کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند

کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە تایبەتی هێرش و تاوانی شەڕ رۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بووە.

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، رۆژی یەکشەمە، ٣-١١-٢٠١٩ نۆزدەمین کۆبوونەوەی لە ناوەندی کەنەکە لە برۆکسل سازکرد، کە زیاتر لە ۳٤ پارت و لایەن و ڕێکخراوی سیاسی تێیدا بەشداربوون.

جگە لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کۆبونەوەکە لەسەر باشووری کوردستان و عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا، بە تایبەتیش ڕووداوەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە. لەسەر دۆخی ئاڵۆزی عێرا ق و دەنگۆی گۆڕینی دەستوور و پێگەی فیدرڵیی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ کرا، هەروەها دۆخی باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتیش بە چڕی باسیان لێکرا.

 

ئەمەش دەقی ئەنجامنامەکەیە:

ئەنجامنامەی ١٩مین کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، رۆژی یەکشەمە، ٣-١١-٢٠١٩ نۆزدەمین کۆبوونەوەی لە ناوەندی کەنەکە لە برۆکسل سازکرد.

لەسەرەتای کۆبوونەوەدا بە پێی رۆژەڤ وتووێژێکی چڕو پڕ لەسەر دۆخی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوایین رووداوو گۆڕانکارییەکان، رۆڵی هێزە جیهانیەکان لە ناوچەکەدا کرا.

 دۆخی رۆژئاوای کوردستان رۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو. بە تایبەتی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، تاوانی شەڕ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی کە سوپای تورکیا و هاوکارەکانی پەیڕەوی ئەکەن، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوون. لەو بارەیەوە رۆڵ و هەڵوێستی هێزە جیهانییەکان، هێزە هەرێمییەکان و هەڵوێستی ڕای گشتیی نێونەتەوەیی بە بەرفراوانی تاووتوێ کران. لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەولەتی توکیادا، خاوەندارێتی گەلی کوردستان و هێزە کوردستانییەکان وەک هەنگاوێکی گەورەی یەکێتی نەتەوەیی نرخێندرا و  رێزی لێگیرا. هەروەها پەیوەندی نێوان پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژاوای کوردستان بە چڕوپڕی باسکرا. لەو رووەوە هەوڵدانی ك ن ك بۆ لێکنزیکردنەوەی سەرجەم لایەنەکانی رۆژاوای کوردستان بەرز نرخێندرا، پشتگیریی کراو داواکرا بەردەوام بێت. بە ئامانجی بەهێزکردنی پشتگیریکردنی ناونەتەوەیی دژی هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر رۆژاوا، هەروەها  بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوکانی رۆژاوا، بڕیاردرا کار و چالاکییە دیپلۆماسییەکان بەردەوام بن. چاوپێکەوتن لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتان  و دەزگا جۆراوجۆرە نێودەوڵەتیەکان بکرێت.

لەسەر باشووری کوردستان و عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا،  بە تایبەتیش رووداوەکانی ناوچە دابڕاوەکان، هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە. لەسەر دۆخی ئاڵۆزی عێرا ق و دەنگۆی گۆڕینی دەستوور و پێگەی فیدرڵیی هەرێمی کوردستان، بە قووڵی وتووێژ کرا.  هەمانکات بۆ خاوەندارێتی  لە کوردستانیان و دەستکەوتەکانی ئەو شوێنانە، هەروەها داگیرکاریی تورکیا لە باشووری کوردستان، وتووێژی جدی و گرنگ کرا. رەوشی شەنگال بە تایبەتی هاتە بەر باس. لەو بارەیەوە کۆبوونەوە بڕیاری دا بە هەموو شێوەیەک خاوەندارێتی لە خەڵکی ئێزدی بکات. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پێگەیەکی خۆسەر لە شەنگاڵ کەوتە ناو پلانسازی کۆبوونەوەکە.

