گەلی کەرکوک بە مەڕاسیمێکی شکۆدار شەهید مەزڵومیان بە خاک سپارد

ئێوارەی ئەمڕۆی دووشەمە گەلی کەرکوک بە مەڕاسیمێک پێشوازیان لە تەرمی پیرۆزی شەهید مەزڵوم(ئیبراهیم حەبیب) کرد و لە پاش نوێژی جەنازە، تەرمی پیرۆزی شەهیدیان لە گۆڕستانی ڕەحیماوا بە خاک سپارد.

شەهید ئیبراهیم حەبیب ناسراو بە (مەزڵوم دۆغان) گەنجێکی شاری کەرکوکە و لە ساڵی ٢٠١٧ بەشداری ڕیزەکانی گەریلای کردووە. لە پاش ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەبێتەوە شەهید مەزڵوم لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵانی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ دەکەون.

لە شەڕێکی دژواردا بەرامبەر چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و لە بەرخۆدانیەکی گەورە، شەهید مەزڵوم لە گرێ سپی دەگاتە کاروانی نەمران و شەهید دەبێت، ئەمڕۆش بە مەڕاسیمێکی شکۆدار تەرمی پیرۆزی گەڕایەوە شاری کەرکوک و بەخاک سپێردرا.

لە مەڕاسیمەکەدا لەسەر تەرمی شەهید مەزڵوم چەند پەیامێک درا لە لایەن خانەوادەی شەهید و ئەو لایەنانەی بەشداری مەڕاسیمەکە بوون، لە پاش خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە تەواوی شەهیدان، لەسەر ناوی کۆمیتەی شەهیدان چنور خان وتی:" ئەمە یەکەم شەهیدی ئێمە نیە و کۆتا شەهیدشمان نابێت، ئێمە لە پێناو وڵاتەکەمان خوێن دەبەخشین و گیان دەبەخشین. کورد بە درێژایی مێژووی خۆی شەهید و قوربانی داوە، بۆیە ئێمە سەربەرزین بە شەهید بوونی ئەم ڕۆڵەیەمان".

هەروەها لەسەر ناوی ڕێکخراوی ژنان نەجیبە عومەر وتی:"ئەمڕۆ ئێمە شەڕڤانێک و قارەمانێک بە خاک دەسپێرین، پێویستە هەمومان بزانین هەڤاڵ مەزڵوم دۆغان لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و لەسەر بنەمای یەکێتی گەلی کورد چەکی ئازادی خستە سەر شانی و بە ڕوحێکی بوێرانە ڕوبەڕوی دوژمن بۆیەوە".

لەسەر ناوی خانەوادی شەهید سیپان مەولود مامی شەهید مەزڵوم لەسەر تەرمی شەهید ڕایگەیاند:" ئێمە سەربەرزین کە ئەمڕۆ ئەم گەلە خاوەنداری لە شەهیدەکەمان کردوە، دڵنیاتان دەکەینەوە ئێمە نەوەکانی دیکەشمان دەبەخشینە ئەم خاکە و لەهەر کوێ پێویست بکات ئێمە پشتگیریان دەکەین".

مامۆستا سامان سەنگاوی لەسەر ناوی مامۆستایان ئاینی سەبارەت بە شەهید بونی مەزڵوم دۆغان وتی:" هەر کەسێک لە پێناو پاراستنی خاکەکەی بکوژرێ شەهیدە، ئەم گەنجەش لە پێناو خاک و نیشتیمانەکەی شەهید بوە بۆیە جێگاو و پاداشتێکی گەورەی هەیە. داوا دەکەم لە گەلی کورد ڕوحی نەتەوایەتی و یەکڕیزی بپارێزن و شەڕی دەوڵەتانی داگیرکەر بکەن لە ناوچەکەمان".

لە پاش تەواو بونی وتارەکان هەمو بە یەک دەنگ سۆزی خۆیان بۆ شەهیدان دوپات کردەوە و شەهید مەزڵومیان بە خاک سپارد، ڕۆژی سێشەمە و چوارشەمە پرسە و ماتەمینی بۆ دادەنرێت لە شاری کەرکوک.

ف.ق

م