گەنجانی کەرکوک نیگەرانن لە ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانی شارەکە

گەنجێکی کەرکوک دەلێت: دواکەوتنی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانمان وای کردووە دوژمنان بە ئاسانی بتوانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن.

كاتێ مرۆڤ له‌ناوه‌ندی خوێندندایه‌، جیهانی بیركردنه‌وه‌ی خۆی له‌ كۆمه‌ڵه‌ لایه‌نێكی هه‌مه‌چه‌شنی په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیری ده‌دۆزێته‌وه‌،  كه‌ هه‌ر لایه‌نه‌و گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه‌ له‌بواره‌كانی ژیاندا ، بۆیه‌ ناكرێ ژیان و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی خوێندنی پرۆگرام و زانست و زانیاری گرێ بده‌ین، چونكه‌ له‌و دیوی  فێربوون و زانست و زانیاری، جیهانێك هه‌یه‌ پێ ده‌ڵێن (په‌روه‌رده‌ی رۆشنبیری).

گەنجانی ئەم شارە هاوپەیوەست نین بە خوێندنەوە و خۆ پەروەردە کردن

هەڤاڵ دارا گەنجێکی شاری کەرکوکە، دەربارەی ڕەوشی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانی شاری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فوارت ڕاگەیاند: "دۆخی رۆشنبیری ئەم شارە دۆخێکی ناجێگیرە چونکە گەنجانی ئەم شارە هاوپەیوەست نین بە خوێندنەوە و خۆ پەروەردە کردن، گەنجانی کەرکوک زیاتر گرنگی بە لایەنەکانی دیکەی ژیان دەدەن، بۆ ئەوەی گەنجانی ئەم شارە ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری خۆیان پێشخەن پێویستە لەسەر ناوەندە رۆشنبیریەکانی ئەم شارە گرنگی بدەن بە بابەتی پەروەردەی وە ئەرکە لەسەر پەروەردەی ئەم شارە گرنگی بە بابەتی پەروەردەیی بدات."

هەروەها هەڤاڵ دارا ووتی: "بەداخەوە ناوەندە پەروەردەیەکانی کەرکوک ئامادە نەبوونە پانێلێک لەسەر دۆخی رۆشنبیری گەنجانی کەرکوک بکەن، پێویستە ئەو لایەنانەی پەیوەندیان هەیە بە گەنجەوە پاڵنەربن بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن لەم ووڵاتە خزمەت بکەن."

پێشکەوتنی گەنجان گرێدراوی پاڵنەرەکانە

لە کۆتایدا هەڤاڵ دارا دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی هۆشیار نەبوون و رۆشنبیر نەبوونی گەنجان ووتی: " هۆشیار نەبوون و رۆشنبیر نەبوونی گەنجان کۆمەڵگایەکی پیرت بۆ دروست دەبێ وەکو ئەوەی ئیستا لە کەرکوکدا هەیە، من بێ هیوا نیم لەوەی کە گەنجانی کەرکوک دەتوانن هەنگاوێک بچنە پێشەوە و خۆیان پێشخەن، بەڵام پێشکەوتنی گەنجان زیاتر گرێدراوی پاڵنەرەکانە، وە هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کەسێک نیە رێگە بە گەنجان نیشان بدات."

پیویستە ناوەندە رۆشنبیرییەکان زیاتر گرنگی بە ئەنجامدانی کۆر و سیمانار بدات

کارساز بێستون گەنجێکی شاری کەرکوکە، دەربارەی ڕەوشی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانی شاری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فوارت ڕاگەیاند: "بەراورد بە شارەکانی دیکە ئاستی رۆشنبر بوونی گەنجانی کەرکوک لە ئاستێکی خراپدایە، هۆکاری خراپی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانی کەرکوک دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە یەکێكیان سیستەمی پەروەردەیە کە سیستەمێکی بانکییە کە تەنها لەبەر کردنە، پێویستە هەفتانە وانە تەرخان بکرێت بۆ کتێب خوێندنەوە لە قوتابخانەکان، پیویستە ناوەندە رۆشنبیرییەکان زیاتر گرنگی بە ئەنجامدانی کۆر و سیمانار بۆ هەندانی گەنجان بۆ کتێب خوێندنەوە."