دۆخی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێرانیش بەشێکی تری وتووێژەکان بوو. بەتایبەتیش دۆخی زیندانیان و لە سێدارەدان و هێرش بۆسەر کۆڵبەران و قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران. هەروەها قەیرانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکاو کاریگەریی لەسەر دۆخی ناوچەکە و کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی دی بوو لە باس و وتووێژەکاندا.

 لەسەر دۆخی باکوری کوردستان، هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خەڵک و دەستکەوتەکان، بەتەیبەتیش دەستبەسەراگرتنی شارەوانی شارە کوردییەکان، بە فروانی نرخێندران. لەو بارەیەوە لەچوارچێوەی پلانسایی کۆبوونەوەدا، بڕیا لەسەر چەندین چاوپێکەوتنی دیپلۆماسی درا.

کۆبوونەوە هەڵوێستی خۆی لەم خالانەی خوارەوەدا کۆکردەوە:

١. دەوڵەتی تورکیا، نەیاری سەرەکیی  خەڵکی کوردستانە، لە سەرانسەری کوردستاندا لە هێرشدایە. سەرکێشی داگیرکاریی لە هەموو ناوچەکەدا ئەکات. لە سەر ئاستی جیهانیش لە دژی کوردان لە هەوڵدانی سیاسی و دیپلۆماسیی بێوچاندایە. لە دوای جەرابلوس و عەفرین، پەلاماری جزیرەی دا و گرێ سپی و سەرێکانی داگیر کرد. رۆژ لەدوای رۆژیش داگیرکاریی زیاتر ئەکات. ئەو داگیرکارییانە نەک تەنیا هەر لە رۆژاوایە، لە ناوچەی خواکورک، لە باشیک ( بەعشیقە )، لە شەنگاڵ و کەرکوک و گەلێک ناوچەی تریش درێژەی هەیە.  ئامانجی دەولەتی تورکیا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیانە. کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش داوا لە هەموو هێز و بزاڤە کوردستانییەکان ئەکا دژ بە داگیرکاریی راوەستن و خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی بن.

٢کۆبوونەوە سڵاو لە بەرخۆدانی هێزەکانی قەسەدە ئەکات، کە قارەمانانە لەبەردەم هێرشەکانی سوپای تورکیادا وەستاون. بەڕێزەوە پشتگیرییان ئەکات. هەروەها لە کەسێتی شەهیدانی ئەم قۆناغەدا، هەموو شەهیدانی کوردستان,هەموو ئەوانەی گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ دۆزی کوردستان،  بەڕێز و شکۆوە بەبیر دێنێتەوە.

٣. کۆبوونەوە هەڵوێستی گەلی کوردستان لە دژی داگیرکاریی وەک بناغەی یەکێتی نەتەوەیی ئەنرخێنێت. بەتابەتی سڵاو لە هەڵمەتی بایکۆتکردنی  کاڵاو بەرهەمی تورکیا ئەکات کە لە باشووری کوردستانەوە دەستیپێکردووەو پەرەی سەندووە. لەو بارەیەوە داواو لە هەموو خەڵکی کوردستان و دۆستانی کورد ئەکات لە هەموو قوژبنێکی دنیادا بایکۆتی بەرهەم و توریزیمی تورکیا بکەن.

٤. کۆبوونەوە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد زۆر بە گرنگ ئەزانێ. پشتگیریی هەموو هەوڵێک لەو بوارەدا ئەکات. ك ن ك داوا لە پارت و رێکخراوەکانی رۆژاوای کوردستان ئەکات پێکەوە لە ئاستی رۆژاوادا فۆرمێکی پێکەوە کارکردن پێکبێنن.

 

٥. پێویستە رۆژاواو هەموو باکوری سوریا بپارێزرێت. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە چەترێکی پاراستنی نێونەتەوەیی بۆ رۆژاوا درووستبکرێت. بۆ رێگرتن لە هێرشەکانی تورکیا و دەستتێوردانی نەیاران، پێویستە بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی دژە فڕین کارو خەبات چڕتر بکرێتەوە. هەروەها پێویستە هێزەکانی تورکیا لە هەموو رۆژاوای کوردستان بچنە دەرەوە. خەڵک بگەڕینەوە جێ و رێی خۆیان. هێزێکی ناونەتەوەیی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سنوورەکان جێگیر بکرێن. ئەم داخوازیانە لە هەموو کارە دیپلۆماسییەکانی ئێمەدا داخوازیی سەرەکیی ئەبن.

