گوندەکانی شێراوا لە ژێر تۆپبارانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەردان

دانیشتوانی گوندەکانی شێراوا هەموو رۆژێک لە ژێر تۆپبارانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردان و داوایان لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد، کە لە دژی ئەو ھێرش و تۆپبارانانەوە بوەستنەوە.

 

دوای ئەوەى عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانەوە داگیرکرا، ٦ گوندی شێراوا بە ناوەکانی برج ئەل قاس، زرنعیت، مەیاسێ، کلۆتێ، گوندەکانی مەزن و باشمەر لە ژێر گەمارۆدان. لەلایەکی ترەوە شارۆچکەکانى نوبەل و زەهرا لە ژێر کۆنترۆڵی رژێمی سوریادان و لەلایەکی ترەوە ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داگیرکراوە.

لەناوچە داگیرکراوەکانەوە دەوڵەتی تورک لەگەڵ چەتەکانیدا ناوچەکە بۆردومان دەکەن. کاتێک دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەیانەوێت بۆ پەیداکردنی پێداویستییەکانی ژیانیاندا بڕۆن لەلای شارۆچکەى نوبەل-یشەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان دەڕفێنرێن و بۆ پێدانەوەى ئۆتۆمبێلەکانیان داوای پارە دەکەن.

حەسەن حەمۆ هاوسەرۆکی ئەنجوونی گوندی برج ئەل قاس لەوبارەیەوە وتی "چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نزیک گوندەکانماندان. هەروەها مین و ئەڵغامیان لە دەورووبەری گوندەکانماندا چاندووە. لەبەر ئەوەش خەڵک ناتوانێت بە ئاسانی بە نێوان ئەو گوندانەدا بگەڕێت، یان بچنە دەورووبەری گوندەکانیان. بۆ ئەوەش ژیان لەوێ بە قورسی تێدەپەڕێت. نزیکەى ٥ هەزار و ٥٠٠ کەس لەو گوندانەدا دەژین. هەموو رۆژێک بۆردومان دەکرێن. لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئێستدا ٢ هاووڵاتی شەهید بوون. ئێمە داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، کە رێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بکەن".

بەشێک لە دانیشتوانی عەفرین، کە لە گوندی برج ئەل قاس نیشتەجێ بوون و وتیان "لەلایەکمانەوە سوپای تورکی داگیرکەر هەیە و لەلایەکی تریشمانەوە شارۆچکەکانی نوبەل و زەهرا هەیە، کە لە ژێر کۆنترۆڵی رژێمدایە. ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەڕفێنرێن. هەروەها دەرفەتی کار لەو گوندانەدا کەمن".

دانیشتوانی ئەو گوندانە داوا لە بەرپرسان دەکەن، کە هەلی کار بۆ بژێویی ژیانیان بڕەخسێنن.

ژ.ت