گەنجان زیاتر گرنگی بە یارییە ئەلکترۆنیەکان دەدەن

هەروەها کارساز بێستون دەربارەی هۆکارەکانی گرنگی نەدانی گەنجان بە خوێندنەوە ووتی: "هۆکاری دابرانی گەنجان لە خوێندنەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی گەنجان زیاتر گرنگی بە یارییە ئەلکترۆنیەکان دەدەن و کات لەو شوێنانە بەسەر دەبەن هیچ سودێکیان نیە جگە لە کات کوشتن وەکو کافتریا و چایخانەکان."

ئەمەش وا دەکات ڕاستیەکان بە ئاسانی لە گەنجان بشێوێنرێت

هەروەها کارساز بێستون ووتی: "ئاستی رۆشنبیری گەنجان بەو شێوەیە نیە کە بتوانن بەداوی زانیارییەکان بگەرێن، ئەمەش وا دەکات ڕاستیەکان بە ئاسانی لە گەنجان بشێوێنرێت لەلایەن ئەو کەسانەی ئامانجی خۆیان هەیە لەبەرێ لابردنی گەنجان و بەکارهێنانی گەنجانی بۆ مەرامەکانی خۆیان."

پشتگوێ خستنی خۆ پەروەردە کردن لەلایەن گەنجانەوە دەگەرێتەوە ئەم هۆکارانە

   محەمەد عەلی گەنجێکی شاری کەرکوکە، دەربارەی ڕەوشی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانی شاری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فوارت ڕاگەیاند: "ڕەوشی رۆشنبیری شاری کەرکوک زۆر خراپە بەتایبەتی لەلایەنی خوێندنەوە، چەندین هۆکار هەیە کار لە ئاستی رۆشنبیری هۆشیاری گەنجان دەکات بۆ نموونە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان یەکێکن لەو هۆکارانە کە گەنجان زۆر خۆیان خەریک ئەکەن پێوەی، هۆکارێیکی دیکەی پشتگوێ خستنی خۆ پەروەردە کردن لەلایەن گەنجانەوە دەگەرێتەوە بۆ سەرقاڵ بوونی گەنجان بە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان و یارییە ئەلیکترۆنیەکان."

سیستەمی خوێندن لای ئێمە نەیتوانیوە خوێندن بکات بە کلتور

 دەربارەی هۆکاری هۆشیارنەبوونی گەنجانی کەرکوک محەمەد عەلی ووتی: "ووڵاتی چین بەرهەمهێنێکی گەورەی ئامێرە مۆبایل و یاریە ئەلیکترۆنیەکان، بەڵام بەراورد کرنی ئاستی رۆشنبیری و هۆشاری گەنجانی ئێمە و گەنجانی چین دەبین گەنجانی ئەوان زۆر هۆشیارترن، هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی سیستەمی خوێندن لای ئێمە خوێندنی نەکردووە بە کلتور و هانی گەنجانی نەداوە خوێندن بکەن بە کلتور."

دواکەوتنی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانمان وای کردووە دوژمنان بە ئاسانی بتوانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن

لە کۆتایدا محەمەد عەلی ووتی: "لە ئیستادا چالاکی هەیە بۆ پێشخستنی ئاستی گەنجان بەڵام نەبوونی پاڵپشتی پێویست بۆ ئەم چالاکیانە نەتوانروە وەکو پێویست ئەم چالاکیانەی کاریگەری هەبێت، دواکەوتنی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری گەنجانمان وای کردووە دوژمنان بە ئاسانی بتوانن کاریگەری لە گەنجانمان بکەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن."

ز.ش