٦. بۆ نووسینی دەستوری بنەڕەتی سوریا، کۆمیتەیەک لە شاری جنێڤ پێکهاتووە. بەڵام تا ئێستا بەڕیوەبەرێتی باکوری سوریا بانگهێشت نەکراوە. هەر هەوڵیک لەو چوارچێوەیەدا بێ بەشداریی کورد و پێکهاتەکانی باکوری سوریا سەرناگرێت و ئەنجامەکانیشی پەسەند ناکرێت.

٧. بۆئەوەی هەڵوێستی ناونەتەوەیی لە دژی هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا لە سەر رۆژاوا بەهێزتر بکرێت، بڕیار درا زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی دیپلۆماسی و سەردانی شاند بۆ ولاتانی جۆراوجۆر و دەزگا نێونەتەوەییەکان رێکبخرێت. بۆ هەمان مەبەست نامە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێردرێت.

٨. دەولەتی تورکیا لە باکوری کوردستان هێرش ئەکاتە سەر هەموو دەستکەوت و بەهاکانی ئێمە. لە لایەکەوە هێزە چەکدارەکانی بەردەوام هێرش ئەکەنە سەر خەڵک و جەنگاوەرانی ئازادیی. لەلایەکی ترەوە دەست بەسەر شارەوانییە کوردییەکاندا ئەگرێت. لە لایەکی تریشەوە پۆل پۆل چالاکوان و سیاسەتمەدارە کوردەکان زیندانیی ئەکات. بۆ ئەوەی لە ئاستی ناونەتەوەییدا ئەم دۆخە زیاتر روون و ئاشکرابێت و هەلوێستێکی جدیی لەبەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەی توکیادا بگیرێت، زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسەتمەداو کاربەدەستان و رای گشتیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رێکبخرێت.

 

٩. دەولەتی تورکیا هەموو سیاسەتوان و رێکخراوە کوردییەکان وەک تێرۆریست ئەناسێنێ و هێرش ئەکاتە سەریان. لیستی تیرۆر لە ئەمەریکا و ئەوروپا رەوایەتی بەم هێرشانەی تورکیا ئەدات و ناڕەواییەکە بەرامبەر بە هەموو کورد.ئەو لیستەیە بە پێی بەرژەوەندی ولاتان و بڕیارێکی سیاسی، لەسەر بنەمایەکی نایاسایی و نادادپەروەر رێکخراوە. پێویستە ئەو لیستەیە لە هەموو کارو چالاکییە دیپلۆماسییەکاندا بێتە بەرباس و وەک کارێکی نایاسایی و نادادپەروەر پیشان بدریت.

١٠. گوشار و هێرشە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر گەلی کورد بەردەوامن. رۆژانە زیندانیانی سیاسیی لە سێدارە ئەدرێن و کۆڵبەران ئەکوژرێن. سیاسەتی سەرکوتکردن و تواندنەوە بێ پسانەوە پەیڕەو ئەکرێت. ئێمە هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی ئێران بە توندی شەرمەزار ئەکەین. پشتگیریی خۆمان بۆ گەل و هێزە خەباتکارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رائەگەیەنین

١١. لەو بارەیەوە جارێکی دی داوا لە هەموو پارت و رێکخراوە رۆژهەڵاتییەکان ئەکەین ناکۆکییەکانی خۆیان بنێنە لاوەو یەکێتییەکی کاری ناوخۆیی پێکبێنن. هەمانکات داوا لە هەموو گەلی کوردستان ئەکەین پشتگیریی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

١٢. ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان لە ژێر هەڕەشەدان. لە زۆر شوێن هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان ئەدرێت، خەڵک کۆچبەر و ئاوارە ئەکرێن. ئێمە حکومەتی ئێراق ئاگادار ئەکەینەوە کە دەست لە هەڵوێستی بە عەرەب کردن و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک و ناوچەکانی مادەی 140 هەڵگرێت. چیتر لەو بارەیەوە پەیڕەوی سیاسەتی بەعسیەکان نەکات. پێویستە ئاوارەکان بگەڕینرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە.

