەهید بوو ژمارەیەکیش لە هاوڵاتیان بریندار بوون.

بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری دێرک کران.

لە لایەکی ترەوە سەر لە بەیانی ئەمرۆش هاوڵاتیانی گوندی دێرنا ئاغای سەر بە ناوچەی گرکێ لەگێ کاروانی هاوبەشی ئۆتۆمبیلە سەربازییەکەیان بەردباران کردبوو.

لە لایەکی ترەوە لە کۆبانێش کاروانێکی هاوبەشی زرێپۆش و ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی روسی و تورکی داگیرکەر لە ٥ی ئەم مانگەدا لە کاتی تێپەڕبوون بە ناو خەڵکدا، لە لایەن هاوڵاتیانی ناوچەکەوە بەردباران کرابوو.

دوای ئیمزاکردنی پەیمانی نێوان حکومەتی روسیا و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە ئێستادا لە رۆژئاوای کوردستان کاروانی هاوبەشی زرێپۆش و ئۆتۆمبیلی سەربازیی سوپای هەردوولا، دەستیان بە گەڕان کردووە.

ز.ش