١٣. عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە. رۆژبەرۆژ خۆپیشاندانەکان فراوانتر ئەبن. هەندێک جوڵەی شۆڤێنیست فرسەت لەو دۆخە ئەبینن و هەڵئەدەن دەستور بە شێوەیەکی نادیموکراتیک بگۆڕن. ماف و دەستکەوتەکانی کوردان تیایدا لاواز بکەن. ئەو دۆخەو ئەو خواستە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.

١٤داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردان لە باشووری کوردستان سات لەدوای سات لە زیادبووندایە. پێویستە هەرچی زووتر ئەو هێزانەی تورکیا لە خاکی هەرێم بچنە دەرەوە.

١٥. بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە فەرمییەیتی نێودەوڵەتیدا وەک جینۆساید بناسرێت، پشتگیریی کەیسی ئێزدییەکان ئەکەین. هەروەها پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان دژی هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر شەنگاڵ راوەستن و شەنگاڵ بپارێزن. هەوڵبدرێن ئاوەدانکردنەوەی شەنگاڵ بکەوێتە بواری پراکتیکەوەو ئاوارەکان بگەڕێنەوە جێ و ماڵی خۆیان. پێویستە ناسنامەی شەنگاڵ بپارێزرێت، دیمۆگرافیای شەنگاڵ نەگۆڕێت. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە شەنگاڵ خۆی خۆی بەڕێوەببات.

١٦. دەروازەی نێوان شەنگاڵ و رۆژاوای کوردستان بۆ خەڵکی شەنگاڵ زۆر گرنگە. کۆبوونەوە داوا لە حکومەتی عێراق ئەکات ئەو دەرگایە بە کراوەیی بمێنێت و دانەخرێت.

١٧. ئێمە جارێکی تر پشتگیریی خۆمان بۆ هەموو مافەکانی گەلی ئاسوری-سریانی-کلدانی دووپات ئەکەینەوە. ئەوان خەڵکی رەسەنی ئەو هەرێمەن. پێویستە مافە ئیتنیکی و کلتوری و سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان لەسەر ئەو خاکە دەستەبەر بکرێن و بپارێزرێن و  ئاوارەکانیان بگەڕینەوە جێگاورێگای خۆیان.

١٨. پێویستە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپە دیموکراسییەکان خۆیان رێکبخەن. رێز لەیەکتر بگرن و لە کاری دیپلۆماسیدا هێڵی سووری بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بپارێزن.

١٩. ئێمە وەک کۆمیتە بانگی هەموو پارت و رێکخستنە کوردستانییەکان ئەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش ببن و بەیەکەوە کاری دیپلۆماسی بکەین.

لە کۆتایی کۆبوونەوەدا زانیاریی لەسە ئەو کارو خەباتە نێونەتەوەییانە درا کە لە بواری دیپلۆماسییدا لەوەرزی رابردوودا کرابوون. کارەکان نرخێندران. دواتر لەسەر شێوازی رێکخستنی کۆمیتە و پێکهێنانی کۆمیتەی هاوشێوە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان وتووێژ کرا و بڕیای درووستکردنیان لەو وڵاتانەدا درا کە دەرفەتی درووستکردن هەبێت. تەوەری کۆتایی کۆبوونەوە پلانداڕشتنی کارو خەباتی وەرزی داهاتوو بوو کە تیایدا کۆمەڵێک راسپاردەو پێشنیازی گرنگ پەسەند کران.

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان

برۆکسل ٧-١١-٢٠١٩

ف.ق